Accessibility links

وردەکاری گرفتە دارایی و ئابوریـیەکانی عێراق و هەرێم


وەفدێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتووگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی کێشە دارایی و ئابوریـیەکانی نێوان هەرێم و عێراق، ماوەی چەند ڕۆژێک بوو لە بەغدا بوو، بەڵام بەپـێی زانیاریـیەکان چاوەڕوان ناکرێت گفتوگۆکان، ڕێککەوتنی یەکلاییکەرەوەیان بەدوادا بێت.

هەرێمی کوردستان داوای ئەو 453 ملیار دینارە دەکات، کە عێراق پێشتر بۆ هەرێم ناردوویەتی و لە ئێستادا ڕایگرتووە، پاساوی عێراق بۆ ڕاگرتنی بودجەکە، پابەند نەبوونی هەرێمە بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیانەوە.

وەفدەکەی هەرێمی کوردستان کە لەبەغدایە، لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرێت، چەند وەزیرێکیش لەنێویاندا وەزیری دارایی ئەندامن لە وەفدەکەدا، سەرباری کۆبوونەوەیان لەگەڵ زۆرێک لەبەرپرسانی عێراق دا، بەڵام ئاماژەکان بۆ هەرێم مایەی گەشبینی نین.

شێرکۆ میروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گەر وەفدی هەرێم و بەغداش ڕێکبکەون، ڕێککەوتنەکان کاتی دەبن، لەکاتێکدا کێشەکان ڕێککەوتنی کۆتایی و یەکلایی کەرەوەیان پێویستە."

بەبڕوای شێرکۆ میروەیس، هۆکاری بە ئەنجام نەگەیشتنی وەفدی هەرێم و بەغدا، پەیوەندی بە قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوتەوە هەیە، کە هەرێم و بەغداش توشی قەیران بوون، وتی"کێشەکان ڕەهەندی سیاسیشیان هەیە، سەدامێک ڕۆیشتووە، سەدانی تر لەچاوی سەدامەوە، لەکورد و هەرێم دەڕوانن، پێیانخۆشە سزای کورد بدەن."

ڕاگرتنی بودجەی هەرێم ، لەکاتێکدایە عێراق خۆشی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، توشی قەیرانی دارایی بووە، چاوەڕوان دەکرێت لەمانگەکانی داهاتوودا، کاریگەری قەیرانەکەی بەتەواوەتی لەسەر دەربکەوێت.

عێراق مانگانە پێویستی بە نزیکەی 7 تریلیۆن دیناری عێراقی یە بۆ موچە و خەرجیەکانی، لەکاتێکدا لەمانگی 3 دا، داهاتی کۆتایی عێراق دوای لێدەرکردنی مافی کۆمپانیاکان، داهاتەکەی بۆ نزیکەی تریلیۆنێک و پێنجسەد ملیار دینار کەمیکردووە.

بەپێی بەدواداچوونێکی دەنگی ئەمەریکا، عێراق کۆمەڵێک بژاردەی لەبەردەستدایە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی دووچاری بووە، بەڵام سەرجەم بژاردەکان، گرفتی گەورەی ئابووریان بەدواوەیە.

بژاردەی یەکەم ی عێراق، کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەرانە، بەڵام بەرپرسان دەستبردن بۆ ئەم بژاردەیە تائێستا ڕەتدەکەنەوە. هەروەها دەستکاریکردنی بەهای دینار لە ڕێگەی کەم کردنەوەی ئەو بڕە دۆلارەی ڕۆژانە دەیخاتە بازاڕەوە، بژاردەیەکی تری عێراقە.

گەر عێراق ڕۆژانە بڕێکی کەمتر دۆلار بخاتە بازاڕەوە، لەمحاڵەتەدا بەهای دینار دادەبەزێ، لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت خەرجی کەمبکاتەوە و موچە بدات، بەڵام گرتنەبەری ئەم هەنگاوە کارەساتی لێ دەکەوێتەوە، بەوەی نرخی شمەک لە بازاڕدا گران دەبێت بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بەو پێیەی زۆربەی کاڵاکانی بازار هاوردەکراوی دەرەکین.

بژاردەی سێیەم، پەنابردنە بۆ هەڵاوسانی مەبەستدار، لەڕێگەی خستنەڕووی پارەیەکی زیاد لە پێویستەوە، بەمەش دەتوانێت یارمەتی هەلی کار و بوژاندنەوەی کەرتی تایبەتیش بدات، بەڵام دیسانەوە لێرەشدا بەهای دینار دادەبەزێت و توانای کڕینی پێداویستی بۆ خەڵک قورس دەبێت.

بژاردەیەکی تری عێراق، چاپکردنی دراوی زیاترە، ئەمەش دیسان هەڵاوسان دروست دەکات و بەهای دینار دادەبەزێنێ، بۆیە هەموو بژاردەکان بۆ عێراق گرفتی گەورەیان بەدواوەیە، بەو پێیەی ئابووری عێراق فشۆڵە و تەنها پشت بە نەوت دەبەستێت.

سە رچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی نێوان وەفدی هەرێم و بەغدا، کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"خراپی دۆخی دارایی عێراق، وایکردووە ئەنجامی کۆبوونەوەکان دڵخۆشکەر نەبن."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، بەغدا پێشتر داوای 250 هەزار بەرمیل نەوتی دەکرد، بەڵام ئێستا سەقفی داواکاریەکانی بەرز کردووەتەوە، داوای داهاتی خاڵە سنوریەکان و ناوخۆش دەکات، وتی"هەرێم بەمە ڕازی نابێت، بەڵام ئەگەرێکی لاواز هەیە، بەغدا بە پێدانی موچەی ئەم مانگە ڕازی بێت."

سەرچاوەکە، وتیشی"هەموو لایەنە شیعیەکان کۆکن لە سەر ڕاگرتنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق."

لەحاڵەتی ڕازی نەبوونی بەغدا بە پێدانی پشکەکەی، یەکێک لەو ڕێگە چارانەی لەبەردەم هەرێمدایە، قەرزکردنە لە کۆمپانیا نەوتیەکان، بەڵام دەستبردن بۆ ئەم بژاردە بۆ هەرێم ئاسان نیە، چونکە قەرزەکە سودێکی ئێجگار زۆری دەچێتە سەر.

بەڕای شارەزایان کەدەنگی ئەمەریکا بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە قسەی لەگەڵ کردوون، باشترین بژاردە بۆ هەرێم، کەمکردنەوەی گەندەڵی و بڕینی موچەخۆرانی "بندیدار" و بایەخ دانە بە داهاتە ناوخۆییەکانی، ئەمەش کاتی پێویست، سەرکردە و ستافی "بڕیاردەر و لێهاتوو"، دۆخی سەقامگیر و ئاسایی دەوێ.

شێرکۆ میروەیسی پەرلەمانتاری عێراق، ئاماژەی بەوەکرد سەرباری هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، هەرێم پێویستی بە بەخۆدا چوونەوە هەیە تا لەسەر پێی خۆی بوەستێ، وتی"دەبێت هەرێم لەمەودوا لەگەڵ خەڵکەکەیدا شەفاف بێت، جدی بێت لە دژایەتی گەندەڵی، هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی ناوخۆی و سودوەرگرتن لە پشتگیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بدات."

میروەیسی، وتیشی"لەم ناحەقیەی بەغدا بەرامبەر بە هەرێم دەیکات، خەڵک هەرێم بە هۆکار دەزانێت، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە شەفاف بوونە لەگەڵ خەڵکدا."

هەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتوانەکەی لەدەوروبەری 5 ملێۆن کەسدایە، نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار موچەخۆری هەیە، لەکاتێکدا بەپێی وتەی بەرپرسان، بەشێکی زۆر لە موچە خۆرەکانی بەرهەمدار نین، بەڵکو موچەخۆری "بندیدار" و کادیری خانەنیشینکراوی حیزبەکانن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:34 0:00


XS
SM
MD
LG