Accessibility links

شێرکۆ میروەیس: گروپ هەیە بەڕۆژ دەوامی لەنێو هێزەکاندایە و بەشەو بەشێکە لەتێکدان و هەڕەشە


ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرایدەکات 500 خێزانی کورد گوندەکانی دەوروبەری خانەقینیان جێهێشتووە، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی گروپە چەکدارە "گومانلێکراوەکان" بۆ سەریان.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس کە هاوکات نوێنەری کوردەکانی پارێزگای دیالەیە لەپەرلەمان، دەڵێت"گروپی چەکدار هەیە بەڕۆژ دەوامی لەنێو هێزە سەربازیەکاندایە، بەڵام بەشەو، بەشێکە لەتێکدان و هەڕەشە، دەیەوێ ناکۆکی دروست بکات، جوتیاری کورد لەسەر زەوی و زاری خۆی دەربکات."

جەختیشیکردەوە"ئەو گوندنیشینانەی لەگوندەکانیان ماونەتەوە، بەخوێنی خۆیان و بەو چەکەی لەماڵەکانیان هەیانە، بەرگریان لەخۆیان کردووە."

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین هێرشی یەک لەدوای یەک بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری خانەقین ئەنجامدراون، کە هێرشەکان بوونە هۆی گیان لەدەستدانی 6 کەس و برینداربوونی چەندین کەسی تر.

شێوازی ئەنجامدانی هێرشەکان و شوێنی هێرشەکان، گومانیان لای دانیشتوانی ناوچەکانی خانەقین دروستکردووە، بە تایبەت بەشێک لەو هێرشانە، جێ پەنجەی داعشیان پێوە دیار نەبووە.

شێرکۆ میروەیس، ئاماژەی بەوەکرد هێرشەکان زیاد لە گومانێک هەڵدەگرن، بەتایبەت خەرق کردنی هێزە عێراقیەکان لەدەوروبەری خانەقین جێی گومانن، وتی"سکاڵامان لەسەر زۆر خەڵک لەجەلەولا و ناوچەی تر هەیە، ئەو خەڵکانە پێشتر لەگەڵ داعش بوون و ئێستا لەنێو لایەنە جیاوازەکانی عێراقدان."

میروەیسی، وتیشی"هێرشەکان بەدەر نین لەو نەفەسەی بۆ تەعریب کردنەوەی ناوچەکە هەن، ئەمانە ناکۆکیەکان قوڵتر دەکەنەوە."

ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لەبەغدا، چوونەتە پارێزگای دیالە و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکەدا لەبارەی دۆخی خانەقین گفتووگۆیان کردووە، دواتر لەگەڵ پارێزگاری دیالەدا، گەڕاونەتەوە بەغدا، سەرۆک کۆمار و وەزیری بەرگری و ناوخۆی عێراقیان بینیووە.

شێرکۆ میروەیس، ڕوونیکردەوە لە گفتووگۆکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی دیالە، لێکتێگەیشتن دروستبووە، داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان سوپا و پێشمەرگەیان کردووە، کە پێشتر نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، وتی" داوای پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگەو سوپامان کرد، کە دوژمن بۆ هێرشکردنە سەر جوتیاری کورد و سوتاندنی ڕەنجەکەی بەکاری دەهێنێ."

پەرلەمانتارەکەی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد بەرنامە داڕێژراوە بۆ ئەو ناوچانەی کەمترین کێشەیان تێدایە، تا لەوێوە هەماهەنگی دەست پێبکرێ، بەتایبەت لەخانەقین جێگە و ڕێگە بۆ پێکهێنانی ژووری هەماهەنگی دابینکراوە، کاتی خۆشی نوێنەرەکانیان دەستنیشانکراون.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دروستبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەفدی کوردی و بەرپرسانی پارێزگای دیالە، ڕۆژی سێشەمە، بەشێک لە عەرەبەکانی ناحیەی جەلەولا ناڕەزایەتیان دەربڕی و گەڕانەوەی پێشمەرگەیان بۆ ناوچەکانیان بەتوندی ڕەتکردەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:56 0:00


XS
SM
MD
LG