هێزی پێشمەرگە چاودێری ئۆپەراسیۆنەکەی سوپا و هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەکات، کە ماوەی سێ ڕۆژە دەستیپێکردووە و بڕیارە سبەینێ سێشەممە ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی بێت، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت" سبەینێ نیازی حکومەتی عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان ڕووندەبێتەوە."
ئۆپەراسیۆنەکەی سوپا و هێزە ئەمنیەکانی عێراق کە لەڕۆژی شەمەوە دەستیپێکردووە، هەرچەندە بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە بە ڕێککەوتن بووە، بەڵام لەهەندێک ناوچە جۆرێک لە گرژی لەنێوان پێشمەرگە و سوپا ڕوویداوە، بەو پێیەی سوپا لە ناوچەکانی پێشمەرگە نزیک بووەتەوە و پێشمەرگەش گومانی لەو نزیک بوونەوە هەبووە.
لیوا محەمەد هەژار فەرماندەی پێشمەرگە لە سنوری قەرەتەپە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقیەکان دژی چەکدارانی داعشە، بەڵام لەهەندێک ناوچە لەبارەگاکانی ئێمە نزیک بوونەتەوە و هیچ کێشەیەک ڕووینەداوە."
وتیشی"کاتێک لە بارەگاکانی ئێمە نزیک بوونەتەوە، هیچ پرسێکیان بە ئێمە نەکردووە، بەڵام ڕەنگە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر هێڵ بووبن."
ئۆپەراسیۆنەکە لە ڕۆژی شەمەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە سبەینێ سێشەمە کۆتایی بێت، هەر سێ فەرماندەی پرۆسەکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین بەشدارن تێیدا و هێزێکی زۆریان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە کۆکردووەتەوە، بەرپرسانی پێشمەرگە چاوەڕوانی سبەینێ سێشەمەن، تا بزانن نیازی سوپا چیە، بەوەی لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا تێی ڕۆیشتووە، یاخود هێز جێگیر دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەئۆپەراسیۆنەکەی عێراق کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پێناچێت لەم قۆناغەدا، سوپای عێراق هیچ نیازێکی بەرامبەر پێشمەرگە هەبێت، گەرچی نایەوێت وەکو هێزێکی گەورە مامەڵەی لەگەڵ بکات."
سەرچاوەکە، وتیشی"مەبەست لە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ لە قاڵبدانی هەندێک گروپی میلیشیاییە، کە حکومەت گومانی هەیە ئەو هێزانە چاوپۆشی لە داعش بکەن، تا درێژە بەمانەوەیان لەو ناوچانە بدەن."
هەرچەندە میدیای کوردی، گرتەی ڤیدۆیی بەرپرسێکی کوردی بڵاوکردووەتەوە، گوایە هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕ لەدژی سوپای عێراق دەکات، گەر بێنە سنوری هێزەکانیانەوە، بەڵام لیوا محەمەد هەژار وتی"هیچ هەڕەشە و کێشەیەک ڕووینەداوە، قسەمان لەگەڵ ئامر لیواکانی سوپای عێراق دا کردووە و جەختیان لەسەر برایەتی کردووەتەوە، بەڵام هەر نیەتێکیان هەبێت، سبەینێ دەردەکەوێت."
ئۆپەراسیۆنەکەی هێزە عێراقیەکان، هاوکاتە لەگەڵ جم و جۆڵ و هێرشی چەکدارانی داعش دا بۆ سەر گوندە کوردنیشینەکان، کە تا ئێستا ناسنامەی ئەو چەکدارانەی هێرشەکان ئەنجام دەدەن، جێی مشت و مڕ و گومانە و ساغ نەبووەتەوە.