بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، قابیلی قەبوڵ نیە، پەرلەمانی عێراقیش تۆمەتبار دەکات بە قوڵکردنەوەی کێشەکان و وروژاندنی شەقامی عێراقی و بەکەرەستەی موزایەدەکردنی پشکە بودجەی هەرێم.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان محەمەد تەها، دەڵێت"چەندین دانوستانی کۆن و تازە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەیە، بەڵام پەرلەمانی عێراق بووەتە بەشێک لەکێشەکان، زۆرێک لەپەرلەمانتاران تێڕوانینی سیاسیان بۆ کێشەکان هەیە، لەکاتێکدا کێشەی نێوان هەردوو حکومەت ئیدارین."
شوان محەمەد، دەشڵێت"بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دەرهەق بەهەرێمی کوردستان سیاسی بوو، هەندێک پەرلەمانتاری کوردیش بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە، بەرەنگاری بەرژەوەندیەکانی خەڵکی هەرێم دەبنەوە."
بەرپرسی لقی بەغدای پارتی، هەرچەندە هەندێک پەرلەمانتاری کوردی ناڕازی لەئەدای هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات، بە ڕۆڵ هەبوون لە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزیەکان، بەڵام دەشڵێت"ئەو پەرلەمانتارانە ڕۆڵ و کاریگەری ئەوتۆیان نیە، بەڵام وێنەی کورد جوان نیشان نادەن، ڕەنگە ئەمەش بەسلبی بشکێتەوە، خۆ گەر کورد هەموو یەکدەنگ بین، شتێک بەئاراستەی ئیجابیەت دەگۆڕین."
بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕاگرتنی پشکە بودجەی هەرێم، لەکاتێکدایە بەشێک لەو پەرلەمانتارانەی جوڵێنەری بڕیارەکە بوون، سەربەو لایەنا عێراقیانەن کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتدا هەیە، لەو بارەیەوە شوان محەمەد وتی"سەرۆک کوتلەکان دەڵێن: پەرلەمانتارەکانمان لەژێر ڕکێفماندا نین، بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە دەستی دەرەکی و ئەجێندای وڵاتانی تێدا نەبێ، بەهەرحاڵ بۆمان دەرکەوت، پەرلەمانی عێراق بەشێکە لەکێشەکان و بەشێک نیە لەچارەسەر."
زۆرێک لەپەرلەمانتارانی عێراق هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکەن بە پابەند نەبوون بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ عێراق هەیەتی، بودجەی پێدەدرێت و لەبەرامبەردا هیچ ڕادەست ناکات، لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەدا، شوان محەمەد دەڵێت"ئەوە کێشەی نێوان دوو حکومەتە، پەرلەمان بۆ موزایەدە و وروژاندنی شەقام بەکاری دەهێنێت، ڕەنگە زۆرێک لەپەرلەمانتاران ئاگایان لەو ڕێککەوتنانە نەبێت، بۆیە کێشەکە، کێشەی نێوان دوو حکومەتە، نەک دوو پەرلەمان، وەزیفەی پەرلەمان دەرکردنی یاسا و چاودێری دام و دەزگا حکومیەکانە."
بەڵام بەشێک لەپەرلەمانتارانی عێراق ڕاگرتنی پشکە بودجەی هەرێم بە وەزیفەی خۆیان دەزانن و دەیبەنە چوارچێوەی چاودێری حکومەتەوە، بەوەی ڕازی نابن حکومەتی عێراق پارە بداتە هەرێم، بێ ئەوەی هەرێم پابەند بێت، لەو ڕووەوە، بەرپرسی لقی بەغدای پارتی وتی"گەر چاودێر بن، وەزعی عێراق لەڕووی خزمەتگوزاری و هەموو ڕوویەکەوە وا نەدەبوو، ئەوان دەستکاری پرۆژەکەی حکومەتیان کردووە و بڕگەیەکیان بۆ زیادکردووە."
لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی بەغدای پارتی، ڕوونیکردەوە عێراق لەقەیرانی داراییدایە، بەڵام ئەو دژایەتی و زوڵمەی لەهەرێم دەکرێت قابیل قەبوڵ کردن نیە، وتی"حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە لە ڕۆژانی داهاتوودا، وەفدێک بۆ دانوستان بنێرێتە بەغدا، لەڕووی مەبدەئیەوە لێکگەیشتن لەنێوان هەردوو حکومەت هەیە."