پەرلەمانی عێراق بەرنوسی یاسایەکی نوێی پەسەند کردووە کە دەرفەت دەدات بە حکومەتی وڵاتەکە تا قەرز وەربگرێت وەک بەشێک لەو هەوڵانەی دەیدات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و ئابوری عێراق.
دەگوترێت قەیرانی ئابوری و دارایی عێراق بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە دووچاری ئەم وڵاتە بۆتەوە.
حکومەت داوای 35 ملیار دۆلاری قەرز دەکات، بەڵام پەرلەمانی عێراق تەنها بڕی 10 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری پەسەند کردووە تا حکومەتی نێوەندی قەرز لە بانکە بیانی و ناوخۆییەکان وەربگرێت.
بەهۆی ناکۆکی و کێشە سیاسی و ئاسایشییەکانەوە، پەرلەمانی عێراق شکستی هێنا لەوەی بەرنوسی بودجەی ساڵی 2020 پەسەند بکات.
ئەم قەرزانەی وەریشیان دەگرێت بەپێی ڕای زۆرێک لە چاودێر لەوانەیە هەر تەنها تا کۆتایی ئەمساڵ بەشبکات و حکومەتی نێوەندی بتوانێت وابەستە داراییەکانی خۆی پێبەڕێوەبەرێت، لەوانە دانی موچەی فەرمانبەران.
ناکۆکییەکان لەناو پەرلەمانی عێراقدا هێندەی تر قوڵبوونەوە، پاش ئەوەی نوێنەرانی کورد لە پەرلەماندا قایل نەبوون بەو بەندەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق ببەسترێنەوە بە گێڕانەوەی داهاتی نەوتی هەرێم وەک مەرجێک تا شایستە داراییەکانی بۆ بنێردرێت.
ئەم ناکۆکییە جارێکی تریش مشتومڕێکی توند و ڕەقی لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست کرد و ناکۆکییەکانی لەناو هەرێمی کوردستانیشدا زەقتر کردنەوە و شەڕە گوتاری میدیایی و شەڕی ناو فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هێندەی تر گەرم کرد.
میوانی بەرنامە:
ڕێبین فەتاح، نوسەر و لێکۆڵەر
بەشێک، تەواوی هۆکارەکانی ئەم گێرمەوکێشانە دەبەنەوە بۆ وەک دەڵێن "سیاسەتە شکستخواردووەکەی ئابوری سەربەخۆ" لە کاتێکدا بەشێکی تر دەیبەستنەوە بە هەڵوێستی بەغداوە و وەک دەڵێن "بەغدا دەیەوێت سزای کورد بدات و سەرچاوەکانی ئەم ڕەفتارانەی بەغدا شۆڤینیزمی عەرەبییە لە عێراقدا."
ئەوەی جێی سەرنجە تا ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیەش، هەوڵێکی ڕژد لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بەدی ناکرێت بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەکی هاوبەشی کارکردن لە نێوان ئەم دوو گوتارەدا، بەڵکو بە پێچەوانە یەک ئەوی تریان گوناهبار دەکات و کەوتوونەتە کێڵانەوەی برینەکانی یەکتر.
دوابەدوای پەسەندکردنی ئەو بەرنوسە، ژمارەیەک کۆبوونەوەی بە پەلە لە هەرێمی کوردستاندا کران، بەڵام نازانرێت ئایا ئەو کۆبوونەوانە دەچنە خانەی هەوڵ بۆ چارەسەرکردن یان نا، لەو ڕوانگەیەوەی کۆبوونەوەی بە پەلە بەرەنجامی بە پەلە بەدوای خۆیدا دێنێت.
ئەو یاسا پەسەندکراوەی پەرلەمانی عێراق، ئابورییە و پەیوەندیشی بە ڕەوشی دارایی عێراقیشەوە هەیە، بەڵام هەرگیز ناکرێت ڕەهەندە سیاسییەکانی پشت ئەم یاسایە فەرامۆش بکرێن و نادیدە بگیرێن.
کورد بە گشتی و لایەنە سیاسییەکانی کوردیش بە تایبەتی، دۆستیان لەناو عەرەبی شیعە و سوننەی عێراقدا هەن، بەڵام ئەوەندی بەرژەوەندی ئەم دۆستایەتییەی پێکەوە گرێداوە، هێندەی تر بنەماکانی تری دۆستایەتی ئامادەییان نییە.
ڕێبین فەتاح، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بەم پرسە هەن دەداتەوە.