لە دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح بە سەرۆکی عێراق هەڵبژێردرا، عادل عەبدولمەهدی ڕاسپارد بۆ پـێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە.
لەو بارەیەوە دکتۆرە جوان ئیحسان ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت "کەسایەتی عادل عەبدولمەهدی لە لایەن شیعە و کورد و عەرەبی سونەشەوە گونجاوە، ئەگەر لایەنە سیاسیەکان بەربژاریان کردبێت، یاخود لە نێو ماڵی شیعەوە."
پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی دوای ململانێیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، چی بەسەر دێت؟ لەو بارەیەوە جوان ئیحسان وتی "ڕەنگە ساردبوونەوەی تێبکەوێت، بەڵام پۆستێک نابێتە ئەو هۆکارە، هێشتا یەکێتی خۆمان بە دۆست وهاوپەیمانی پارتی دەزانین."
ئەگەرێک هەیە کە پارتی بە 21 کورسییەوە بەشداری لە حکومەتی عێراقیدا نەکات، ئەم پەرلەمانتارەی یەکێتی، ئەوە بە موجازەفە ناودەبات "پارتی دیموکرات گەورەترین حیزبی عێراقییەو خاوەنی مێژوویەکی کۆنەو پشک داری سەرەکییە لە دروستکردنی عێراقی نوێدا، لە ئەگەری بەشداری نەکردنیان، هەرچەندە بە دووری دەزانم بڕیاری وا بدەن، کاردەکاتە سەر نائارامی سیاسی لە عێراق و هەرێمیش، هیچ لایەکیش ئەوە ناخوازێت."
سەبارەت بەو پۆستانەش کە پشکی کورد بووە، ئایا پۆستەکانی پارتی دیموکرات یەکێتی کاندیدی بۆیان دەبێت، ئایا پۆستی وەزارەتی دەرەوە کە لە کابینەکانی پێشوو بەدەستی کوردەوە بووە، ئەگەر هەیە کورد بەدەستی بهێنێتەوە. لەو بارەیەوە دکتۆرە جوان دەڵێت "مەحاڵە پۆستی وەزارەتی دەرەوە بدرێت بەکورد، بەڵکو دەدرێتە کەسایەتییەکی عەرەب وەک ئەوەی زۆربەی خەڵکی عێراق لە نەتەوەی عەرەبە."