Accessibility links

بەرپرسێکی گروپێکی چەکداریی سەر بە ئێران لە عێراق دەڵێت خوازیاری فەراوانترکردنی گرژییەکانی ناوچەکە نین


یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی گرووپێکی چەکداری لە عێراق کە ئێران پشتیوانی لێدەکات، ڕۆژی شەممە 3ی مانگی دوو ڕایگەیاند کە ئەو گرووپە نایەوێت گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیاتر بکات.

گوتەبێژی گرووپی بزووتنەوەی نوجەبا حوسەین ئەل موسەوی، کە گروپە چەکدارییەکەی یەکێکە لە سەرەکیترین گروپەکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا، لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتید پرێس لە بەغداد سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکای کرد و وتی " واشنتن دەبێت لەوە تێبگات کە هەر کارێک کاردانەوەی دەبێت." بەڵام دواتر وتی "ئێمە نامانەوێت پەرە بە گرژییەکان بدەین یاخود گرژییەکانی ناوچەکە فراوانتر بکەین."

موسەوی وتی ئەو ناوچانەی کە لە عێراقدا کرانە ئامانج بە شێوەیەکی سەرەکی "لە کاتی هێرشەکەدا چەکداران و سەربازانی لێنەبوون." ئاماژەی بەوەدا ئەوەندە زیانێکی گەورەی لێنەکەوتووەتەوە و تاوەکو بیانوو بهێنێتەوە بۆ وەڵامێکی بەهێز.

دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا وتی کوژراو هەبوون بەهۆی هێرشەکانەوە، بەڵام ژمارەیەکی دیاریکراوی نەدا. بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدولڕەحمان وتی لە هێرشەکانی سەر سوریادا 23 کەس کوژراون.

وتەبێژی حکومەتی عێراق باسم ئەلعەوادی وتی هێرشەکان لە عێراق لە نزیک سنووری سوریا بوونەتە هۆی کوژرانی 16 کەس و هاووڵاتیانی سڤیلیشیان تێدایە، وتیشی " زیانێکی گەورە " بە ماڵ و موڵکە تایبەتەکان گەیشتووە.

بەرپرسێکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە وتی بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان بۆ زیانی هێرشەکان، ئەمەریکا لە هەموو ئەو ئامانجانەی داوە کە پلانی بۆ دانابوون و " چەند ئامانجێکی جووڵاویش " لە ناکاو دەرکەوتوون و لێیان دراوە، لەوانەش شوێنێکی موشەکی زەوی بۆ ئاسمان و شوێنەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان. بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بەوە نەدا بە دیاریکراوی چەند کەس کوژراون.

ڕۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتی بانگی بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد دەکات، ئەوەش بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین دژی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر " شوێنەکانی سوپای عێراق و هاووڵاتییانی سڤیل."

وتەبێژی حکومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و وتی پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق بوون، بە تایبەتی بەهۆی ئەوەی کە هەندێک لە هێرشەکان دامەزراوەکانی حەشدی شەعبییان کردووەتە ئامانج. حەشدی شەعبی هاوپەیمانییەکی نێوان ئەو گروپە چەکدارییانەیە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا چووە ناو شەڕەکەوە دژ بە داعش، حەشدی شەعبی بە فەڕمی خرایە ژێر چەتری سوپای عێراقەوە.

حەشدی شەعبی وتی یەکێک لەو شوێنانەی کە کراونەتە ئامانج بارەگایەکی ئاسایشی گروپەکە بووە. لەگەڵ ئەو 16 کەسەدا کە کوژراون، حەشدی شەعبی وتی 36 کەسی دیکە برینداربوون. وتی " هێشتا گەڕانەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی لاشەی ژمارەیەک لەوانەی بێسەروشوێن بوون."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG