سەرچاوە ئاسایشییەکانی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند چەند کەسێکی نەناسراو بە چەکی بێ دەنگ هێرشیان کردۆتە سەر خۆپیشاندەرێک لەناوەڕاستی شاری بەغداد لەنزیک گۆڕەپانی مانگرتنی سەرەکی خۆپیشاندەران، لەکاتێکدا سێ خۆپیشاندەری دیکە لە چەند ناوچەیەکی جیاواز لە پایتەختی وڵاتەکە دیارنەماون.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە بەغدادی پایتەخت دەڵێت چەند چەکدارێک خۆیان بە خێوتگەی خۆپیشاندەراندا کردوە لە گۆڕەپانی تەحریر و یەکێک لە خۆپیشاندەرانیان بە چەکی بێدەنگ کوشتووە.
هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت لە مانگی 10 ساڵی پارەوە نزیکەی 550 کەس کوژراون کە زۆرینەیان گەنج بوون و نزیکەی 3 هەزار کەسیش برینداربوون.
فشاری ناڕەزایی خۆپیشاندەران لەو چەند هەفتەیەی پێشوودا لە داوای دەست لەکارکێشانەی چینی دەسەڵاتدار لەناو حکومەتدا خۆی دەبینیەوە سەرباری توندوتیژی لەبەرامبەر خۆپیشاندەران و هەڕەشە لێکردنیان بەڵام خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی مانگرتن لەبەغدادو شارەکانی دیکەی عێراق بەردەوامن.
چالاکوانانیش باس لە ڕفاندن و کوشتنی چالاکوانان دەکەن لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا، کە تا ئێستاش ئەنجامدەرانی ئەو کارە توندوتیژیانە دەستگیرنەکراون.
ئاژانسی مافەکانی مرۆڤی سەر بەحکومەتی عێراق هەفتەی پێشوو ڕایگەیاند تا ئێستا 2700 چالاکوان دەستگیرکراون و 300 یان هێشتا دەستبەسەرن.