Accessibility links

هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە دەچێت


ڕۆژی دووشەممە عێراقییەکان دوای 10 ساڵ لە یەکەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەنگییاندا، پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنەکان باڵادەستی گروپە شیعەکانی لایەنگری ئێران پتەوتر بکات.

دەنگدانەکە لە کاتێکدایە کە کەمتەرخەمی و نائومێدی سیاسی بەربڵاوە لەو وڵاتە دەوڵەمەندە بە نەوتە و دانیشتوانە 43 ملیۆن کەسییەکەی هێشتا پاش چەندین ساڵی جەنگ نەهاتوونەتەوە سەرخۆ و بە دەست گەندەڵییەوە دەناڵێنن.

بەرپرسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان عومەر ئەحمەد بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند تاوەکو نیوەڕۆ تەنها لە سەدا 17 ی خەڵکەکە دەنگییان داوە، هەروەها داوای لە دەنگدەران کرد سەردانی سندووقەکانی دەنگدان بکەن و " یارمەتیدەر بن لە سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا."

دەنگدانەکە بە تاقیکردنەوەیەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی کە ساڵێک لەمەوبەر بە پشتیوانی پارتەکانی لایەنگری تاران دەسەڵاتی گرتەدەست.

دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن لە ساڵی 2003 دا، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دامەزرا، سودانی دوای دەنگدانی لە بەغداد ستایشی ئەنجومەنەکانی کرد وەکو " پایەیەکی دەسەڵاتی جێبەجێکار " کە یارمەتی حکومەت دەدەن لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیدا.

سودانی بەڵێنیداوە خزمەتگوزارییە گشتییەکان زیاد بکات و ژێرخانی عێراق دووبارە بونیاد بنێتەوە کە بەهۆی دەیان ساڵ لە ململانێ و ناسەقامگیرییەوە تێکچووە.

داوای لە عێراقییەکانیش کرد نوێنەری " ڕاستگۆ " هەڵبژێرن. نزیکەی 17 ملیۆن کەس شیاون بۆ دەنگدان، 6000 کاندیدیش هەن بۆ تەنها 285 کورسی ئەنجومەنەکان.

بەڵام زۆرێک لە دەنگدەرانی وڵاتەکە هەڵبژاردنەکانییان زۆر بەلاوە گرنگ نییە.

ئەبوعەلی تەمەن 45 ساڵ کە شۆفێری تەکسییە لە بەغداد وتی " سوودی ئەم هەڵبژاردنانە بۆ ئێمە چییە؟"

وتی " ساڵەکان تێدەپەڕن و هەڵبژاردنەکان دێن و دەچن، کاندیدەکان دەگۆڕێن، بەڵام بارودۆخمان هەر وەکو خۆی ماوەتەوە."

ئەمین ساڵحی تەمەن 63 ساڵ لە کاتی دەنگدانیدا بە ئومێدەوە بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ئەگەر من نەیەم و دەنگ نەدەم، کەسی دیکەش دەنگ نەدات، بێسەروبەری دروست دەبێت. پێویستمان بە کەسێکە نوێنەرایەتیمان بکات. ئەوە جگە لە دەنگدان چۆن دەکرێت؟"

هەڵبژاردنەکان لە 15 پارێزگا بەڕێوەدەچن، بەڵام لە سێ پارێزگاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەناچن.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت بڕیارە کاتژمێر 6 ی ئێوارە دەنگدانەکە کۆتایی بێت، پێشبینی دەکرێت ئەنجامە سەرەتاییەکان دوای 24 کاتژمێر ڕابگەیەندرێن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG