Accessibility links

خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە سوتانی قورئان لەبەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا برینداری لێ دەکەوێتەوە


بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەمبەر سوتانی قورئانی پیرۆز لە ستۆکۆڵمی پایتەختی سوید، خۆپیشاندانێک لەبەردەم باڵێۆزخانەی سوید لە بەغدای پایتەختی عێراق ڕوویدا و بە پێی سەرچاوە ئاسایشییەکان پۆلیسێک و حەوت خۆپیشاندەر برینداربوون.

ڕاسمس پڵودن سیاسەتمەداری ڕاستڕەوی توندڕەوی سویدی-دانیمارکی ڕۆژی شەممە لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە پایتەختی سوید ئاگری لە پەڕەی قورئان بەردا.

ئەم هەنگاوەش ناڕەزایەتیەکی زۆری لە نێو موسوڵماناندا لێ کەوتەوە.

کاربەدەستێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە نەیوستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێسی گوتووە ڕۆژی دووشەممە پۆلیسی عێراقی ڕووبەڕووی نزیکەی 400 خۆپیشاندەر بوونەوە کە هەوڵیان دەدا لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سوید نزیک ببنەوە.

لەمیانی گردبوونەوەکەدا کە لەلایەن گروپە لایەنگرەکانی ئێرانەوە ڕێکخرابوو، خۆپیشاندەران دروشمی "نا بۆ سوید، بەڵێ بۆ قورئان"یان بەرزکردەوە. لە کاتێکدا کە پۆلیس هەوڵیان دەدا خۆپیشاندەران نەیەنە پێشەوە، توندوتیژی دروست بوو.

بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، "خۆپیشاندەران بەردیان دەگرتە پۆلیس و ئەوانیش بە تێڵا لە خۆپیشاندەرانیان دەدا." ئاماژەی بەوەشکرد، حەوت خۆپیشاندەر و پۆلیسێک برینداربوون.

زۆرێک لە وڵاتانی موسوڵمان توڕەبوونی خۆیان لەمەڕ ئەو سوتانی قورئانە ڕاگەیاند، کە ئۆلف کریستەرسۆن سەرۆک وەزیرانی سوید وەک "بێڕێزییەکی قووڵ" ئیدانەی کرد.

ئەم کارەی پڵودن لە ستۆکۆڵم گرژی و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ تورکیادا دروستکردووە، لەکاتێکدا سوید چاوەڕوانی ئانکەرە دەکات بۆ پەسەندکردنی داواکارییەکەی بۆ بەشداری کردن لە هاوپەیمانی ناتۆ.

لە سوریای دراوسێ عێراق، لە شارۆچکەی ئەلباب لە باکووری ئەو وڵاتە کە لەژێر دەسەڵاتی سەربازانی تورکیادایە، چەند سەد کەسێکیش بەهەمان هۆکار ڕۆژی دووشەممە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ئاڵای سویدیان سووتاند و دروشمی دژە سویدیان وت.



XS
SM
MD
LG