دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵوی تورکیا لە زاری وەزیری وزەی تورکیا ئەلپەرسلان بەیرەکتارەوە بڵاویکردەوە تورکیا دەیەوێت هێڵی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا بەوپەڕی توانایەوە کاربکات دوای ئەوەی هەناردەکردنی نەوتەکە لە ڕێی چیهانی تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە.
لە مانگی سێی ساڵی 2023 دا هێڵەکە لەلایەن تورکیاوە ڕاگیرا دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ئەنکەرە کرد بڕی 1.5 ملیار دۆلار وەکو قەرەبوو بدات بە بەغداد لەسەر هەناردەکردنی نەوت بەبێ مۆڵەت لە نێوان ساڵەکانی 2014-2018 دا.
تورکیا لە کۆتایی ساڵی 2023 ەوە وتوویەتی ئامادەیە کارەکانی هێڵی بۆریی نەوتەکە دەستپێبکاتەوە، کە نەوتەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگوازێتەوە. مانگی ڕابردوو بەیرەکتار بە ڕۆیتەرزی وت کە ئەنکەرە هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەڕمی بە دەست نەگەیشتووە لەسەر دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکانی هێڵەکە.
ڕۆژی هەینی هەشت کۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن وتییان هەناردەکردنی نەوت لە ڕێی چیهانی تورکیاوە دەستپێناکەنەوە، ئەمەش سەرەڕای ڕاگەیاندنەکەی بەغداد لەسەر ئەوەی کە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت نزیک بووەتەوە.
بەیرەکتار وتی " هێڵی بۆرییەکە ساڵ و نیوێکە ئامادەیە. دەمانەوێت هێڵی بۆری نێوان عێراق و تورکیا بە تایبەتی ئەو دوو هێڵە بۆرییە 650 کیلۆمەترە لە سیلۆپی ئێمەوە بۆ چیهان بەکاربهێندرێن."
وتی " دەمانەوێت هەندێک لەو نەوتەی کە بەم هێڵەدا تێپەڕ دەبێت بچێت بۆ پاڵاوگەکەی کیرکالی، هەروەها لە ڕێی کەشتییەکانیشەوە لە ڕێی چیهانەوە بگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەکان لە تورکیا یاخود پاڵاوگە جیاوازەکانی جیهان، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەوپەڕی توانای هێڵەکە بەکاربهێندرێت."
وتیشی پڕۆژەی ڕێگای بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق کە بە پڕۆژەی گەشەپێدانی ڕێگا ناسراوە، دروستکردنی هێڵێکی بۆریشی لە خۆگرتووە کە دەگاتە کەنداوی فارس بۆ ئەوەی نەوتی عێراقی لە ڕێی تورکیاوە بگاتە بازاڕەکانی جیهان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز