Accessibility links

دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و دۆخی ناسەقامگیری عێراق


پەرلەمانی عێراق دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراقی پەسەند کرد، کە ناوبراو شه‌مه‌ دەست لەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی پێشکەش کردبوو.

لەدانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەمەی پەرلەمانی عێراق دا، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان نامەی دەست لەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی خوێندەوە، دواتر پەرلەمانتاران بە کۆی دەنگ کە 240 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون، دەست لەکارکێشانەوەکەیان پەسەندکرد.

شێرکۆ میروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەدەنگی ئەمەریکای، گوت"عادل عەبدولمەهدی کرایە قوربانی کێشە کەڵەکە بووەکانی 15 ساڵی رابردووی عێراق، دەست لەکارکێشانەوەشی کێشەکان چارەسەر ناکات."

گوتیشی"تازە دەست لەکارکێشانەوەی بووەتە خواستی جەماوەر، بۆیە کوتلەکان ، قەبوڵیان کرد."

کورد دڵنیابوو لە کۆتایی هاتنی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی، بەڵام لە پێناو "بریندارنەکردنی" عادل عەبدولمەهدی کە بەدۆستی خۆی دەزانێت، نەیویست بچێتە پاڵ ئەو لایەنانەی کە دژی حکومەتەکەی بوون.

هەرچەندە کورد دەیویست دڵی عادل عەبدولمەهدی ڕابگرێت، بەڵام ناوبراو دەست لەکارکێشانەوەکەی ڕاستەوخۆ ئاراستەی پەرلەمان کرد، لەبری ئەوەی لە رێگەی سەرۆکایەتی کۆمارەوە داواکەی پیشکەش بکات، کە چاودێران ئەمە بە ئاماژەیەک بۆ نیگەران بوونی ناوبراو لە سەرۆک کۆمار لێکدەدەنەوە.

حەسەن جیهاد ڕاوێژکار لەسەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئاماژەی بەوەکرد پاساوی عادل عەبدولمەهدی ئەوەبووە کە ڕاوێژی بەدادگای فیدرالی کردووە، ئەوان لاریان نەبووە لەوەی راستەوخۆ داوای دەست لەکارکێشانەوە بداتە پەرلەمان، چونکە پەرلەمان هەڵیبژاردووە.

سەبارەت بە قۆناغی دوای عەبدولمەهدی، حەسەن جیهاد باسی لەوەکرد حکومەتی کاربەڕێکەر پێکدەهێنرێ، تا ئەوکاتەی لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەڵبژاردن دەکرێت.

چاوەر‌وان دەکرێت هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق گەر ئەنجام بدرێت، لەبری کۆمیسیۆنی ئێستای هەڵبژاردنەکان کە بە پشک پشکێنەی حیزبی پێکهێنراوە، لیژنەیەکی 11 کەسی لە دادوەر و پسپۆڕی بێ لایەن سەرپەرشتی بکەن.

ئەگەرچی عادل عەبدولمەهدی لەسەر داوای خۆپیشاندەران دەستی لەکارکێشاوەتەوە، بەڵام خۆپیشاندەران بەردەوامن لە دەربڕینی نارەزایەتی و داوای چاکسازی بنەڕەتی دەکەن، بۆیە هێشتا داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق ناڕوونە.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، پێیوایە ئەو چینە سیاسیەی کە 17 ساڵە حوکمی عێراق دەکەن، خەڵک لێیان ناڕازیە و دەیەوێت دووریان بخاتەوە، گوتی"کەچی ئەم چینە خۆیان دەیانەوێت لە رێگەی پەرلەمانەوە هەندێک رێوشوێن بگرنە بەر، هەر عەینی جەماعەت دەیانەوێ یەکێکی تر لە خۆیان دابنێنەوە، خەڵکیش بەمە ڕازی نیە."

گوتیشی"وەزعی عێراق وەزعێکی تەواو ناسروشتیە، کەس نازانێت بۆ کوێ دەڕوات."

گەر رێوشوێنی لایەنە عێراقیەکان توڕەیی جەماوەر هێور نەکاتەوە، ئەوا ڕەنگە دۆخەکە بەرەو ناسەقامگیری زیاتر بڕوات، بەو پێیەی خەڵکی عێراق هێندە توڕەن، تەنانەت هەوڵی سوتاندنی گۆڕی کەسایەتیە شیعەکانیش دەدەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:36 0:00


XS
SM
MD
LG