دووا بە دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە پێدانی دەسەڵات بە سەرۆک وەزیرانی دەست لە کارکێشاوەی عێراق و دەرکردنی هێزە بیانییەکان، ئەو بڕیارە و کۆبوونەوەی پەرلەمانتارە شیعەکان، پەرچەکرداری زۆری بە دوای خۆی هێنا، بە تایبەتی ئەمریکا بە نیازە سزای ئابووری عێراق بدات، ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت.
لەم راپۆرتەدا بە پشت بەستن بە وەڵامەکانی ئەندام پەرلەمان لە سەر لیستی هاوپەیمانی هێزەکانی نەینەوا ئینتیسار جبوری کە پێی وایە ئەو بڕیارە بە تەنها بڕیاری شیعەکانەو بڕیارێکی عێڕاقی نییە "نەسونەو نە کورد بەشداری دانیشتنەکەیان نەبووین."
ئەم ئەندام پەرلەمانەی سونە کە خۆشی یاساییە، لای وایە ئەم کارەی کردیان هەڵدانی تۆپەکەیە لە گۆڕەپانی ترەوە بۆ ناو ئەنجومەنی نوێنەران، دەشڵێت "خۆ دزینەوەیە لە ئەرک و بەرپرسیارێتی، هەروەها ناشکرێتە یاسا، حکومەتی کاربەڕێکەریش توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکەوتنەی نییە. پاشان بە پێی رێکەوتنەکە دەبێت لایەنی بەرامبەر بەر لە ساڵیک ئاگادار بکەیتەوە، جگە لەوەش هێشتا چەندین خاڵ لەو رێکەوتنە هەن کە جێبەجێ نەکراوە."
بەرای ئەم ئەندام پەرلەمانەی سونە ئەوە خواستی شەقام و خۆپیشاندەرانیش نییە، دەشڵێت "ئەوە خواستی هەندێ سەرکردەی شیعەیە بۆ رازی کردنی ئێران، بەڵام ئێران وڵاتێکە لە ئسوڵی ئەو رێکەوتنانە دەزانێ کە ئاوها هەڵناوەشێتەوە."