Accessibility links

سه‌عد حه‌دیسی:حكومه‌تی عیراق پابه‌نده‌ به‌ ناردن و گه‌یاندنی موچه‌ به‌فه‌رمانبه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌رێم


سەعد حەدیثی
سەعد حەدیثی

سه‌عد حه‌دیسی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی عیراقی له‌میانه‌ی گفتگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایده‌گه‌یه‌نێت،حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقی پابه‌نده‌ به‌ پێدانی موچه‌ به‌فه‌رمانبه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌رێم،ئه‌و پڕۆسه‌ی وردبینیه‌ش كه‌ له‌لیستی ناوی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمدا ده‌كرێت له‌ئه‌نجامدا بۆ ده‌سته‌به‌ركردن و پێدانی موچه‌یه‌ به‌و فه‌رمانبه‌ره‌ ڕاسته‌قینانه‌ی كه‌ له‌ڕاستیدا ده‌وام له‌یه‌كێك له‌فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كاندا ده‌كه‌ن،هه‌روه‌ها ده‌شڵێت"دوای پڕۆسه‌ی وردبینی هه‌وڵ ده‌درێت میكانیزمێكی یاسایی و ده‌ستوری بدۆزرێته‌وه‌ بۆ گه‌یاندنی موچه‌ به‌فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان."

ماوه‌ی مانگێكه‌ ده‌نگۆی پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆته‌ هه‌واڵی گه‌رم بۆ فه‌رمانبه‌ران و موچه‌ خۆرانی هه‌رێمی كوردستان،كه‌م ڕۆژ هه‌یه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیش له‌ڕێگای پۆسته‌كانیه‌وه‌ له‌تۆڕێ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دابین كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ وه‌ك مژده‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بڵاو نه‌كاته‌وه‌،به‌ڵام پێش پێدانی موچه‌كانیان له‌ئێستادا حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق لیژنه‌ی هونه‌ری هاوبه‌شی له‌ نێوان وه‌زاره‌ته‌كانی به‌غداد و هه‌ولێردا دروست كردوه‌ و له‌ئێستاشدا له‌هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ وردبینی له‌ناوی فه‌رمانبه‌راندا ده‌ستپێكراوه‌.

سه‌عد حه‌دیسی وته‌بێژی فه‌رمی حكومه‌تی عیراقی له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی"ئه‌و پڕۆسه‌ی وردبینیه‌ی ده‌كرێت له‌ ئه‌نجامدا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌موچه‌ دابین بكه‌ین بۆ ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی ڕاسته‌قینه‌ن ،نه‌ك بۆ ئه‌و لایه‌ن و كه‌سانه‌ی كه‌ ڕاسته‌قینه‌ نین و شایسته نین كه‌ خزمه‌تی حیزبی یا سیاسیان هه‌یه‌ به‌ڵام له‌فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومه‌تدا ده‌وام ناكه‌ن."

حه‌دیسی وتیشی" ماوه‌ی سێ ساڵه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی پڕۆسه‌ی وردبینی كردن و پێداچونه‌وه‌ی به‌ناوی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی ناوه‌ندی و ته‌نانه‌ت حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان ده‌ست پێكردووه‌،له‌پڕۆسه‌ی وردبینیدا كه‌ كاری لیژنه‌ هونه‌رییه‌كانه‌ چه‌نده‌ها ناوی وه‌همی یاخود ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌موچه‌یان له‌دوو وه‌زاره‌ت هه‌یه‌

پێشتر سه‌فین دزه‌یی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو"گه‌ر هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غداد وتی من موچه‌ ده‌ده‌مه‌ فه‌رمانبه‌ران و موچه‌ خۆرانی ته‌ندروستی یا په‌روه‌رده‌ ڕاسته‌وخۆ بێ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ به‌ڕاستی ئه‌و گه‌مه‌یه‌ نابێت به‌هه‌ست و قوتی خه‌ڵك بكرێت."

به‌ڵام سه‌عد حه‌دیسی وتی"ئێستا باسی شێوازی گه‌یاندنی موچه‌ به‌فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ناكه‌ین،دواجار ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت موچه‌ بده‌ینه‌ فه‌رمنبه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ كه‌ كار له‌دامه‌زراوه‌ و فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومی هه‌رێمدا ده‌كه‌ن ،دوای پڕۆسه‌ی وردبینیش هه‌ڵده‌ستین به‌ دیاریكردنی شێوازی گه‌یاندنی موچه‌كان"

وتیشی"به‌ڵام ئه‌مه‌ش(شێوازی پێدان و گه‌یاندنی موچه‌ به‌فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم) له‌ئێستادا جێی مشتومڕه‌ ئایا بدرێته‌ پارێزگاكان به‌ڕاسته‌وخۆ؟ یا حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێم هه‌ماهه‌نگی بكات بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ به‌ میكانیزمێكی دیاریكراو به‌واتای په‌یوه‌ندی ڕاسته‌خۆی له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌شێوازی ڕاسته‌وخۆ ،هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌دوای كۆبونه‌وه‌ و دانیشتنه‌ ته‌كنیكیه‌كان یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ تیمه‌ هاوبه‌شه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن."

وته‌بێژی حكومه‌تی عیراقی له‌گفتوگۆكه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا چه‌ند جارێك وتی"له‌ئه‌نجامدا ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تی ناوه‌ندی هه‌وڵ ده‌ده‌ین و پابه‌ندین به‌ دابین كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هه‌روه‌ك چۆن بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی عیراق موچێ بۆ فه‌رمانبه‌ران دابین ده‌كه‌ین"

حه‌دیسی وتیشی"هۆكاری پێنه‌دانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ماوه‌كانی ڕابردوودا هۆكاری ئه‌و سیاسه‌ته‌ تاكڕه‌وانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بوو به‌تایبه‌ت له‌كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم و كه‌ركوك دوور له‌ ویستی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق،هه‌موو ئه‌وانه‌ش بوه‌ هۆی دروست بونی ئه‌و قه‌یرانانه‌ و پێنه‌دانی موچه‌."

له‌باره‌ی كاتی پێدانی موچه‌ به‌فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم وته‌بێژی حكومه‌تی عیراقی وتی"وه‌ك وتم شێوازی پێدانی موچه‌كانیش داده‌نێین بۆ دوای ته‌واو بوونی پڕۆسه‌ی وردبینی هه‌وڵ ده‌درێت میكانیزمێكی یاسایی و ده‌ستوری بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ گره‌نتی مافی هه‌موو ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ ڕاسته‌قینانه‌ی هه‌رێم بكات بۆ دابه‌ش كردن و گه‌یشتنی موچه‌كان پێیان "

XS
SM
MD
LG