Accessibility links

لیسته‌كه‌ی عه‌بادی مه‌رجی بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی و حكومه‌تی نوێی عیراق ڕاگه‌یاند


حه‌یده‌ر عه‌بادی-له‌كاتی ده‌نگدان له‌ بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان-به‌غداد
حه‌یده‌ر عه‌بادی-له‌كاتی ده‌نگدان له‌ بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان-به‌غداد

حسین ده‌روێش عادلی وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نه‌سر كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات ده‌ڵێت"ده‌رگامان كراوه‌یه‌ به‌ڕووی لیسته‌ عیراقی و كوردییه‌كاندا بۆ به‌ستنی هاوپه‌یمانی، هاوكات باس له‌مه‌رجه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی ئاینده‌ی عیراق ده‌كات."

حسێن ده‌روێش عادلی له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆكه‌ی له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی بۆچونیان له‌سه‌ر ئه‌نجای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق وتی"ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ك لیستی نه‌سر وه‌ سه‌رۆكی لیسته‌كه‌ش داوامان له‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عیراق كرد كه‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن قبوڵ بكه‌ن وه‌ به‌پێی ئه‌و ڕێ و شوێنه‌یاساییانه‌ی یاسا دیاریكردووه‌ تانه‌كانیان بگرن."

حسین ده‌روێش عادلی وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نه‌سر
حسین ده‌روێش عادلی وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نه‌سر

سه‌باره‌ت به‌دواین پێشهاتی كۆبونه‌وه‌ی نێوان لیسته‌براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ به‌ستنی هاوپه‌یمانێتی و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق؟ وته‌بێژی لیستی نه‌سر وتی"له‌ڕاستیدا لێك تێگه‌یشتن له‌نێوان لیستی نه‌سر و لیستی سائیرون هه‌یه‌،دواین دیداری نێوان م سه‌در و عه‌بادی به‌ڕاستی ئیجابی بوو , باس له‌چه‌ندین پرنسیب كرا بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین فڕاكسیۆن وه‌ باس له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی داهاتووی عیراق كرا،جگه‌ له‌وه‌ باس له‌كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكان كرا به‌ڕووی هه‌موو لیست و لایه‌نه‌كاندا بۆ پێكهێنانی دیدگایه‌كی هاوبه‌ش بۆ قۆناغی داهاتوو."

ده‌رباره‌ی مه‌رجه‌كانی هاوپه‌یمانی نه‌سر بۆ به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عیراقی و كوردییه‌كان، حسێن ده‌روێش وتی" ئێمه‌ ده‌رگامان به‌ڕووی هه‌موو لیسته‌كاندا كراوه‌یه‌ هاوپه‌یمانی نه‌سر سوره‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تێك كه‌ له‌پێكهاته‌ جیاوازه‌ نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و تائیفیه‌كانی عیراق بێت،ناكرێت حكومه‌تێكی تاك لایه‌نه‌ بێت هه‌روه‌ك ڕه‌فزی هه‌موو دابه‌شكاریه‌كی تائیفی ده‌كه‌ین."

له‌باره‌ی ده‌نگۆی كۆبونه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌ له‌ عه‌بادی و موقته‌دا سه‌در و بارزانی و سه‌ركرده‌ دیاره‌ عیراقیه‌كانی تر؟وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نه‌سر وتی"له‌ ئێستادا سه‌ركرده‌ و سه‌رۆك لیسته‌كان له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدان به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه‌ ڕۆژانه‌یی، هیچ ڕێگرییه‌كیش نیه‌ بۆ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ ،له‌ئێستادا په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام و لێكگه‌یشتننی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ڕێخۆشكه‌ره‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كان له‌دواتردا."

حسێن ده‌روێش عالی وته‌بێژی لیسته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی ڕه‌تیكرده‌وه‌ ئاگاداری هه‌ڵوێستی شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ی كوردستان بن سه‌باره‌ت به‌تاوتوێ كردنی نه‌ناردنی كاندیده‌كانیان بۆ په‌رله‌مانی داهاتووی عیراق،له‌باره‌یه‌وه‌ وتی"پـێم وانیە، هیچ هەواڵێکمان لەلا نیـیە کە باس لەوە بکات حزبە کوردیـیەکان بایکۆت دەکەن، بەڵکو بە پـێچەوانەوە ئێستا هه‌مووان سەرقاڵی ئەو لەیەک تێگەیشتنانەین (وتووێژانەیە) کە لە ئێستادا ئەنجام دەدرێن."

وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نه‌سر ئاماژه‌ی به‌ مه‌رجی لیسته‌كه‌یان كرد بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق"ئێمه‌ له‌به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆماندا چه‌ند خاڵێكمان خستبووه‌ ڕوو سه‌باره‌ت به‌مه‌رجه‌كانمان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی عیراقی ئێمه‌ داواده‌كه‌ین كه‌ حكومه‌تێكی چالاك هه‌بێت، چاكسازی له‌سیستمی سیاسی بكرێت، ئێمه‌ دژی دابه‌شكردنی تائیفی و نه‌ته‌وه‌ی و حیزبین له‌پێكهێنانی حكومه‌تدا، پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بێت، وه‌ ده‌وڵه‌ت دوربخه‌ینه‌وه‌ له‌ ده‌ستوه‌ردانی حیزبی و قه‌واره‌ سیاسیه‌كان له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا كه‌ ئه‌مه‌ زیانی زۆر ده‌دات له‌ده‌وڵه‌ت، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت دوربخه‌ینه‌وه‌ له‌ هه‌یمه‌نه‌ی حیزبی وه‌ هه‌وڵه‌ چاكسازییه‌كان بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌رده‌وام بێت و كاری زیاتری له‌سه‌ر بكرێت ،جگه‌ له‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌بواری بنیادنانه‌وه‌ و خزمه‌تگوزاری چالاك بكرێت ."

حسین ده‌روێش عادلی وته‌بێژی هاوپه‌یمانی نه‌سر به‌دوری زانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق ماوه‌یه‌كی زۆری بوێت،ڕایگه‌یاند" وای بۆ ناچم پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق درێژه‌ بكێشێت، پێكهێنانی حكومه‌ت درێژه‌ ناكێشێت."

XS
SM
MD
LG