Accessibility links

د.ته‌ڵال زه‌وبیعی؛ سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆن به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوبو،كاری ساخته‌كاران و گه‌نده‌ڵكاران بوو


د.ته‌لال زه‌وبیعی
د.ته‌لال زه‌وبیعی

د.ته‌ڵال زه‌وبیعی سه‌ركرده‌ له‌ لیستی هاوبه‌ندی بڕیاری عیراقی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ده‌ڵێت" سوتاندنی كۆگاكانی كۆمسیۆن كارێكی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوبوو، به‌ڵگه‌یه‌كی دڵنیاكه‌ره‌وه‌ بوو كه‌ ساخته‌كاران و گه‌نده‌ڵكاران له‌دوای هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و بڕیاری جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانیان هه‌ڵدرایه‌وه‌ ئیتر ڕێگه‌یان نه‌مایه‌وه‌ چوون ئه‌و كۆگایانه‌یان سوتاند، ده‌شڵێت" ئه‌م كاره‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ بگرێته‌وه‌ چونكه‌ ساخته‌كاران و گه‌نده‌ڵكاران هه‌موویان یه‌ك ڕه‌فتار و بیركردنه‌وه‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه‌."

د. ته‌ڵال زه‌وبیعی له‌گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له‌به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌ كۆگاكانی كۆمسیۆن له‌ ناوچه‌ی ڕه‌سافه‌ وتی"به‌دڵنیایه‌وه‌ ئه‌م ئاگربه‌ردانه‌ كۆگایانه‌ی كۆمسیۆن كاری ساخته‌كاران و گه‌نده‌ڵكاران بوو، ئه‌مه‌ كۆتا هێڵی جیاكراوه‌بوو له‌نێوان ئه‌وانه‌ی گومانیان هه‌بوو وه‌ ئه‌وانه‌ی گومانیان نه‌بوو له‌سه‌ر ساخته‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردن، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی دڵنیاكه‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ ساخته‌كاران ئه‌م كاره‌یان كردووه‌، به‌تایبه‌ت له‌دوای هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و بڕیاری ئه‌ژماركردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست، ئیتر لاپه‌ره‌كانیان هه‌ڵده‌درایه‌و و ئاشكرا ده‌بوون له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا، دواتر ڕۆیشتن ئه‌و كۆگایانه‌یان سوتاند، له‌كاتێكدا بۆ زانیاریتان ئه‌و كۆگایانه‌ داخرابوون به‌ڵام ساخته‌كاران و خراپه‌كاران توانیان ئه‌و تاوانه‌ ئه‌نجامبده‌ن و ئاگر به‌ربده‌نه‌ ئه‌و كۆگایانه‌، به‌ڕاستی ئه‌مه‌ تاوانێك بوو به‌رامبه‌ر مافی گه‌ل."

زه‌وبیعی له‌باره‌ی ده‌نگۆی هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ به‌هۆی شۆرتی كاره‌با یا كێشه‌ی ته‌كنیكی وتی" نه‌خێر ئه‌م كاره‌ ڕێكخراو و به‌هه‌ماهه‌نگی بوو، سودمه‌نده‌كان له‌م كاره‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ن كه‌ كاری جیاكردنه‌وه‌ و ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان پێ ناخۆش بوو، ئێمه‌ ده‌زانین ساخته‌كاری له‌عیراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژرا ئه‌نجامدرا، كاتێك دكتۆر كاكه‌یی كاره‌كانی كۆمسیۆنی ئاشكراكرد، ڕونكردنه‌وه‌یدا، به‌به‌ڵگه‌وه‌ هه‌موو ساخته‌كارییه‌كانی سندوقه‌كان و ده‌نگدانی تایبه‌تی ئاشكرا كرد وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كارانه‌یان به‌سه‌ردا ساغ نه‌بێته‌وه‌ هاتن سندوقه‌كانیان سوتاند"

د.ته‌ڵاڵ زه‌وبه‌یعی پێشبینی ده‌كات سندوق و كۆگاكانی تری كۆمسیۆن بسوتێنرێن و ده‌ڵێت" ڕه‌نگه‌ سندوقه‌كانی تریش له‌كۆگانی تر، ئه‌وانیش بسوتێنن تا بتوانن بڵێن ئه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كان، ئه‌وه‌ ئه‌مری واقیع پێویسته‌ له‌به‌ر گه‌ل قبوڵی بكه‌ن، له‌كاتێكدا گه‌ل له‌ كه‌مترین مافی بێ به‌ش كراوه‌ كه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ڕێزنه‌گرتن له‌هه‌ڵبژاردنی خۆیان بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵات و كه‌سانه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت نوێنه‌رایه‌تیان بكات."

زه‌وبیعی وتیشی" ئه‌وه‌ی دوێنێ تایبه‌ت بوو به‌ به‌غداد له‌ناوچه‌ی ره‌سافه‌، به‌ڵام له‌دواتردا هه‌روه‌ك پێشبینی ده‌كه‌ین ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای زنجیره‌یه‌ك كاری هاوشێوه‌ بێت له‌ شاره‌كانی تر و ناوچه‌ی كه‌رخ و هه‌موو شوێنه‌كانی تر، هه‌تا له‌هه‌رێمی كوردستانیش ،چونكه‌ ساخته‌كاران بیروباوه‌ڕ و ناسنامه‌ و ڕه‌وشتیان یه‌كه‌ كه‌هه‌موویان خراپه‌كار و گه‌نده‌ڵن. واته‌ ساخته‌كاران، هه‌مان ڕه‌وشت هه‌مان نه‌ریتیان هه‌یه‌، هیچیان پێ گرنگ نیه‌ جگه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان نه‌بێت ئه‌گه‌ڕچی وێرانكردنی وڵاتیش بێت.ئه‌وانه‌ تۆڕێكی گه‌وره‌ن بۆ مانه‌وه‌ یاخود گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات هه‌موو كارێكی نایاسایی ده‌كه‌ن."

سه‌ركرده‌ی لیستی هاوبه‌ندی بڕیاری عیراقی ڕه‌تیكرده‌وه‌ ده‌ستی وڵاتانی ده‌ره‌كی له‌پشت ئه‌و كاره‌بن كه‌وه‌ك خۆی وتی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوبوو وتی"نه‌خێر ئه‌مه‌ بابه‌تێكی ناوخۆییه‌، ئه‌وه‌ پێویستی به‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی نیه‌، خراپه‌كاران و گه‌نده‌ڵكارانی ناوخۆیی له‌هه‌موو ده‌ستێكی ده‌ره‌كی تر كاره‌ساتبارترن خۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ پێویستیان به‌هاوكاری ده‌ره‌كی نیه‌."

هه‌روه‌ها ڕونیشیكرده‌وه‌ " ساخته‌كاران ناسراون، هه‌موو ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ن ،كه‌زۆرترین ڕێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كۆمسیۆن كردووه‌، چونكه‌ كۆمسیۆن گوزارشت ده‌كات له‌و چه‌ند كه‌سه‌ی كه‌ ساخته‌كاریان بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ كرد، دواتر به‌ڕاستی نه‌خشه‌كان و ئاماژه‌كانیان واده‌رده‌كه‌ون كه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌م كاری سوتاندنه‌ ئه‌مه‌ش له‌پێناوی سه‌پاندنی ئه‌و دۆخه‌ی هه‌یه‌ به‌سه‌رماندا و خواردنی مافی گه‌لی عیراق."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌ڵوێستیان چی ده‌بێت ؟د. ته‌ڵال زه‌وبیعی ڕایگه‌یاند" هه‌موو كۆگاكان نه‌سوتاوه‌ ئه‌وه‌ به‌شێكی بچوك بو، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌، ئه‌مه‌ واتای تری نیه‌ جگه‌ له‌و مه‌به‌سته‌ی ساخته‌كاران كه‌باسم كرد بۆ سه‌پاندنی ئه‌مری واقیع به‌سه‌رماندا .به‌ڵام هه‌روه‌ك ده‌ڵێن بۆ هه‌موو ڕوداوێك قسه‌ی خۆی له‌كاتی خۆیدا ده‌بێت ئێمه‌ش چاوه‌ڕێین ده‌بێت ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ئه‌وه‌ ساغ بكه‌نه‌وه‌ كێ له‌پشت ئه‌م كاره‌وه‌یه‌؟"

پێشتر سه‌عدی پیره‌ وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاندبوو" ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی فیتنه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌عیراقدا هه‌یه‌" هه‌روه‌ها چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی عیراق هه‌مان هۆشدارییان دابوو. به‌ڵام د. ته‌ڵاڵ زه‌وبیعی سه‌رۆكی هاوبه‌ندی بڕیاری عیراقی ده‌ڵێت"ساخته‌كاران و گه‌نده‌ڵكاران خۆیان فیتنه‌ن، فیتنه‌ی گه‌نده‌ڵی گه‌وره‌تره‌ له‌ فیتنه‌ی كوشتن"الفتنة اشد من القتل" گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر زه‌وی له‌به‌رزترین پله‌ی فیتنه‌یه‌ ، وه‌ دواتر هه‌ركه‌س و لایه‌نێك له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی فیتنه‌ قسه‌ ده‌كات ئه‌وه‌ خۆی هۆكار و ئامڕازی فیتنه‌یه‌."

خوێندنه‌وه‌ی ده‌نگ؛ شاهێد عه‌له‌وی

XS
SM
MD
LG