ڕزگار حه‌مه محێدین جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی سڕكراوی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ده‌ڵێت" له‌دوای ته‌واو بونی پڕۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان كه ڕه‌نگه ١٠-١٥ ڕۆژی تر كۆتایی پێبێت سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه تۆمارده‌كه‌ین كه به‌ناهه‌ق تۆمه‌تی فرۆشتنی ده‌نگ یا ساخته‌كاریان دایه پاڵ ئه‌ندامانی كۆمسیۆن، ده‌شڵێت" لایه‌نه دۆڕاوه‌كان هه‌وڵی زۆریان دا كه هه‌موو ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ئه‌ژماربكرێنه‌وه ، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی شه‌ش لایه‌نه له جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ده‌ڵێت" له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره نه‌بوو كه‌باسی ده‌كه‌ن به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌نجامه‌كان وه‌ك خۆیه‌تی، ده‌نگی ئه‌وانیش هیچ زیادی نه‌كردووه، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه هه‌ركاتێك و له‌هه‌رشوێنێك داوایان كرد ئاماده‌ن بچنه به‌رده‌م دادگا چونكه كۆمسیۆن به‌پێی یاسا كاریان كردوه و به‌به‌ڵگه‌و وه‌ڵامیان بۆ هه‌موو پرسیارێك هه‌یه."
ڕزگار حه‌مه محێدین جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باسی له ده‌سپێكردنی پڕۆسه‌ی جیاكردنه‌وه و ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی جارێكی تری ده‌نگه‌كان كرد و وتی" له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو ئه‌و ده‌نگانه‌ی له‌كه‌ركوك به‌ده‌ست ئهژماركرانهوه خۆشبه‌ختانه جیاوازی زۆری نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به ئامێری ئه‌لكترۆنیه‌كه جیاكرابونه‌وه سه‌د له‌سه‌د وه‌ك خۆی بوون، ته‌نها ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م نه‌بێت ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی نه‌خوێنده‌واربوون یا ته‌ندروستیان باش نه‌بوه ده‌ستیان له‌رزیوه مۆره‌كه وه‌ك خۆی ده‌رنه‌چووه له‌جیاكردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان به‌باشی خوێنراوهتهوه به‌ڵام ئامێره ئه‌لیكترۆنیه‌كان نهیاخوێندۆتهوه ئه‌ویش ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌مبوو."
جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی سڕكراوی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق وتیشی" ئێستا به‌بڕیارێكی په‌رله‌مان كۆمسیاران و هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كان سڕكراون بڕیاره‌كه نایاسایی بوو چونكه بێ بانگهێشتكردنی ئێمه بۆ لێپرسینه‌وه، له‌كۆتا ڕۆژه‌كاندا ئێمه‌یان سڕكرد كه له‌ده‌ستوری عیراقیشدا شتی وانههاتووه، ئێمه له‌سه‌ر تاقیكردنه‌وه و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له كۆمسیاران ده‌ست بهكاربوین به‌پێی یاسا و ده‌ستور هه‌میشه كاره‌كانی خۆمانمان كردووه ، به‌ڵام به‌شێك له‌لایه‌نه دۆڕاوه‌كان هه‌وڵی زۆریان دا كه به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی هه‌موو ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ئهژماربكهینهوه له‌كاتێكدا له‌دواین هه‌مواری ده‌ستور پێمان ده‌ڵێ كه پڕۆسه‌ی ئه‌ژمار و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به ئه‌لیكترۆنی ده‌بێت، ئێمه وه‌ك كۆمسیۆن نه‌مانتوانی ده‌ستور پێشێل بكه‌ین و به‌پێی ده‌ستور كاره‌كانمان كرد."
ده‌رباره‌ی داواكاری دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له عیراق و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی سڕكراوی باڵای سربهخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق دوپاتیكرده‌وه" نه هه‌ڵبژاردن دووبار ده‌كرێته‌وه نه ئه‌نجامه‌كانیش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه ، وتیشی" چونكه له (٢٠%)ی سندوقه‌كانی ده‌نگدان به‌ده‌ست ئهژماركراونهتهوه به‌ڵام هیچ گۆڕانكاریه‌ك له ئه‌نجامه‌كان ڕوینه‌داوه له‌كاتێكدا هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌كورد و عه‌ره‌ب و توركمانه‌وه زۆرترین ڕه‌خنه‌یان له‌و پارێزگایه (كه‌ركوك) ده‌گرت."
له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا شه‌ش لایه‌نه ناڕازیهكهی هه‌رێمی كوردستان( بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، یه‌كگرتووی ئیسلامی، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و داپه‌روه‌ری، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی، هه‌روه‌ها حیزبی شیوعی) له چاودێری كردنی پڕۆسه‌ی ئهژماركردنهوه و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له‌پارێزگاكانی كه‌ركوك و سلێمانی كشانه‌وه، ئه‌و لایه‌نانه به به‌یاننامه‌ی فه‌رمی ئاماژه‌یان به هۆكاری كشانه‌وه دا، به‌ڵام ڕزگار حه‌مه محێدین جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق پێی وایه هۆكاری دیكه‌ی جیاواز هه‌یه له‌و ڕوه‌وه وتی" من پێم وانیه ئه‌و لایه‌نانه له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی باسی ده‌كه‌ن كشابێتنه‌وه له‌كاتێكدا ماوه‌ی (٢٥) ڕۆژ هه‌ندێك له‌و سندوقانه له‌كه‌ركوك له‌ده‌ست ئه‌و لایه‌نانه بون كه خه‌ڵكیان هانده‌دا بۆ خۆپیشاندان، ڕاسته ئه‌و سندوقانه شكابون ده‌سكاری كرابوون ، به‌ڵام هۆكاری ئه‌و كشانه‌وه‌یه ئه‌وه نه‌بوو به‌ڵكو ڕۆژی یه‌كه‌م كه (١٠٠) سندوق له‌كه‌ركوك ئهژماركرانهوه كاتێك بینیان ده‌نگی ئه‌وان زیادی نه‌كردووه و ئه‌نجامه‌كان هه‌مان ئه‌نجام بوون بۆیه كشانه‌وه ."
ڕزگار حه‌مه محێدین وتیشی" ئێستا ئه‌و لایه‌نه سیاسیانه كه‌وتونه‌ته گیانی ئه‌و دادوه‌رانه‌ی دانراون بۆ ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست، ده‌ڵێن ئێمه ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌نگه‌كانمان ده‌وێت، هه‌رچه‌نده له (١٠ بۆ ١٥) ڕۆژی داهاتوو پڕۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست كۆتایی پێدێت، چونكه پارێزگاكانی تر سكاڵایان كم له‌سه‌ره، ته‌نها كه‌ركوك نه‌بێت كه‌ڕێژه‌ی ئه‌و سندوقانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر بووه ژماره‌یان زۆربووه ئه‌گه‌رنا ڕێژه‌ی سندوقه‌كانی كهسكاڵای له‌سه‌ر بووه له‌سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆك، ئه‌نبار ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌مه بۆ نمونه له‌سلێمانی (١٨٨) سندوقه له هه‌ولێر (٢٠٠) سندوقه، دوای ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان دادوه‌ره‌كانی دانراون ئه‌نجامه‌كان ده‌ده‌نه دادگا و به‌بڕوای من دادگا ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن په‌سه‌ند ده‌كات."
له‌دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی عیراق چه‌ندین لایه‌نی سیاسی و ته‌نانه‌ت،(د.سه‌عید كاكه‌یی) ئه‌ندامی سڕكراوی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران كۆمسیۆنیان تۆمه‌تباركرد به ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری، به وته‌ی جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق كۆمسیۆن له‌دوای ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست سكاڵای یاسایی تۆمارده‌كات ، له‌و ڕوه‌وه وتی" ئێمه چاوه‌ڕێین ئه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست كۆتایی پبێت و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌سه‌ندبكرێت ئه‌وكات له‌ڕێگای یاساوه ئێمه سكاڵای خۆمان تۆمارده‌كه‌ین له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی، ته‌نانه‌ت ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پێشوتری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران( سه‌عید كاكه‌یی) تۆمارده‌كه‌ین كه به‌ناهه‌ق تۆمه‌تیان دایه پاڵ كۆمسیۆن و هاوڕێیانی ئێمه له كۆمسیۆن كه گوایه ده‌نگیان فرۆشتوه یا هه‌ر تۆمه‌تێكی تر له‌كاتێكدا ئێمه له یه‌ك بڕگه و خاڵیش له‌یاسا هه‌مواركراوه‌كه‌ی په‌رله‌مان و ده‌ستوری عیراقی لاماننه‌داوه و به‌پێی یاسا كاره‌كانمان كرد، به‌ڵام وه‌ك ده‌زانرێت ، ئێمه فشارێكی زۆرمان له‌سه‌ر بوو هه‌م له‌سه‌ر ئه‌و لیژنانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه له‌سه‌رمان پێكهێنران هه‌م ئه‌و یاسایانه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه له‌سه‌رمان ده‌ركران كه له (٨٦%)ی ئه‌وانه‌ی له‌ناو په‌رله‌مان یاسایان له‌سه‌ر ده‌رده‌كرد ئه‌وانه بون دهرنهچوبونهوه له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان."
پێشتر د.سه‌عید كاكه‌یی ئه‌ندامی له‌سه‌ركارلادراوی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ ژیار محه‌مه‌د له به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو" هه‌ر زوو پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان چه‌ند لایه‌نێك ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ده‌زگای هه‌واڵگری عیراق و خودی خۆشی، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقی له خراپی ئامێره‌كانی ده‌نگدان ئاگاداریان كردۆته‌وه به‌ڵام كۆمسیۆن گوێی نه‌گرتووه."
به‌ڵام جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی سڕكراوی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ئه‌و قسانه ڕه‌تده‌كاته‌وه و دهڵێث" وه‌ك خۆم ئه‌گه‌ر یه‌ك كاتژمێر یان یه‌ك چركه پێش هه‌ڵبژاردن بمزانیایه ئامێره‌كانی ده‌نگدان كێشه‌یان هه‌یه "وه‌ڵاهی" له‌ڕاگه‌یاندنه‌كان ده‌رده‌چوم وهه‌موو به‌رپرسه‌كانی عیراقم ئاگادارده‌كرده‌وه ده‌موت ئامێره‌كانی ده‌نگدان كێشه‌یان هه‌یه له‌كاتێكدا له‌هه‌موو پارێزگاكان هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوه و هیچ كێشه‌یه‌ك ڕوینه‌داوه، هه‌ر ئه‌ندامێكی كۆمسیارانیش( سه‌عید كاكه‌یی) كه ئه‌و قسه‌یه ده‌كات خۆی تا (١٤-٥-٢٠١٨) له‌پڕۆسه‌كه‌دا بوو واته تا دوو ڕۆژیش دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش."
ڕزگار حه‌مه محێدین درێژه‌ی به وه‌ڵام و ڕونكردنهوهكانیدا و وتی" دوای ئه‌وه ڕۆژانه هه‌ر پێشێلكاریه‌ك هه‌بوبێت ئه‌ندامانی كۆمسیاران به یاداشت به‌رزیان كردۆته‌وه "وه‌ڵاهی" ئه‌گه‌ر ئه‌و (سه‌عید كاكه‌یی) له‌پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نانه‌ت به پێنج خوله‌كیش بێت یاداشتی برزكردبێتهوه ده‌ڵێم قسه‌كانی ڕاسته به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌كردووه و قسه‌كانی زۆر دوره له‌ڕاستیه‌وه ، دووه‌م من خۆم له‌وكاته‌وه‌ی ده‌سبه‌كاربووم به‌یه‌ك ئیفاد نه‌چومه‌ته ده‌ره‌وه‌ی عیراق له‌به‌ر سه‌رقاڵی به‌ڵام وه‌فدێكمان كه ئه‌و كه‌سه( سه‌عید كاكه‌یی) خۆی تێدابوو خۆی چۆته ئه‌و كۆمپانیایه‌ی ئامێڕهكانی له‌سه‌رده‌می كۆمسیۆنی پێشوو لێ كڕدرابوو وه خۆی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دانوستانكار بوو ئه‌گه‌ر به‌یه‌ك كاتژمێر یا یه‌ك خولهك پێش هه‌ڵبژاردن یاداشتی داوه‌ته ئێمه وه‌ك ئه‌نجومه‌ن بڵێ ئه‌و ئامێرانه كێشه‌یان هه‌یه دووباره ده‌ڵێمه‌وه قسه‌كانی ڕاسته به‌س قسه‌كانی زۆر دوره له‌ڕاستیه‌وه، چونكه پێشتر هیچ كام له‌و قسانه‌ی نه‌ده‌كرد."
هه‌ر پێشتر د.سه‌عید كاكه‌یی له‌میانه‌ی وتووێژه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو كۆمسیۆن به‌نایاسیی بڕیاری سڕكردنیان داوه، به‌ڵام جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ئه‌و قسانه ڕه‌تده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت" خۆی تا (١٤-٥-٢٠١٨) یش هیچ كێشه‌ی نه‌بوو هه‌ڵبژاردن له‌ناوخۆی عیراق و ده‌ره‌وه‌ی عیراقیش ته‌واو ببو به‌ڵام له‌ڕۆژی ١٤ی مانگ نازانم به پاڵپشتی كێ بوو؟ له‌ژێر چ فشارێكدا بوو؟ بێ پرسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و كۆمسیۆن هات ئه‌و كۆنگره ڕۆژنامه‌وانیه‌ی كرد كه تێیدا به‌خراپی باسی ده‌زگاكه‌ی خۆی كرد ئه‌مه‌ش وایكرد كۆمسیۆن بڕیاری سهحبیهتی بدات نه‌ك سڕكردن."
د.سه‌عید كاكه‌یی له‌دیداره‌كه‌ی پێشوتریدا ئه‌وه‌شی وتبوو" دادگایی كردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ر ڕووده‌دات، وتیشی" چونكه ئه‌وانه‌ی كه‌كراون نه‌ك ته‌نها پێشێلكارین به‌ڵكو چونه‌ته خانه‌ی تاوانی هه‌ڵبژاردنه‌وه به‌ڵام ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر دادگا كه كه‌ی ده‌جوڵێت تا لێپرسینه‌وه و لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موومان بكات."
به‌ڵام ڕزگار حه‌مه محێدین جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی سڕكراوی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق ده‌ڵێت" ئێمه له‌ماوه‌كانی ڕابردوو له‌گه‌ڵ نه‌زاهه دانیشتین بێگومان نه‌ك به‌ڵگه‌مان هه‌یه كه‌هه‌ر خۆی پێویست به‌به‌ڵگه ناكات ، ئێمه بۆ هه‌ر پرسیارێك نوسراوێكی فه‌رمیمان له‌به‌رده‌ستدایه كه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی یاسا كارمان كردووه وه ئێمه خۆشمان به تاوانبار نازانین چونكه ئێمه به‌پێی یاسا و ده‌ستوری عیراقی كارمان كردووه دواكاریش جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به ئه‌لیكترۆنی هه‌ر به‌پێی ماده (٤٥) له‌دواین هه‌مواری یاسا بووه به‌ڵام بۆ هه‌موو شوێنێك و كاتێك ئاماده‌ی لێپرسینه‌وه‌ین، وه‌ڵامی یاسایی خۆمانمان هه‌یه چونكه ته‌نها به‌پێی یاسا و ده‌ستوری عیراقی كارمانكردووه."
له‌باره‌ی ده‌نگۆی ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی ده‌ره‌كی یاخود فشار و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق و ئه‌نجامه‌كان، جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕه‌تیكرده‌وه و وتی" ئه‌و هه‌موو فشاره‌ی له‌سه‌ر ئه‌و نۆ ئه‌ندامه‌ی كۆمسیاران بوو هه‌ر له دروست كردنی لیژنه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تا فشاره‌كانی په‌رله‌مان و ده‌ركردنی یاسا له‌سه‌رمان هێشتا ڕێگه‌مان به بچوكترین ده‌ستوه‌ردانی وڵاتانی ده‌ره‌وه ته‌نانه‌ت داموده‌زگای عیراقیش نه‌دا و به‌پێی یاساكان و ده‌ستوری عیراق پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنمان به‌ڕێوه‌برد، ئه‌مه باسی كۆمسیۆن ده‌كه‌م، من باسی په‌رله‌مان ناكه‌م له‌كوێوه فشاریان له‌سه‌ر بوه چونكه ئه‌وه بابه‌تی سیاسیه، من قسه له‌سه‌ر بابه‌تی سیاسی ناكه‌م."