لەمیانەی وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ خەسرەو گۆران ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان, لهبارهی كاندیدهكهیان بۆ پۆستی سهرۆك كۆماری عیراق، خهسرهو گۆران ڕایگهیاند " ڕاستە د.فوئاد حسێن، پارتی کاندیدی کردووە و پشتیوانی دەکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق بەڵام د.فوئاد کەسایەتیەکی کوردی بێ لایەنە و لەڕووی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان و دەرەوە کەسایەتیەکی ناسراوە، دەشڵيت" ئەگەر یەکێتی پێش کاندیدکردنی کاندیدە فەرمیەکەیان ڕاوێژییان پي بکردینایە ئێستا ئێمە هەڵوێستمان جیاوازتردەبوو، بەڵام ئێشتاش پارتی سورە لەسەر مافی خۆی کە ئەو پۆستە وەربگرێت، بەهیچ جۆرێک کاندیدەکەمان ناکشێنینەوە، بەڵام دەکرێت، لەگەڵ یەکێتی لەسەر کاندیدێکی بێ لایەن ڕێک بکەوین، دەشڵێت" جگە لەشێوازی کاندیدکردنی کاندیدەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان تێبینی لەسەر خودی کەسایەتی کاندیدەکەش هەیە بەڵام ئێستا ناوترێت، كاندیدی باشتر ههبوو یهكێتی دیاری بكات، هەر بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی خۆی دیاریکرد، باس لەوەش دەکات" پارتی لەڕابردوو لەمافی خۆی خۆشبوو لەپێناو یەکڕیزی کورد بەڵام ئیتر بەسە نازی هیچ لایەنيک ناکێشیت.، خەسرەو گۆران ڕەتی دەکاتەوە ئێران یا ئەمریکا لەڕێگای بریت مەکگۆرگەوە جەختی لەسەر ناوی کاندیدێک کردبێتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار و وتی"ئەوە هەموو بانگەشەیە بۆخۆیانی دەکەن ئەگەرنا نه مهكگۆرگ نه هیچ کەس ناوی هیچ کەسی بۆ ئەو پۆستە نەوتووە."
خەسرەو گۆران ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لهسهرهتای وتووێژهكهدا وتی" پشکی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە نەک هی لایەنێکی دیاریکراو ، پاش ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تاک لایەنە دوور لەڕاوێژی ئێمـە هەستا بەدیاری کردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ئێمەش وەک گەورەترین لایەن لەناو پەرلەمانی عیراق دوێنێ یەکشەممە هەستاین به تۆمارکردنی ناوی کاندیدی فەرمی خۆمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق کەبەڕێز( د.فوئاد حسێن)ە"
خەسرەو گۆران ڕاشیگەیاند" پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە بەخەم یەک ڕیزی ماڵی کوردەوە بووە هەمیشە هەوڵی پاراستنی نێوماڵی کوردی بووە بەداخەوە لایەنەکانی تر ڕەچاوی ئەوە ناکەن وە هەموو جارێک پارتی دیموکراتی کوردستان باجەکەی داوە قوربانی بەخۆی داوە لەخۆبردوو بووە بەڵام ئەمجارە تا ئێرە و بەس ئیتر پارتی دیموکراتی کوردستان نازی هیچ لایەنێکی تر ناکێشێت وە لەمافەکانی خۆی خۆش نابێت."
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاوێژی لەگەڵ لایەنەکانی تر کردووە لەدیاریکردنی کاندیدی فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق لەکاتێکدا ئەو ڕەخنەیە لە یەکێتی دەگرن؟ خەسرەو گۆران وتی" ئێـمە کەدەڵێین لایەنەکانی تر مەبەستمان دوو لایەنی سەرەکیە پارتی و یەکێتیە کە لە(75%)ی کورسیەکانی کوردستانیان هێناوە، ئێـمە پێشتریش داوای ئەو یەکڕیزییەمان کردووە بۆ هەڵبژاردنیش دەستپێشخەربوین یەک لیست بین،بەڵام ئەوان نەهاتن، هەروەها بینیمان لەبابەتی دانانی پۆستی جێگری سەرۆک ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دوو لایەنە ئیسلامیەکە کاندیدی خۆیان هەبوو،ئێمە پێشتر چاوەڕێی یەکێتی بوین لەدانانی کاندیدەکەی ڕاوێژمان پێبکات بەڵام کە ئەوەی نەکرد ئێـمەش کاندیدی خۆمان دیاریکرد، ئێـمە دەستپێشخەر نەبوین لە شکاندنی پرەنسیبی پرس کردن بەلایەنەکانی تر لەدانانی کاندید."
خەسرەو گۆران ڕەتی کردەوە ئێران یاخود ئەمریکا لەڕێگای" بریت مەگکۆرگ)ەوە پشتیوانی لەکاندیدەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکەن و وتی" ئەم قسەیە ڕاست نیە ئەمە بانگەشەیە بۆ خۆیانی دەکەن، بەرهەم لە د.فوئاد باشتر و ڕێکتر نیە، هەر خودی د.فوئاد حسێن پەیوەندییەکی فراوانی لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان و وڵاتانی دەرەوە هەیە چەندین جار سەرۆکایەتی شاندی دیبلۆماسی کردووە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی دەرەوە، وە مەکگۆرگیش باسی هیچ کەس و کاندیدێکی نەکردووە ئەوانە تەنها وەک ئەوەی وتم بانگەشەیە بۆ خۆیانی دەکەن."
ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەکرد کە حیزبەکەیان جگە لە شێوازی دیاریکردنی کاندیدەکەی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق،هەروەها تێبینی لەسەر کاندیدە فەرمیەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە، لەو ڕوەوە خەسرەو گۆران وتی" جگە لەوەی کە لەڕاگەیاندنەکانەوە بیستومانە ئەو کاندیدەیە هی یەکێتی، هاوکات تێبینیشمان لەسەر خودی کەسەکە(د.بەرهەم) هەیە بەڵام لێرەدا هەموو شتێک ناتوانم بڵيم، تەنها ئەوەندە نەبێت دەڵێم کاندیدی باشتر هەبوو دیاری بکەن."
خەسرەو گۆران ئەوەشی وت" ئەگەر یەکێتی پێش دیاریکردنی کاندید پرس و ڕاوێژی بە پارتی بکردایە ڕەنگە ئێستا پارتی هەڵوێستی تری هەبووایە، بەڵام ئێستا ئێمـە هەقمان بەسەر ئەوەوە نیە، ئێستا ئێـمەش لەو مافەی خۆمان سازش ناکەین، بەڵام دەکرێت لەگهڵ یەکێتی لەسەر کاندیدێکی بێلایەن ڕێک بکەوین، هەر ئەو کاندیدەی پارتی ڕاستە پارتی کاندیدی کردووە بەڵام ئەندام و کادیری پارتی نیە و بێ لایەنە."
دەربارەی ئەوەی چانسی کاندیدەکەی پارتی چەندە هەیە بۆ هێنانی دەنگی پەرلەمانتاران؟ خەسرەو گۆران وتی" بێگومان چانسی سەرکەوتنی کاندیدەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر زۆرە، چونکە هەموو لایەنە عیراقیەکان دەزانن کە پارتی ئەو ژمارە قورسەیە ناکرێت"تەجاوزی" لەسەر بکرێت و نوێنەرایەتی کورد بێ پارتی لەبەغداد لاسەنگ دەبێت."
سەبارەت بەهەڵوێستی لایەنە عیراقیەکانیش خەسرەو گۆران وتی" هەڵوێستی لایەنە عیراقیەکان ئیجابیە چونکە ئەو لایەنە عیراقیانە دەزانن کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕووی ژمارەی دەنگەوە گەورەترین پارتی سیاسیە لەعیراقدا بۆیە هەڵويستیان ئیجابی دەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەیەکی ئاسان نیە دۆستێکی زۆری هەیە هەروەک چۆن دوژمنێکی زۆری هەیە بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی کاندیدەکەی خۆمان سەربکەوێت."
سەبارەت بەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان تاچەند گوێی لەداواکاری کادیران و لایەنگرانی گرتووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق لەلایەن پارتیەوە ؟ خەسرەو گۆران وتی" حەتمەن پارتی دۆخی ناوخۆ و ڕا و بۆچونی ناوخۆ و کادیرانی لەبەرچاو گرتووە لەسەر کاندیدە فەرمیەکەی یەکێتی بۆیە کاندیدی خۆی دیاریکرد و پارتی بەگرنگیەوە بۆچونی کادیران و خەڵکی خۆی وەردەگرێت ههموو كات."
خەسرەو گۆڕان ڕەتی کردەوە پارتی لەدواین خولەکەکان کاندیدەکەی بکشێنێتەوە و وتی" سەرۆک بارزانی بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی د.فوئادی دیاریکرد، قسە و هەڵوێستی سەرۆک بارزانیش وەک هەمووکات کۆتایی و یەکلایی کەرەوەیە بۆیە ئێمە بەهیچ جۆرێک بیرمان لەکشانەوەی کاندیدی خۆمان نەکردۆتەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، چونکە ئەوەمافی خۆمانە وەک گەورەترین پارتی سیاسی لەعیراق لەڕووی ژمارەی دەنگەکانەوە."
بهشێك لهگفتوگۆكهی ژیار محهمهد لهگهڵ خهسرهو گۆران