لهمیانهی وتووێژێكی ژیار محهمهد لهبهشی كوردی دهنگی ئهمریكا لهگهڵ پرۆفیسۆری یاریدەدەر، د.مەلا عیرفان ڕەشید سەرۆکی لیژنەی فەتوای لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لەبارەی فەتوای حەرامکردنی یاری پۆبجی دەڵێت" ئەو یاریە بەڕەهایی حەرام نیە بەڵکو بۆ کەسانێکە کە"مودمین" بوون پێوەی ژیان و ئیشی تێکداون و کاتی زۆری پێدەکوژن، لەبارەی ئەوەی ئایا فەتوایان بۆ تۆىە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبووک و ئینیستگرام هەیە کە بەهەمان شێوە کاتی پێوە دەکوژرێت؟ سەرۆکی لیژنەی فەتوا دەڵێت" پێنج ساڵ لەمەوبەر ئەو فەتوایەمان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئینتەرنێت هەبوو کە بەکارهێنانیان بە شێوەی نادروست و چاتکردن و کات کوشتنی زۆر بە هەمان شێوە ئەوانیش حەرامە، سەبارەت بە ڕەخنەی هەندێک خەڵک کە لە دوای فەتواکەی لێێان گیرا کە بۆچی فەتوا لەسەر "گەندەڵی و فرۆشتنی نەوت و بردنی داهات و پێنەدانی موچە و پاشەکەوتکردن دەرناکەن؟ سەرۆکی لیژنەی فەتوا دەڵێت" هۆکاری خراپی موچە زیاتر پەیوەندەی بە بەغدادەوە هەیە بەڵام بەداخەوە ئێـمە زیاتر ڕەخنە لە خۆمان دەگرین، وە تا ئێستا هیچ پەرلەمانتارێک نەهاتۆتە لیژنەی فەتوا بڵێت نەوت وا دەفرۆشێت و داهات بەو شێوەیە واتە نەهاتون پرسیارمان لێبکەن تا ئێـمە وەڵامیان بدەینەوە، کاری ئێمە وەڵام دانەوەی پرسیارە نەک وەک دادگا بەدواداچون هەروەها مهلا د. عیرفان ڕەخنە لەو کەسانەش دەگرێت کە دوای فەتواکەیان بڕیاری دەست کردن بەو یاریەیان دا دەڵێت" ڕێک وەک ئەو نەخۆشە وایە کە بە پزیشکەکەی بڵێت لەبەر ئەوەی تۆ وتوتە ئەو خواردنانە مەخۆ من دەیخۆم بۆ ئەوەی شێرپەنجەکەم زیاتر ببێت وە ئەو چارەسەرەی بۆت داناوم بەکاریناهێنم ، چونکە ئێمە بە ڕەهایی ئەو یاریەمان حەرام نەکردووە بەڵکو ئەو کەسانە حەرامە کە مودمینی بوون."
لە سەرەتای وتوێژەکەدا پرۆفیسۆری یاریدەدەر مەلا د.عیرفان ڕەشید وتی" لیژنەی فەتوای سلێمانی لە کۆبونەوەی ڕۆژی 24-10 گەیشتینە ئەو بۆچونەی کە خودی یاری پۆبجی حەرام نیە یاریەکە یاریەکی ئاساییە ، چونکە بنەمایەکی شەرعیمان هەیە دەڵێت" الأصل في الأشياء الإباحة) واتە بنچینە لە هەر کارێکدا ڕەوایەتیە مەگەر لەمپەڕێک بێتە بەردەمی حەرامی بکات بۆ نمونە خوێندکارێک بەهۆی ئەم یاریەوە نمرەی دابەزیبێت یا فەرمانبەرێک لە کاتی دەوامدا بەم یاریەوە سەرقاڵ بێت کاروباری هاوڵاتیان دوابخات، یان پەیوەندی کۆمەڵایەتی تێک بدات کە یەک دوو حاڵەت لە عێراق واتە لە دەرەوەی هەرێم جیابونەوەی ژن و مێرد ڕویداوە واتە خودی یاریەکە حەرام نیە بەڵام یاریەکە بۆ ئەو کەسانە حەرامە کە ئیش و کار و خوێندن و پەیوەندی کۆمەڵاتیان بەهۆی ئەو یاریەوە تێکدەچێت.
سەبارەت بەوەی بۆچی لەم کاتەدا ئەو بڕیارەیان دەرکرد و کردیانە بابەتی فەتوا؟
پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.مەلا عیرفان ڕەشید وتی" لەبەر ئەوەی زۆرێک سکاڵا ڕووی تێکردین، بۆتە دیاردە بە جۆرێک باوکی وا هەبوو پێی دەوتین منداڵەکەم تا سەعات(7)ی بەیانی نەخەوتووە ئەو یاریەی کردووە دواتر خەوی لێکەوتووە و نەچۆتەوە بۆ قوتابخانە، مامۆستای وا هەبووە پێی وتوین کە خوێندکارەکەی لە پۆلدا ڕەنگی تێکچووە وانەی بۆ نەخوێنراوە چونکە شەو نەخەوتووە ئەو یاریەی کردووە، بۆیە کە هاتون پرسیاریان لێکردوین ئێـمە وەک لیژنەی فەتوا کارمان ئەوەیە وەڵام بدەینەوە وە بەڵگەی شەرعیمان هەیە."
دەربارەی ئەوەی ئایا بڕیارەکەی لیژنەی فەتوای سلێمانی بۆ هەموو کوردستانە یا تەنها شاری سلێمانی؟
سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی یەکێتی زانایانی ئاینی وتی" ئێـمە ئەو پرسیارەی لێمان دەکرێت وەڵامی دەدەینەوە وەڵامەکەی ئێـمە بۆ ئەو دیاردەیەیە کە پرسیارمان لێی دەکرێت وەڵامەکەی بۆ ئەو دیاردەیەیە لەهەر کوێیەک هەبێت، دەتوانم بڵێم ئەو وەڵامی ئێمە بۆ هەموو جیهانە نەک تەنها بۆ هەرێمی کوردستان یا بۆ شاری سلێمانی . واتە وەک ئەوەی باسی ئەو کەسانەم کرد لە هەرکوێیەک ئەو کاریگەریەی هەبێت ئەو فەتوایەی ئێـمە دەیانگرێتەوە، واتە ئەوە نیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە فەتوا."
لە دوای فەتواکەی لیژنەی فەتوای سلێمانی، یەکێک لەو ڕەخنانەی لەلیژنەی فەتوا دەگیرا دەوترا ئایا هیچ بابەتێکی تر نیە حەرام بێت؟ ئایا بڕینی موچە پاشەکەوتکردنی موچە، فرۆشتنی نەوت بەقاچاخ یان، تاڵانکردنی عەفرین حەرام نیە ؟
پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.مەلا عیرفان ڕەشید دەڵێت" هەموو کات وتومانە هەر کەس مافی لای هەرکەسێک هەبێت ئەو کەسە دەسەڵاتداریش بێت حەرامە، وە بۆ عفرین و شەنگال و کۆبانی لە کاتی خۆیدا ئێمە بوین لە مینبەرەکانەوە داوای کۆمەکی عەفرین و شەنگال و کۆبانیمان کرد و خەڵکێکی زۆر بەهۆی ئێـمەوە هاوکاری کردن، ئێمـە بوین لە زۆرێک لەو پرسە هەستیارانەدا کە پرسمان پێکراوە وتومانە ئەگەر دەوڵەت نەوت بە شەفافانە بفرۆشێت هاوڵاتی مافی خۆیەتی، خۆزگە ئەوانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەو شێوازە کۆمێنت دەنوسن پێش ئەوە پەیوەندییەکیان بە ئێمـەوە بکردایە بیانوتایە ئێوە بۆچونتان چی بووە لەسەر ئەو بابەتە."
وتیشی" هیچ کاتێک هیچ ئەندامێکی بەڕێزی پەرلەمان نەهاتۆتە لیژنەی فەتوا بڵێ بابەتی فرۆشتنی نەوت و داهات بەم شێوەیە و پرسیارمان لێبکەن چونکە کاری ئێـمە پرسیارکردنە، لە نێوان "فەتوا و دادگا" ئەو جیاوازییە هەیە، لیژنەی فەتوا ناچێت بەدوای شتدا بگەڕێت بەڵکو پرسیارمان لێدەکرێت و چاوەڕێین خەڵک شتمان بۆ بهێنێت بە داتا ئەگەر پێویستیان بە فەتوای ئێمە بووبێت، وە لە ڕابردوشدا ئەوەمان سەلماندووە کە بە فەتواکانمان داکۆکیکاربووین هەتا لە ساڵی 2011 ئێمە ئەندامی ئەو لیژنەیە بووین کە بە دەسەڵاتمان وت پێویستە مافەکان بۆ هاوڵاتی بگەڕێننەوە."
دەربارەی فەتوایان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە تایبەت فەیسبووک و ئینستگرام کە کاتی پێدەڕوات هاوشێەوەی یاری پۆبجی؟
سەرۆکی لیژنەی فەتوای یەکێتی زانایانی ئاینی لقی سلێمانی وتی" ئێمە لە مێژە فەتوامان هەیە کە هەرکەس تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئینتەرنێت بە مەستی سوکایەتی یان لە چواچێوەی دەرەوەی ئەو یاسایەی دیاریکراوە بەکاربهێنێت بێگومان حەرامە یان ئەکاونتی نەناسراوی هەبێت بە هەمان شێوە بەڵێ واتە ئێـمە فەتوایەکمان هەیە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان."
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد" پێنج ساڵ لەمەوبەر لەسەر فەیسبووک و ئینستگرام قسەمان کرد کە نوسیومانە وتومانە ئەوەی خەریکی چات و فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە بە ڕێگایەکی نازانستی و ناڕێک و کات کوشتن بەکاریدەهێنێت، بەڵێ حەرامە، چونکە کات زۆر بەنرخە لە ژیانی مرۆڤدا ."
وتیشی" ئەگەر فەرمانبەر داوای فەتوامان لێبکات لەسەر حەرامبونی پاشەکەوتکردنی موچەکەی ئێمە خێرا سەرپێێ فەتوا نادەین، بەڵکو بەدواداچون دەکەین لە سنووری دەسەڵاتی خۆماندا ، بەڵام دەبێت بزانین ئەو پاشەکەوتە بەهۆی بڕینی بودجەوە بوو لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە، ئێمە نابێت خۆمان پێش خەڵکی تۆمەتبار بکەین، پێشتر خەڵکانێک لە بەغداد بوو کە دژی مافە سەربەخۆیی و داراییەکانمان بوون، ئەو کاتەی داعش پەلاماری کوردستانی دا پێشمەرگە قارەمانانە شەڕی داعشی دەکرد بەغداد موچەی پێشمەرگەی بڕی وەک ئەوەی ئەم میللەتە مافی ژیانی نەبێت، ئەگەر کەمێک بەویژدانەوە سەیر بکەین داهاتێکی ئەوتۆ نەبوو لەبەر دەستی حکومەتی هەرێم، ئێمە دەبێت ئامڕازی خێر بین وەک زانایانی ئاینی ڕاستە گرێ کوێرە هەیە بەڵام دەبێت ڕۆڵی خێر ببینین."
د.عیرفان ئەوەشی وت" بەداخەوە خاڵێک هەیە دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم خەڵکی کوردستانی خۆمان ئەوەندەی ڕەخنە لە خۆمان و کوردستان دەگرن ئەوەندە ئامادەنین بڵێن مالکی بوو موچەی کوردستانی بڕی ئێـمە ناڵێین کەمتەرخەمی نیە بەڵام ڕیشەیی کەمتەرخەمیەکە لەوانەبوو کە چاویان بە هەرێمی کوردستان هەڵنەدەهات لهبهغداد كهحكومهتهكهی مالكی بوو."
پاش بڕیارەکەی لیژنەی فەتوا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەندێک دژایەتی خۆیان بۆ ئەو بڕیارە بەو شێوەیە دەربڕی کە وەک دژیەک بەرامبەر بڕیارەکەی لیژنەی فەتوا بۆ لەمەودوا ئەوانیش دەست دەکەن بەو یاریە؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پێتان وانیە جۆرێک لە ڕەواجتان دایە ئەو یاریە بەو فتوایە؟
د.عیرفان ڕەشید وتی" منیش بەداخەوەم ئەو قسەیە دەکەم ئەوە ئاستی ناڕۆشنبیری ئەو کەسانە دەردەخات چونکە ئەگەر کەسێک ئاستەکەی گەیشتبێتە ئەو ڕادەیە دروست وەک ئەو نەخۆشە وایە کە بەپزیشکەکەی بڵێت لەبەر ئەوەی تۆ وتوتە ئەو خواردنانە مەخۆ من دەیخۆم بۆ ئەوەی شێرپەنجەکەم زیاتر ببێت وە ئەو چارەسەرەی بۆت داناوم بەکاریناهێنم ، چونکە ئێمە بە ڕەهایی ئەو یاریەمان حەرام نەکردووە بەڵکو ئەو بۆ کەسانە حەرامە کە مودمینی بوون."