Accessibility links

وه‌ستا ڕه‌سوڵ: پێشمه‌رگه‌ تا سه‌ر ته‌حه‌مول ناكات نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركوك، له‌به‌رزاییه‌كانه‌وه‌ سه‌یری سته‌مكردن له‌خه‌ڵكی شاره‌كه‌ بكات


وەستا ڕەسوڵ فەرماندەی میحوەری(4)ی کەرکوکی هێزەکانی پێشمەرگە -
وەستا ڕەسوڵ فەرماندەی میحوەری(4)ی کەرکوکی هێزەکانی پێشمەرگە -

لەمیانەی وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ وەستا ڕەسوڵ فەرماندەی میحوەری(4)ی کەرکوکی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت" وەفدێکی یەکێتی ئێستا لەبەغدادە پێشنیار و پێداگیری دەکات لەسەر ئەو پاکێجەی کەرکوک بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە عیراقیەکان بەڕێەوەببرێت، بەڵام پێکهاتەکانی تری کەرکوک پێیان باشە سێ لیوای نوێ لەهەرسێ پێکهاتەی کەرکوک پێکبێت، دەشڵێت" یەکێتی پارێزگاری کەرکوک بەمافی خۆی دەزانێت چونکە ئێـمە "سەد" به‌ "سفر" ین لەکەرکوک لەبەرامبەر پارتی، ڕەخنەش لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەركوک لەسەر لیستی پارتی دەگرێت و دەڵێت" ئەوان نایەن دەوام بکەن لە ئەنجومەن تەنها بۆ وەرگرتنی موچەکانیان دێنەوە کەرکوک، ئەگەر بهاتنایە ئێستا دۆخی کەرکوک بەلایەکدا دەکەوت، لەبارەی پێشبینیشیانەوە ،" من پێم وایە دۆخی کەرکوک "تەحەمول"ناکات کە تاسەر پێشمەرگە لەبەرزاییەکانەوە سەیری ناو کەرکوک بکات و خەڵکی کەرکوکیش بچەوسێنرێتەوە دۆخەکە دەبێت لەحکومەتی نوێی عیراق یەکلایی بکرێتەوە ئەگەرنا پێشمەرگە تاسەر "تەحەمول" ناکات و ڕەنگە ئەوکات شەڕ لەنێوان هێزە عیراقیەکان (پۆلیس و حەشدی شەعبی) و پێشمەرگە لەکەرکوک دروست بێتەوە "

دوێنێ چوارشه‌ممە لەمیانەی وتووێژێکی ژیار محەمەد لەبەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لەگەڵ" بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند : یه‌كێتی لەبەغداد پاداشتەکەی بە پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق وەرگرتەوە، د.بەرهەم بەدەنگی ئەو پەرلەمانتار و حیزبانەی ویستیان هەولێر و هەرێمی کوردستان نەهێڵن بووە سەرۆک کۆماری عیراق نه‌ك به‌ده‌نگی كورد، دەشڵێت" ئەگەر قسەکانی ئەرشەد ساڵحی ڕاست نیە ئەی د.بەرهەم بەچی بووە سەرۆک کۆمار بۆ مەگەر برادەرانی یەکێتی چەند کورسییان هەیە لەپەرلەمانی عیراق؟

وەستا ڕەسوڵ لەسەرەتای وتووێژەکەدا وەڵامی ئەو قسانەی نوری حەمە عه‌لی دایەوە و وتی" ئەو بابەتە دورە لەڕاستیەوە جەنابی "کاک دکتۆر بەرهەم" سەرۆک کۆماری عیراق بەهیچ جۆرێک باسی کەرکوک و گەڕانەوەی پێشمەرگە نەکردووە بۆ کەرکوک لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی باشترین بەڵگەش ئەوەبوو خۆی ڕەتیکردەوە."

ڕاشیگەیاند" وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشنیارمان کردووە وە پێداگیری دەکەین" هەم لەڕووی ئیداری هەم لەڕووی ئەمنیەوە "ئیدارەی موشتەرەک" بۆ کەرکوک دابنرێت، ئێمە ئێستا وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان کار و پێداگیریمان لەسەر ئەم پاکێجەیە."

وەستا ڕەسوڵ لەبارەی ئەو ئیدارە هاوبه‌شه‌ی باس دەکرێت بۆ کەرکوک ڕونیکردەوە" مەبەستم هێزی پێشمەرگە و هێزە عیراقیەکانە وە ناوشاری کەرکوک بدرێت بە دەست پۆلیسی کەرکوکەوە."

وتیشی" لە ئێستادا دوو بۆچوون هەیە بۆ ئەوەی کە هێزی هاوبەش لەکەرکوک بێت، بۆچونی ئێـمە وایە کەناوچە کوردییەکە هێزی پێشمەرگە ئێدارەی بدات، لای خوارەوەش کە تورکمان و عەرەبەکانی لێیە هێزە عیراقیەکان ئیدارەی بدەن، بەڵام بۆچونێکی تر هەیە کە ئێستا بەڕونی لەکەرکوک قسەی لەسەر دەکرێت ئەوەیە کە سێ لیوای هاوبەشی نەتەوە جیاوازەکان دروست بکرێت بۆ ئیدارەدانی شارەکە."

وەستا ڕەسوڵ کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشە ئەوەشی وت" ئەو وەفدەی یەکێتی کە ئێستا لەبەغدادە ئەمە "حەدەکەیانە" پێێان لەسەر ئەم پاکێجە داگرتووە کەدەبێت ئێدارەی "موشتەرەکە" لەناوچەکە هەبێت."

دەربارەی ئەوەی وەڵامی لایەنی عیراقی بۆ ئەو پێشنیارانە چیە؟ وەستا ڕەسوڵ وتی" لایەنی عیراقی هەندێکیان باشترن وە هەندێکیان کاتی تریان دەوێت تا دوا بڕیار بدەن بەڵام چاوەڕێین تا کابینەی حکومەت بەتەواوی پێکدێت ئەوکات دێینە سەر بابەتی کەرکوک بەتەواوی."

جەختیشیکردەوە" بەڵێ ئێدارەی هاوبەش بۆ کەرکوک پێشنیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، چونکە ئێـمە بەهیچ جۆرێک بنکەو بارەگاکانمان لەکەرکوک چۆڵ نەکردووە وە لەسەرەتاوە لەکەرکوک بوین، بەشداری هەڵبژاردنمان کرد دەنگەکانمان دیارە بۆیە مافی خۆمانە پێداگری لەسەر ئەو پێشنیارەمان بکەین."

دەربارەی ڕای پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر ئەو پێشنیارە؟ وەستا ڕەسوڵ وتی" پێکهاتەکان بۆچونیان وایە کە سێ لیوای هاوبەش دروست بکرێت واتە هێزێکی نوێ لەهەموو پێکهاتەکان ئیدارەی شارەکە بکات لەگەڵ ئیدارەی مەدەنی، تا ئێستا ئەو بابەتە لە گفتوگۆی ئێـمە و نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکە."

هەروەها سەبارەت بەبۆچونی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پێشنیارەکەی یەکێتی ، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی" بەداخەوە ئەندامەکانی پارتی لە ئەنجومەن دەوام ناکەن، ئەگەر دەوامیان بکردایە ئێستا دۆخی کەرکوک بەلایەکدا کەوتبوو، ئەگەر چی ئەو ئەندامانە دێن موچەکانیان لەکەرکوک وەردەگرن بەڵام دەوامەکە ناکەن هەرچەندە بەشێک لەبەڕێوەبەرە گشتیەکان و قایمقامەکانی شەنگال و ناوچەکانی تریان گەڕاوەتەوە بەڵام کە دێتە سەر باسی کەرکوک باشترە لەخۆیان پرسن."

لەوەڵامی وتەکانی نوری حەمە عەلی کە بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندبوو " بەدانانی پارێزگار لەلایەن یەکێتیەوە بەهاوکاری عەرەب و تورکمانەکان یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەیەویت پاداشتی ڕادەستکردنی کەرکوک لە(16)ی ئۆکتۆبەر و ڕوخانی دوز و ئاوارەکردنی خەڵکەکەی و پێشرەوی بۆ پردێ و هەولێری هێزە عیراقیەکان وەرگرێتەوە هەروەک چۆن لەبەغداد پاداشتەکەیان بە پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق وەرگرتەوە."

وەستا ڕەسوڵ وتی" پۆستی پارێزگار مافی یەکێتیە، ئەوە ڕێکەوتن نیە بەڵکو وەک گفتوگۆیەکی" ڕۆتینات"ە لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەسەر ئەو بابەتە و خزمەتگوزاری گفتوگۆ دەکرێت، هەروەک چۆن لەگەڵ لایەنە کوردییەکانیش گفتوگۆ دەکرێت، وە پۆستی سەرۆک کۆماریش بۆ "کاک د.بەرهەم" لەبەرامبەر هیچ نەبووە، بەڵكو بەهۆی توانا و "کەفائەت"ی دکتۆر بەرهەم بوو کە لە کاندیدەکەی بەرامبەری بەتواناتر بوو بۆیە ئەو قسەیە نەک هەر بنەمای ڕاستی نیە بەڵکو قسەیەکە لەگیرفانی خۆی دەریهێناوە."

وتیشی" کاک نوری حەمە عەلی" ئەندامی سەرکردایەتی پارتیە پێم سەیرە ئەوەندە بێ ئاگایانە قسەدەکات بەڵام ناهەقیشی ناگرم ئەو کەرکوکی نیە بۆیە وا قسە دەکات ئەگەرنا لیژنە لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهاتبوو بەڵام بەداخەوە دوای بابەتی سەرۆک کۆمار ئه‌وان نەهاتنەوە بۆ کۆبونەوەکان. دەبێت ئەوان بزانن کە ئەوانن هۆکاری لێکترازانی کوردن."

وتیشی" بەڵام لەدوای ڕێکەوتن دەبێت ئەو ڕێکەوتنە ببه‌ینەوە وەزارەتی پێشمەرگە چونکە هێزەکانی پێشمەرگە سەر بەو وەزارەتەن و لەبابەتی کەرکوکدا ئێـمە و پارتی پێویستە یەک هەڵوێست بین."

وەستا ڕەسوڵ ئاماژەی بەهۆکاری پێداگری یەکێتی کرد بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، وتی" لەبەر ئەوە پێداگری دەکەین چونکە ئێـمە "سەد" به‌ " سفر"ین لەکەرکوک لەبەرامبەر پارتی، ئێمە شەش کورسیمان هەیە، پارتی هیچی نیە، وە کەرکوک شارێکە پێگەی جەماوەری یەکێتی تێدا بەهێزە."

لەبارەی ئەوەی یەکێتی ڕازی دەبێت بەهەمان شێوە پارتی مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکات لەپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کە پارتی دوو ئەوەندە زیاترە ژمارەی کورسیەکانی لەیەکێتی؟ وەستا ڕيسوڵ وتی" ئێـمە داوای خێرمان لەکەس نەکردووە، ئێـمە "ئیستحقاق"ی هەڵبژاردنی خۆمانمان دەوێت، هەموو کەس دەزانێت غەدر لەیەکێتی کراوە لەم هەڵبژاردنەدا چۆن سندوقەکان لە هەولێر و دهۆک پڕکراوە بەڵام قبوڵمان کردووە ئێمە نەمانویستووە بگەڕێینەوە شه‌ڕی چەکداری و شەڕی ناوخۆمان بەنەفرەت کردووە شکستمان قبوڵ کردووە باشترە وەک لەشەڕی ناوخۆ."

لەبارەی پێشبینی ئەگەر لایەنەکان نەگەیشتنە ڕێکەوتن بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک؟ وەستا ڕەسوڵ وتی" من پێم وایە دۆخی کەرکوک "تەحەمول"ناکات کە تاسەر پێشمەرگە لەبەرزاییەکانەوە سەیری ناو کەرکوک بکات و خەڵکی کەرکوکیش بچەوسێنرێتەوە دۆخەکە دەبێت لەحکومەتی نوێی عیراق یەکلایی بکرێتەوە ئەگەرنا پێشمەرگە تاسەر "تەحەمول" ناکات و ڕەنگە ئەوکات شەڕ لەنێوان هێزە عیراقیەکان (پۆلیس و حەشدی شەعبی) له‌گه‌ڵ پێشمەرگە لەکەرکوک دروست بێتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:04 0:00

XS
SM
MD
LG