ڕزگار حەمەمحێدین جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لەوتووێژێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە سهبارهت به داواكاری هەڵبژاردنی پێش وەختە لەعیراق، کە لە ئێساتدا هەندێک لایەنی عیراقی داوای دەکەن بەهۆی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی شەقامی عیراقی.
دەقی وتووێژەکە:
" ههڵبژاردنی پێش وهخته پێویستی بهبڕیاری ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراقه "
ڕزگار حەمە محێدین جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەختە پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەیە، تا ئێستا ئێمە بەفەرمی هیچ شتێکمان بەدەست نەگەیشتووە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە، ئێمە خۆشمان لە ئامادەکاری تەواوداین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە پێم وایە زیاترینی داواکارییەکان ئەوەیە کە گۆڕانکاری لە ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ئەوەش دەکرێت، ئێستا نزیکەی لە 50% ی ئەو ئامادەکارییانەمان تەواو کردووە چاوەڕوانین کاتی تۆمارکردنی هاوپەیمانی و لیستی ناوی کاندیدەکانە، واتە ئێمە زیاتر کار لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەین."
"هەموو هەڵبژاردنێک بەنزیکەیی پێویستی بە (220) ی ڕۆژی تەقویمی هەیە (واتە بەبێ دەرکردنی ڕۆژانی هەینی و پشووەکانیش) "
باشە ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری هەڵبژاردنی پێش وەختە بدات، ئەو ماوەیە چەندە کە کۆمسیۆن بتوانێت ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە بکات؟
ڕزگار حەمە محێدین دەڵێت" وەک دەزانرێت هەموو توانا و هێزی کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە، هەموو هەڵبژاردنێک بەنزیکەیی پێویستی بە (220) ی ڕۆژی تەقویمی هەیە (واتە بەبێ دەرکردنی ڕۆژانی هەینی و پشووەکانیش) کە ئامادەکاری تەواو بکرێت بۆیه هەر لەتۆمارکردنی ناوی قەوارە و لایەنەکانی بەشدار لەهەڵبژاردنەکان، ناوی کاندیدەکان و بەدواداچونی خۆیان و بڕوانامەکانیان ئامادەکاری وەرەقەی دەنگدان، چونکە لە عیراقدا 24 ملیۆن دەنگدەر هەیە بۆیە کۆمسیۆن دەبێت بەلانی کەم 24 ملیۆن وەرەقەی دەنگدان ئامادە بکات."
" ئێستا لەسەر ئێمە بۆتە یاسا و "مولزەم-ین" بەجێ بەجێ کردنی ئهنجامدانی ههڵبژاردنی ئهنجومهنی پارێزگاكان "
ئەی ئەگەر پەرلەمان بڕیاری هەڵبژاردنی پێش وەختەی دا ئێوە دەتوانن هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوابخەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێش وەختە بۆ پەرلەمانی عیراق بکەن؟
جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەوەڵامدا وتی" بەهیچ شێوەیەک ئێمە ناتوانین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوابخەین چونکە ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نیە، دووەم لەهەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان کە ئەنجامدراوە ڕۆژی 1/4/2020 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، واتە ئێستا لەسەر ئێمە بۆتە یاسا و "مولزەم-ین" بەجێ بەجێ کردنی."
ئایا کۆمسیۆن دەتوانێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمان لەیەک کاتدا بکات؟
ڕزگار حەمە محێدین دەڵێت" ناتوانین و ناکرێت، چونکە ئێمە هەنگاوی زۆرمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بڕیووە، کۆمەڵێک گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیاکان کردووە بۆ پێداویستیەکانی هەڵبژاردن ناتوانرێت بچیت ئەو گرێبەستانە هەڵبوەشێنرێتەوە یا زیاد بکرێت، وەهەمان ئەوناوەندانەی کەهەیە ئەوانەکاری هەڵبژاردن دەکەن، دووەم کۆمسیۆنی باڵا بەرنامە و ئامادەکاری تەواوی داڕشتووە کەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت، ناکرێت بێیت پلانی دووەم دابنرێت چونکە یەک مەکتەبمان هەیە کە ئەرکی جێ بەجێ کردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانت پێ سپاردووە ناکرێت لەم قۆناغەدا بوترێت وەرە ئەرکی دووەمیش جێ بەجێ بکە."