تاوسەندنی خۆپیشاندانەکان تەنها بەرهەمی ئێستا نین لە عێراقدا بەڵکو کەڵەکەبوونی دۆسێکانی گەندەڵی و تادێ نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئابوری و برەودان بە تایەفەگەریی و ئاینزاکان لەعێراقدا و کەمی و نەبوونی خزمەتگوزاریی تیکڕا هۆکارە بنەڕەتی و جومگەییەکانی ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییەن لە بەغداو شارەکانی دیکەی عێراق لە باشور و ناوەڕەستی.
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، هێزەکانی سەر بە حکومەتی عێراق گازی فرمێسک رێژ و گولەی پلاستیکی لەکاتی روبەڕوبونەوەی خۆپیشاندەراندا بەکاردەهێنن و مامەڵەیان لەگەڵ نارەزاییەکان بە شێوەیەکی "دڕندانە" بووە.
ئاماژەشیان بەوەشکردوە، وەکو هەوڵێکیش بۆ ئەوەی جیهان کاردانەوە توندوتیژییەکانی بەرامبەر خۆپیشاندەران نەبینێت، حکومەتی عێراق هێڵەکانی ئینتەرنێتی لە وڵاتدا بڕیوە.
تا ئێستا بەڵێنەکانی حکومەت بۆ خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکراوەو بەردەوامن لە خۆپیشاندان. ماوەی شەش هەفتەیە خۆپیشاندان زۆربەی شارەکانی عێراقی گرتوەتەوە، بەپێی دواین زانیارییەکانیش 319 کەس کوژران و زیاتر لە 15 هەزار کەسیش برینداربون. هاوکات زۆرێک لەمیدیا جیهانییەکان روماڵی خۆپیشاندانەکان دەکەن و چەندین رێکخراوی جیهانی لەو بارەیەوە راپۆرتیان بڵاوکردۆتەوە.
بەڵام هێشتا داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەران بە هەند وەرنەگیراوە و کاری رژدی بۆ نەکراوە، ئایا پەرلەمان دەتوانێت چی بکات؟
سەبارەت بەو دۆسێیەو بەدەنگەوەهاتنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران و هەڵوێستی پەرلەمان و حکومەتی عێراقی لەوبارەیەوە ئاسۆ جەبار وتوێژی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانی کورد لە بەغدا لەسەر لیستی ئایندە رابوون مەعروف سازکردووە.