گەندەڵی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابوری و کەمی یان نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان تێکڕا بوونە هەوێنی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکانی بەغداو شارەکانی دیکەی عێراق و خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەم حکومەتەیان دەکرد. هاوکات ریبەرانی کوردیش لەم سەروەختەدا خوازیاری رێکەوتنی سیاسی و ئابوریین لەگەڵ پێکهاتە سیاسییەکانی عێراق و حکومەتدا. بەڵام ئایا کەڵەکەبوونی گرفت و پرسە بنچینەییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بەم دەمودەستە چارەسەر دەبن یان هەروا بە هەڵواسراوی و تەمومژاوی دەمێننەوە؟ ئایا لەناو ئەو تەنگەژە سیاسی و ئابورییەی عێراق و هەرێمدا موچەی هاوڵاتیان چی بەسەردێت؟
ئاسۆ جەبار بۆ دەنگی ئەمریکا وتووێژی لەگەڵ پەرلەمانتاری کورد لەسەر لیستی گۆڕان لە بەغدا دکتۆر غالب محەمەد سازکردووە...
دکتۆر غالب دەڵێت "لەسەدا 92 ی داهاتی عێراق وەستاوە لەسەر داهاتی نەوت، ئەگەر هەرێم نەوتەکەی رادەست نەکات ئەوان داهات لەکوێ بهێنن، هاوکات موچەی فەرمانبەران لەدەرەوەی هاوکێشەی ئەو شەڕەیە کە لەنێوان هەرێم و بەغدادایە لەپرسی نەوتدا، ئەمە بەو شێوەیە جێگیریان کردووە کە هەرێم پابەند بێت پێوەی."
دەشڵێت "نەوتی کوردستان موڵکی مافیاکان و تورکیایە و ئەوان مامەڵەی پێوە دەکەن."
سەبارەت بە موچەی هاوڵاتیانیش هاوپەیوەست بە رادەستکردنی نەوتەوە دەڵێت "ئەمجارە ئەگەر نەوت رادەستی بەغدا نەکرێت موچەی خەڵک دەبڕدرێت."
دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتوێژەکە بن لەرێی ئەم بەستەرەوە: