Accessibility links

خۆپیشاندانەکانى عێراق و ئاڵۆزبوونى هاوکێشەکان


خۆپیشاندانەکانى عێراق تا دێت گەرم و گوڕتر دەبن و ناڕەزایەتى لە "سێ پایتەختەکەى عێراق" بەردەوامى هەیە، مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکانى عێراقیش، ئاراستەى خیتابەکانى لە ڕێنمایی کردنى دەسەڵاتەوە، بۆ پشتگیرىکردنى خواستەکانى خۆپیشاندەران گۆڕى.

دروشمى ئەمڕۆ هەینى خۆپیشاندەرانى عێراق، "هەینى خۆڕاگرى" بوو، بۆیە خۆپیشاندان جگە لە بەغداى پایتەختى سیاسى عێراق، بەسرەى پایتەختى ئابورى و نەجەفى پایتەختى ئاینى شیعە مەزهەبەکان و چەندین ناوچەى تریشى گرتەوە.

فروانبوون و بەردەوام بوونى خۆپیشاندانەکان، ئاڕاستەى خیتابى مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکانى عێراقى لە "بێ لایەنیەوە"بۆ پشتگیرى خۆپیشاندەران و لە "ڕێنمایى حکومەتەوە"بۆ هۆشدارى گۆڕى.

ئەحمەد سافى، نوێنەرى عەلى سستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق، لە وتارى ئەمڕۆ هەینیدا لە کەربەلا، هۆشدارى دایە حکومەتى عێراق بەوەى گرەو لەسەر کات کوشتن و ساردکردنەوەى خۆپیشاندەران نەکات، چونکە خۆپیشاندەران ناچنەوە ماڵ و دۆخى داهاتووى عێراقیش جیاوازتر دەبێت، رایگەیاند: چیتر عێراق ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمى پیش خۆپیشاندانەکان.

نەجات حسێن سەرکردە لە ڕەوتى حیکمەى نیشتیمانى شیعى، ئاماژەى بەوەکرد ماوەى چوار ساڵە مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکانى عێراق لە وتارى هەینى دا، ئامۆژکارى سیاسیەکانى عێراق دەکات.

ناوبراو بە دەنگى ئەمەریکاى وت"لە وتارى ئەمڕۆ هەینى مەرجەعیەت دا، ئاراستەى ئامۆژگاریەکان گۆڕا بۆ تەوجیهات، بەوەى خۆپیشاندەران ناچنە ماڵەکانیان، تا خواستەکانیان جێبەجێ دەکرێت."

وتیشى"گەر خۆپیشاندانەکان بە خۆرسک دروست بووبن، بەڵام ئێستا 85%یان چاویان لەسەر بڕیارەکانى مەرجەعیەتە."

هۆشداریەکەى مەرجەعیەتى شیعەکان بەحکومەتى عێراق، لەکاتێکدایە نارەزایەتیەکان بۆ ماوەى "هەشتەم هەینى" یە بەردەوامیان هەیە، خۆپیشاندەرانیش جەخت لە سەر بەردەوام بوون لە نارەزایەتى دەکەنەوە، تا ئەوکاتەى حکومەتى عێراق ناچار بە جێبەجێکردنى خواستەکانیان دەکەن.

بەپێى زانیاریەکان، لینکى پەیوەندى لەنێوان خۆپیشاندەران و مەرجەعیەت دا دروستبووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، پشتگیرى مەرجەعیەت بۆ خۆپیشاندەران "تۆختر"ببێتەوە، گەر حکومەت نەچووە ژێر بارى خواستەکانیان، کە خواستى گۆڕانکارى ریشەییە لە حوکمڕانێتیدا.

دکتۆر بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، پێیوایە خۆپیشاندەرانى عێراق دەستکەوتى گەورەیان بەدەستهێناوە، دەڵێت"دەستکەوتەکان مەرج نیە لە شەو و ڕۆژێکدا ئەنجامیان دیاربێت، هەندێک لە دەستکەوتەکان پێویستیان بەبودجە و هەندێکى تریان پێویستیان بەهەموارى یاسا و دەرکردنى یاساى نوێ هەیە."

دەشڵێت"دەستکراوە بە جێبەجێکردنى خواستى خۆپیشاندەران."

خۆپیشاندانەکانى عێراق، گۆڕانکارى گەورەى لەسەر گۆڕەپانى سیاسى عێراقى دروستکردووە و زۆر هاوکێشەى گۆڕیووە، بە تایبەت ڕۆڵى گەورەى حیزبە شیعیەکانى لاواز کردووە و مۆرکى مەزهەبگەرى و تایەفەریشى کاڵ کردۆتەوە.

زۆربەى دروشمەکانى خۆپیشاندەران، دروشمى نیشتیمانین، بەتایبەت جەخت لەسەر گێڕانەوەى سیادە بۆ عێراق و لاوازکردنى ڕۆڵى ئێران دەکەنەوە، بەو پێیەى ئەوان ئەو وڵاتە بە هۆکارى بەمڕۆ گەیشتنى، دۆخى عێراق دەزانن.

ئیسماعیل حەدیدى راوێژکار لەسەرۆکایەتى کۆمار و کەسایەتى دیارى عەرەبى سونە، دۆخى عێراقى بە ئاڵۆز وەسفکرد، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"دۆخى عێراق پێویستى بە گۆڕانکارى ریەشى هەیە، حیزب و لایەنەکان وەکو جاران دەسەڵاتیان نامێنێت."

وتیشى"یاسا و دەستور و سستمەکە هەمووى دەگۆڕێت، دۆخێکى نوێ دێتە ئاراوە."

کۆدەنگى حیزبە عێراقیەکان لە ژێر چەترى ئێراندا بۆ کۆتایى هێنان بە نارەزایەتیەکان شکستى هێنا، بۆیە چاودێران پێیانوایە ئێران بەم دۆخە خراپە ئابووریەوە، دەرقەتى ئەو گرفتانە نایەت کە لە عێراق و لوبنان بۆ هاوپەیمانەکانى دروستبووە.

دکتۆر بەشیر حەدادى جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، روونیکردەوە دۆخى ناسەقامگیرى عێراق لەبەرژەوەندى ئێران و ئەمەریکاش نیە، بۆیە هەردوولایان لەگەڵ هێورکردنەوەى دۆخەکەدان، وەکئەو دەڵێت"دەبێت گوێ لە خۆپیشاندەران بگیرێت، بەڵام ناسەقامگیرى و نەمانى حکومەت، پشێویان بەدوادا دێت."

گەر خۆپیشاندانەکانى عێراق، حکومەتى عادل عەبدولمەهدى بردبێتە دوو ڕیانى بەردەوام بوون و هەڵوەشاندنەوە، ئەوا قەیرانى گەورەترى بۆ حیزبە خاوەن پێگەکان دروستکردووە، بەو پێیەى پێگەیانى لە نێو دەسەڵات و جەماوەریشدا تەواو لاواز کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:17 0:00


XS
SM
MD
LG