Accessibility links

خۆپیشاندەرانی عێراق "کۆڵ" نادەن


هەرچەندە خۆپیشاندانەکانی عێراق بوونە هۆی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و دوورخستنەوەی سەرۆک وەزیران لە پۆستەکەی، بەڵام ئەم هەنگاوە بەسەرەتای کێشەکانی عێراق دادەنرێت نەک کۆتایی.

خۆپیشاندەرانی عێراق ڕازی نابن کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران لە دەستەبژێری سیاسی "شکستخواردووی" عێراق بێت، بۆیە دۆزینەوەی کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە، کە هەم خۆپیشاندەران و هەم کوتلە سیاسیەکانیش پێی ڕازی بن، ئاسان نابێت.

دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق هێندە ئاڵۆز بووە، رەنگە ڕازیکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران قورس بێت، بەو پێیەی خوێنێکی زۆر ڕژاوە و توندوتیژیەکان بەردەوامیان هەیە، کەم کەس ئامادەیە بەرپرسیارێتی دۆخی ئێستای عێراق لەئەستۆ بگرێت.

کاوە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە دەست لەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی سەرەتای کێشەکانی عێراقە، بەو پێیەی دۆزینەوەی کاندیدێک کە جێی رەزامەندی خۆپیشاندەران بێت، ئاسان نیە، وەکئەو دەڵێت"چونکە خۆپیشاندەران فرە گروپ و فرە ئاراستە و بێ سەرکردایەتین، بۆیە رێککەوتن لەسەر کەسێک بۆ جێگرەوەی عەبدولمەهدی زۆر قورسە."

وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم دۆخەدا، بەرپرسیارێتیەکی گەورەو قورسە، بەو پێیەی خۆپیشاندەران ئەرکی قورس و گەورە دەخەنە ئەستۆی، کە خۆی لە لێپێچینەوە کردن لەگەڵ گەندەڵکاران و بەدادگایی گەیاندنی بکوژانی خۆپیشاندەران دا دەبینێتەوە.

گەر سەرۆک وەزیرەکانی پێشووی عێراق پشت ئەستوربووبن بە حیزب و کوتلە سیاسیە بەهێزەکانیان، ئەوا لە ئێستادا دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە، سەرۆک وەزیرانی داهاتوو پشت ئەستور دەبێت بە پشتیوانی شەقام و مەرجەعیەت.

نەجات حسێن سەرکردە لە ڕەوتی حیکمەی شیعی، ئاماژەی بەوەکرد پێشتر دۆخی عێراق ئاسایی بوو، کوتلەکان بە ئاسانی نەیاندەتوانی لەسەر کاندیدێک ڕێکبکەون،وتی"رێککەوتن لەم دۆخەدا لەسەر سەرۆک وەزیران قورستترە."

ناوبراو وتیشی"گەر پەرلەمان بەخێرایی سەرۆک وەزیرێک دەستنیشان نەکات، میللەت پەلاماری پەرلەمان دەدات، پەرلەمانیش بۆ مانەوەی خۆی هەموو شتێک دەکات."

هەرچەندە بەشێک لە داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێکراوە و حکومەت دەستی لەکارکێشاوەتەوە، بەڵام خۆپیشاندان لەناوچە جیاجیاکانی عێراق بەردەوامیان هەیە و خۆپیشاندەران "کۆڵ" نادەن.

دوای دەست لەکارکێشانەوەی حکومەت، فۆکسی خۆپیشاندەران لەسەر دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە، کە چاوەڕوان دەکرێت دوای پەسەندکردنی یاساکانی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن، ئەم داواکاریەشیان جێبەجێ بکرێت.

کاوە محەمەدی پەرلەمانتار، بەدووری زانی خۆپیشاندەرانی عێراق بە ئاسانی واز بێنن، وتی"خۆپیشاندەران پێداگیری لەسەر دادگایی کردنی گەندەڵکاران و بکوژانی خۆپیشاندەران دەکەن."

وتیشی"هەڵبژاردنی داهاتوو، گەر بەیاسای نوێی هەڵبژاردن و لەلایەن کۆمیسیۆنێکی نوێوە سەرپەرشتی بکرێت، ئەوا خزمەت بەداواکاری خۆپیشاندەران دەکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:18 0:00


XS
SM
MD
LG