لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکانی عێراق سەرکردایەتیەکی دیاریان نیە، بەڵام داواکاریە دیراسەکراو و جوڵە رێکخراوەکانیان، ئەو کۆدەیە کە حیزب و لایەنە سیاسیەکانی عێراقی توشی سەرسوڕمان کردووە و تا ئێستا بۆیان نەکراوەتەوە.
هێزی شاراوەی خۆپیشاندەران و بەهێزی بەڕێوەبردنیان، گۆڕەپانی سیاسی عێراقی شڵەقاندووە، هیچ هێز و لایەنێکیش ناتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە، بەتایبەت دوای پشتگیری کردنیان لەلایەن مەرجەعیەتی شیعەکانی عێراقەوە.
جوڵەی خۆپیشاندەرانی عێراق هێندە بە پلان و وردە، وایکردووە گومانی ئەوە بکرێت هێزێکی گەورە لە پشتەوە ئاراستەیان دەکات، لەکاتێکدا هیچ هێز و لایەنێکی عێراقی بەڵگەی لە سەر "هێزە شاراوەکەی"پشت خۆپیشاندەران لەبەردەست نیە.
پۆڵا تاڵەبانی بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، پێیوایە خۆپیشاندانەکان لەسەرەتاوە خۆڕسک بوون، بەڵام دواتر خەڵکانی رۆشنبیر و یاسایی و چالاکوانانی ئەزموندار تێکەڵیان بوون، وتی" بۆیە خۆپیشاندانەکان رێکخران، ئەو خەڵکە ئەزمووندارانە لە پشت رێکخراوەیی بوونی خۆپیشاندانەوەکەن."
نەبوونی سەرکردایەتیەکی دیار و ناسراو، هێزێکی گەورەی بە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەخشیووە و وایکردووە حکومەت نەتوانێت لەرێگەی گرتن یاخود"فریودان"ەوە کۆنترۆڵیان بکات، لەکاتێکدا داواکاری و فشارەکانیان تەواو رێکخراو و دیراسەکراون.
خۆپیشاندەرانی عێراق گەرچی فرە گروپ و فرە ئاراستەن، بەڵام لەسەر داواکاریەکانیان کۆکن، هەروەک هەموو خۆپیشاندەران ڕۆڵی سەرکردە دەگێڕن و ڕۆژانەش "مجازفە"دەخوڵقینن، بەتایبەت گەر هێزە ئەمنیەکان لەناوچەیەک دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن، ئەوا نارەزایەتی لەناوچەیەکی ترەوە دەست پێدەکەن.
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"خۆپیشاندەران سەرکردایەتیان دیار نیە، بەڵام زۆر بەوردی و قۆناغ بە قۆناغ هەنگاو دەنێن."
وتیشی"وردی هەنگاوی خۆپیشاندەران، قابیلی گومان کردنە بەوەی سەرکردایەتی شاراوەیان هەبێت."
بەهێزی خۆپیشاندەرانی عێراق تەنها عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراقی ناچار نەکرد بۆ دەست لەکارکێشانەوە، بەڵکو کوتلەی سەدریشی وەکو گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ناچارکردووە،تا مافی دیاریکردنی کاندید بۆ ئەو پۆستە بداتە خۆپیشاندەران.
شێرکۆ عەبدوڵای راگەیاندکار لەبەغداوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"رەنگە ڕۆژی 10 ی ئەم مانگە، لیژنەی خۆپیشاندەرانی پاریزگاکانی عێراق لە مەیدانی تەحریری بەغدا کۆ ببنەوە."
وتیشی"ئامانج لە کۆبوونەوەکە، گفتووگۆکردنە لەسەر پێشنیارەکەی ڕەوتی سەدر بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە."
مەرجی خۆپیشاندەرانی عێراق بۆ کاندیدی سەرۆک وەزیران، سەربەخۆبوون و بەشدار نەبوونیەتی لەپرۆسەی سیاسی عێراق دا، بەم پێیە ئەو کاندیدانەی لایەنە سیاسیەکان گفتووگۆیان لەبارەوە کردووە، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕەتدەکرێنەوە.