Accessibility links

زانیاری ورد لەسەر هەوڵەکان بۆ دانانی سەرۆک وەزیرانی عێراق


تا ئێستا خۆپیشاندەران و کوتلە سیاسیەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ کاندیدکردنی کەسێک بۆ سەرۆکی حکومەتی کاربەرێکەری عێراق، لەکاتێکدا تەنها چەند رۆژێکیان وەکو وادەی یاسایی بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە لەبەردەستدا ماوە.

هەرچەندە سەرۆک کۆماری عێراق سەرقاڵی راوێژکردنە بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران کە جێی رەزامەندی لایەنەکان بێت، بەڵام لایەنە شیعیەکان نایانەوێت دەستبەرداری ئەو پۆستە بن و هەوڵی بەدەست هێنانەوەی دەدەن.

دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد، پێیوایە ئەرکی سەرۆک کۆماری عێراقە بەڕاوێژ لەگەڵ کوتلەکان و خۆپیشاندەران، کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکات، وتی"گەر سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو جێێ رەزامەندی هەموو لایەک نەبێت، کێشە دروست دەبێت."

لەکاتێکدا سەرۆک کۆمار لە راوێژدایە بۆ دۆزینەوەی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران، لە پڕ محەمەد شەیاع سودانی دەست لەکارکێشانەوەی لە حیزبی دەعوە و دەوڵەتی یاسا راگەیاند، کە دەست لەکارکێشانەوەکەی دەبەسترێتەوە بە کاندیدکردنیەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

محەمەد شەیاع سودانی لەتویتێکدا، وێڕای دەست لەکارکێشانەوەی لە حیزبی دەعوە و دەوڵەتی یاسا، ڕایگەیاندووە"کاندیدی هیچ حیزبێک نیم، ئینتیمای یەکەمم بۆ عێراقە."

بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتی کۆمار کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دەست لەکارکێشانەوەی سودانی هەڵدانی باڵۆنە، تا بزانرێت کاردانەوەی خۆپیشاندەران چیە لەبەرامبەر کاندیدکردنی بۆ سەرۆک وەزیران."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، گەر گرفت دروست نەبێت، پلانەکە بەوجۆرەیە سودانی کە دەستی لە حیزبی دەعوە کێشاوەتەوە، لەلایەن کوتلەی فەتحی هادی عامریەوە وەکو کاندید پێشنیار بکرێت، بەڵام وەک سەرچاوەکە دەڵێت" ئەمە دیسانەوە کێشە دروست دەکات، چونکە پێناچیت سەدر و خۆپیشاندەران پێی رازی بن."

هەروەها وتیشی"سەرۆک کۆمار لە پەیوەندی چڕدایە لەگەڵ کوتلەکان و خۆپیشاندەران و چالاکوانان لەسەر مەسەلەی کاندیدی سەرۆک وەزیران."

کاندیدکردنی محەمەد شەیاع سودانی کە بەرپرسێکی باڵای حیزبی دەعوەیە لەلایەن دەوڵەتی یاسا و کوتلەی فەتحەوە، مەرجەعیەت و خۆپیشاندەران و تەنانەت سەرۆک کۆماریش توشی "ئیحراجی"دەکات، چونکە تا ئێستا ئەوان کەسێکیان وەکو کاندیدی سەرۆک وەزیران دیاری نەکردووە.

دکتۆر ئەردەڵان نورەدین پەرلەمانتاری عێراقی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کورد تا ئێستا خۆی بۆ پشتگیری کردنی کاندیدێکی دیاریکراو یەکلایی نەکردۆتەوە."

وتیشی"کورد گەرەنتی پاراستنی مافە دەستوریەکانی دەوێ، کێشەی لەگەڵ هیچ کاندیدێکدا نیە."

کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن خۆپیشاندەران و کوتلە سیاسیەکانیشەوە جێی بایەخە، بەو پێیەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و پرۆسەی سیاسی و ئیداری وڵات دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:35 0:00


XS
SM
MD
LG