Accessibility links

بەهێزی فشارەکانی شەقام، شکستی بە هەوڵەکان بۆ دانانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هێنا


سەرۆک کۆماری عێراق بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ تۆپەکەی هەڵدایەوە گۆڕەپانی پەرلەمان، پێناچێت کوتلە پەرلەمانیەکانیش بتوانن لە وادەی دەستوریدا، لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕێکبکەون.

دۆخی عێراق هێندە ئاڵۆزە، فشاری شەقام بۆ سەر سەرۆکایەتی و کوتلە سیاسیەکان هێندە بەهێزە، هیچ لایەک ناتوانێت خۆی بدات لەیەکلایی کردنەوەی مەسەلە جێناکۆک و ئاڵۆزەکان.

هەندێک کوتلەی شیعی ویستیان، محەمەد شەیاع سودانی بۆ سەرۆک وەزیران کاندید بکەن، بەڵام ناڕەزایەتی شەقام و بەشێک لە کوتلە سیاسیەکان، سەرۆکایەتی کۆماری ناچارکرد ئەو کاندیدە ڕەتبکاتەوە و جارێکی تر مەسەلەکە ڕەوانەی پەرلەمان بکاتەوە.

مەریوان نادیار ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران ئاسان نیە، بەو پێیەی فشارەکانی شەقام گەورەو بەهێزن، هێزە سیاسیەکانیش زۆر هەستیارانە مامەڵە دەکەن و دەیانەوێت بەکەمترین زیان لەم دۆخە دەربچن.

هێزە شیعیەکان کە زۆرترین فشاریان لەسەرە، ویستیان لە رێگەی کاندیدکردنی شەیاع سودانیەوە، ئاراستەی ناڕەزایەتیەکان بەرەو لای سەرۆکایەتی کۆمار وەرچەرخێنن، بەو پێیەی گەر سەرۆک کۆمار کاندیدی شیعەکانی ڕاسپاردایە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەوا ڕووبەڕووی توڕەیی شەقام دەبوویەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق، لەبری ڕاسپاردنی کاندیدی لایەنە شیعیەکان، نوسراوی ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کرد تا گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ دیاری بکەن، بۆ ئەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران لەو کوتلە پەرلەمانیە وەربگرێت.

سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بەئاسانی یەکلایی نابێتەوە، چونکە هاوپەیمانێتیەکان تێکچوون، جاران شیعەکان هەموویان کۆک بوون لەسەر کاندیدکردنی عەبدولمەهدی، بۆیە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دیاری نەکرا."

وتیشی"شیعەکان هەوڵیاندا شەقام لەبەرهەم ساڵەح توڕە بکەن، بەڵام بە فڕێدانەوەی تۆپەکە بۆ گۆڕەپانی پەرلەمان، بەرهەم ساڵەح یاریەکی جوانیکرد و خۆی لە توڕەکردنی شەقام بەدوور گرت."

لەکاتێکدا کوتلە سیاسیەکان تا ئێستا لەسەر هیچ کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران رێکنەکەوتوون، نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوەی عێراق، ڕایگەیاند"ڕۆژی پێنجشەمە، ئەرکەکانی حکومەت ڕادەستی سەرۆک کۆمار دەکەن، ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران نەکرێت."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، دوو بۆچوون هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆک وەزیران، گەر کوتلە سیاسیەکان نەگەنە رێککەوتن، بۆچوونی یەکەم ئەوەیە کە سەرۆک کۆمار بۆ ماوەی 15 ڕۆژ ئەرکەکانی حکومەت بگرێتە ئەستۆ، تا کوتلەکان لەسەر کەسێک ڕێکدەکەون، هەروەها بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە دەسەڵاتی کاندیدکردنی کەسێک لەلایەن کوتلەکانەوە بدرێتە سەرۆک کۆمار.

پۆڵا تاڵەبانی بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزە، هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر مەسەلەی سەرۆک وەزیران نەکراوە."

وتیشی"هەموو لایەنەکان موجامەلەی شەقام دەکەن، هیچ لایەنێک ناوێرێت بەرپرسیارێتی دۆخەکە هەڵبگرێت."

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، دەست بەردارنەبوونی لایەنە شیعیەکان لە پۆستی سەرۆک وەزیران، پەیوەندی بە خواستی ئەو لایەنانەوە نیە بۆ مانەوەی بۆ پۆستەکە لایان ، بەڵکو لە قۆناغی داهاتوو دەترسن.

ترسی لایەنە شیعیەکان لەوەیە، گەر شەقام خواستەکانی بسەپێنیێت و سەرۆک وەزیران دانا، ئەوکات لە قۆناغی داهاتوودا، لە رێگەی یاسای هەڵبژاردنەوە کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی حیزبەکان بکەن، بەتایبەت دروشمی خۆپیشاندەران خۆی لەدژایەتیکردنی حیزبە شیعیەکاندا دەبینێتەوە.

مەریوان نادری پەرلەمانتاری عێراق، ئاماژەی بەوەکرد فشاری نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش کاریگەریان لەسەر وەزعی عێراق هەیە، وتی"فشارە دەرەکیەکان وایکردووە عێراق سیادەی نەبێت."

لەکاتێکدا لایەنە سیاسیەکان رێکنەکەوتوون لەسەر مەسەلە هەستیارەکان، دۆخێ عێراق تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراو و بریندارەکان ڕوو لە هەڵکشان دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:13 0:00


XS
SM
MD
LG