Accessibility links

کردنەوەی "گرێ کوێرەی" کێشەکانی عێراق قورستر دەبێت


ئەمڕۆ پێنجشەمە، وادەی دەستوری بۆ ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کۆتایی هات، بەڵام کوتلە سیاسیەکان لەسەر هیچ کاندیدێک ڕێکنەکەوتن، بۆیە مەسەلەکە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو دواخرا.

پێناچێت شەقامی عێراقی و هێزە سیاسیەکان بە ئاسانی لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران ڕێکبکەون، بەو پێیەی هێزە سیاسیەکان لەنێو خۆیاندا یەکدەنگ نین، هەروەها شەقامیش بە کاندیدی کوتلە سیاسیەکان ڕازی نیە.

دکتۆرە جوان ئیحسان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، گەشبین نیە بە ئایندەی سیاسی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئەو شڵەژانە سیاسیەی گۆڕەپانی سیاسی عێراقی گرتۆتەوە، هێوربوونەوەی ئاسان نیە."

وتیشی"خۆپیشاندەران بە هەنگاوی لایەنە سیاسیەکان ڕازی نین، هێزە سیاسیەکانیش لەنێوخۆیاندا بە ئاسان ڕێک ناکەون، بۆیە دۆخەکە تەواو ئاڵۆز بووە."

لەحاڵێکدا گەر رێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق نەکرێت، رەنگە حکومەتی دەست لەکارکێشاوە، کاروبارەکانی وڵات بەڕێوە ببات، تا ئەوکاتەی لایەنەکان ڕێکدەکەون.

یەکێک لە دەروازەکانی هێورکردنەوەی دۆخی عێراق، پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام بەشێک لە هێزە شیعیەکان دژی ئەم هەنگاوەن.

قەیس خز عەلی سەرۆکی گروپی عەسایبی ئەهلولحەق، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت ڕەتدەکاتەوە، دەڵێت"هەڵبژاردنی پێشوەخت لەمکاتەدا کە حکومەت دەستی لەکارکێشاوەتەوە و خۆپیشاندان بەردەوامە، جەنگی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە."

ڕەتکردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن هەندێک لایەنی شیعیەوە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، یەکێک لە هۆکارەکان ترسە لەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن توشی شکستێکی گەورەیان بکات، بەو پێیەی خەڵکی عێراق لێیان "بێزارە" و دژیان ڕاپەریووە.

ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتێکدا کە شەپۆلی ناڕەزایەتی بەردەوامی هەیە و خەڵکێکی زۆر لەسەر دەستی گروپە شیعیەکان کوژراون، ئەو ترسەی لای چینی سیاسی عێراق دروستکردووە، ئەنجامی هەڵبژاردن کۆتاییان پێ بێنێت و نەوەیەکی نوێ بێنیتە پێشەوە.

دکتۆرە جوان ئیحسان، پێیوایە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت خواستی شەقام و خۆپیشاندەرانە و جێبەجێکردنی ئەم خواستە، پەیوەستە بە پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنەوە.

خۆپیشاندەرانی عێراق لەکاتێکدا داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن، بە پێی یاسای نوێ و لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بەڵام هێشتا ڕوون نیە، خۆپیشاندەران لیستیان دەبێت، یان چۆن مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتوودا دەکەن.

دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد، دەڵێت"لە هەڵبژاردنی پاک و بێ ساختەکاریدا، هەر لایەنێک بیباتەوە، ئەو لایەنە براوە دەبێت و شەقام ناتوانێت رەخنەی لێی هەبێت."

لایەنە شیعیەکان هێندەی ترسیان لە دروستبوونی کوتلەی نوێ بە پشتیوانی شەقام، هێندەش ترسیان لەوە هەیە ڕەوتی سەدری لە حاڵەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختدا، بەشێکی زۆری کورسیەکان بباتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:38 0:00


XS
SM
MD
LG