Accessibility links

شێرکۆ میروەیس: عادل عەبدولمەهدی هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکان پاراستووە


سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە عێراق بەرەو تونێلێکی تاریک هەنگاو دەنێت، گەر هەموو هێزە سیاسیەکان فریای دۆخەکە نەکەون و دەرەچەی دەربازبوون لە قەیرانەکان نەدۆزنەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، بەپێویستی دەزانێت هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە عێراق بەهەند وەربگیرێت، دەڵێت"لێدوانی سلبی کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق دەبێت، بۆیە دۆخەکە پێویستی بەهێورکردنەوەیە."

دەشڵێت"دەبێت رەچاوی بەرژەوەندیەکانی عێراق بکرێ، عێراقیش دەبێت رەچاوی بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی گەورەی دونیا بکات."

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەشی بە ناهاوسەنگی پەیوەندیەکانی عێراق لەنێوان ئێران و ئەمەریکادا کرد، وتی"پیویستە لەمبارەیەوە گفتووگۆی جدی نێوخۆیی بکەین، چونکە دۆخی خەڵک خراپە و کاریگەری لەسەر بازار و ژیانی خەڵک دروستکردووە."

دەربارەی مانۆڕە سیاسیەکانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی دەست لەکارکێشاوەی عێراق بۆ مانەوەی لەپۆستەکەی، شێرکۆ میروەیس، دەڵێت"دەرفەت نەدرا بە عادل عەبدولمەهدی تا خزمەت بکات، کێشە کەڵەکەبووەکانی 15 ساڵی ڕابردوو لەکابینەکەی ئەودا تەقینەوە، پێویستە هەمووان پشتگیری دکتۆر عادل بکەین، چونکە پیاوێکی هاوسەنگە لەنێوان پێکهاتەکاندا."

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، باسیلەوەکرد عێراقی پێش خۆپیشاندانەکان و دوای خۆپیشاندانەکان جیاوازن، دەڵێت"ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی بەسەرچووە، گەر هەوڵی چاکسازی نەدرێ، عێراق بەرەو تونێلێکی تاریک هەنگاو دەنێت و لەدەست هەمووان دەردەچێت."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، شێرکۆ میروەیس ئاماژەی بەچارەنوسی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد، روونیکردەوە لەنێو هێزە شیعیەکاندا هاوشێوەی سونە و کورد ڕای جیاواز هەیە، بەشێکیان بابەتیانە لەدۆخەکە دەڕوانن و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن، بەڵام بەشەکەی تریان دەیانەوێ لەمپەر دروست بکەن و خەڵک لە پرۆسەکە وەدەریان دەنێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:23 0:00


XS
SM
MD
LG