لە کاتێکدا دەسەڵات و شەقامی ناڕازی عێراق لە پێکهاتەی شیعەن، تێڕوانینێکی وەها دروستبووە کە شیعە ڕۆڵی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش لە وڵاتەکەدا دەگێڕێت.
ماوەی سێ مانگ و نیوە خۆپیشاندان ناوچە شیعە نیشینەکانی گرتۆتەوە و خۆپیشاندەران داوای گۆڕانکاری لەدەسەڵات و سستمی حوکمڕانیدا دەکەن، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو دەسەڵاتەی کە شەقامی شیعی لەدژی هەستاوە بەدەست هێزە شیعیەکانەوەیە.
کورد و عەرەبی سونە بەوردی چاودێری ئاراستەی کێشمەکێش و ململانێی نێوان شەقام و دەسەڵاتی شیعی دەکەن، بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئاڵۆزیەکاندا دەکەن، بەڵام هەندێکجار دەشبنە یاریکەری سەرەکی گۆڕەپانەکە.
ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی دیاری عەرەبی سونە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سونە ترسی لەدووبارە بوونەوەی سیناریۆی هاوشێوەی داعش هەیە، کە زەرەرمەندی سەرەکی بوو لەم سیناریۆیە، بۆیە نایەوێت بجوڵێت."
وتیشی"کورد و سونە لە پاڵ تەماشاکردنی دۆخەکەدا، ڕۆڵی گرنگیشیان هەبووە، بە تایبەت ڕۆڵی سەرۆک کۆمار و بەشداری نەکردنی کوتلە پەرلەمانیەکانمان لە دانیشتنی تایبەت بەدەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکادا لەعێراق."
جەختیشیکردەوە"کورد و عەرەبی سونە پشتگیری خۆپیشاندەرانن."
هەرچەندە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی شەقامی کوردی و سونی نەگرتۆتەوە، بەڵام سەرۆکایەتی کۆمار بەڕانەسپاردنی کاندیدی کوتلە شیعیەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و پشتگیری کردنی خواستی خۆپیشاندەران، ڕۆڵی لە کێشمەکێشەکاندا هەبووە.
هەروەک کورد و سونەش لەهەندێک بڕیاری سیاسی و یاساییدا نەچوونە ژێر باری خواستی هێزە شیعیەکان، بەتایبەت لەمەسەلەی بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکادا لە عێراق.
ئەگەرچی دەنگۆی کۆبوونەوەی بەرپرسانی عەرەبی سونە لە وڵاتانی کەنداو بۆ دروستکردنی هەرێمێکی سونە لەچوارچێوەی عێراق لە ئارادایە، بەڵام بەرپرسانی سونە قسەی جیاوازتریان هەیە.
ئیسماعیل حەدیدی، دەڵێت"عەرەبی سونە لەمکاتەدا هەرێمی تایبەت بەخۆی ناوێت، ئەو کۆبوونەوەی باسدەکرێت بۆ گەیاندنی پەیامی ناڕەزایەتی بووە سەبارەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نەبووین."
گەورەترین گرفتی سونەکان لەمکاتەدا، نەبوونی سەرکردایەتیەکی یەکگرتوو و بەهێزە، ئەمە جگە لەوەی شەڕی داعش و بەهێزی شیعە، سونەکانی عێراقی تەواو ماندووکردووە.
رێبوار هادی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی پارتی، ئاماژەی بەوەکرد هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ دروستکردنی هەرێمی سونە نەنراوە، وتی"بەڵام بەپێی دەستوری عێراق دروستکردنی هەرێمی نوێ کارێکی یاسایی و ئاساییە."
دەسەڵاتی عێراق کە شەقامی لەدژ ڕاپەریووە، کورد و عەرەبی سونەش بە پێی قەبارەی خۆیان بەشدارن تێیدا، بەڵام ئاراستەی خیتابی نارەزایەتیەکان زیاتر ڕوو لە هێزە شیعیەکانە.
کوردیش هاوشێوەی عەرەبی سونە بەوردی لە دۆخی عێراق دەڕوانێت، دەیەوێت ئاراستەی ڕووداوەکانی عێراق بۆ بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە و بە بێ زیان لێیان دەربچێت، بەتایبەت کە بەشێک لە خواستەکانی شەقام پەیوەندیان بەهەرێمەوە هەیە.
ڕێبوار هادی، روونیکردەوە شیعە زۆرینەی جومگە سەرەکیەکانی دەسەڵاتی عێراقیان لایە، بۆیە ئەوان زیاتر بەرپرسیارن لە گەندەڵی و کەم و کوڕیەکانی عێراق.
کورد و سونە هەرچەندە هەوڵی خۆدوورخستنەوە لە کێشمەکێشی نێوان شەقام و دەسەڵاتی شیعی بدەن، بەڵام پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانیان لایە و دواجار نوێنەرەکانیان ناچارن خۆیان بەلایەکدا بخەن.