ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق، ئاماژەبەوەدەکات سەرۆکایەتی کۆمار و لایەنە عێراقیەکان لەگفتووگۆی چڕوپڕدان لەبارەی کێشەکانی عێراق، لە سەر هێڵە گشتیەکانی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووش لەڕێککەوتن نزیک بوونەتەوە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، عەلی کەریم ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، دەڵێت"کێشە کەڵەکەبووەکانی عێراق پاڵنەر و دەرهاویشتەی زۆریان هەیە، بۆیە زۆرجار ناڕەزایەتیەکان هەڵکشان و داکشانیان پێوە دیارە، هەندێک ڕۆژ خۆپیشاندان گەرم و هەندێک ڕۆژیش خۆپیشاندەران سارد دەبنەوە."
روونیشیکردەوە خۆپیشاندانەکان ڕەهەندی نوێ یان وەرگرتووە، بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان لە خانەنیشین بوون نزیک بووەتەوە، چوونەتە نێو خۆپیشاندانەکان و پێیانوایە هێشتا توانای کارکردنیان ماوە و ستەمیان لێدەکرێ، دەشڵێت"هەوڵێکی جدی هەیە تا دۆخەکە بەتەوافق هێور بکرێتەوە، هێزەکان لەهەوڵدان بۆ دیاریکرجنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ کە شەقام پێی ڕازی بێت."
سەبارەت بە ئەگەری یەکلایی کردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران لەماوەی کاتژمێرەکانی داهاتوودا، بەتایبەت کە باس لە ڕاسپاردنی عەلی شوکری ڕاوێژکاری سەرۆک کۆمار دەکرێت، عەلی کەریم، وتی"هەوڵەکان بەردەوامن، گفتووگۆی چڕوپڕ هەیە، ناو زۆرە، بەڵام هێشتا کەس نەبووەتە بەربژێری سەرەکی پۆستی سەرۆک وەزیران."
هەروەها وتیشی"خەریکە سەرۆک کۆمار و هێزەکان لەسەر هێڵەگشتیەکانی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو رێکدەکەون، بەو مانایەی کەسێک بێت، تەوافقی نیشتیمانی لەسەر بێت و نەبێتە هۆی داڕووخانی زیاتری دۆخەکە."
دەنگۆی دروستبوونی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەمەریکا و ئێران هەیە، تا عێراق بەدەربکرێت لە ئاڵۆزیەکانی نێوانیان، بەڵام عەلی کەریم ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار، بێ ئاگایی خۆی لەو ڕووەوە دەردەبڕێت، دەڵێت"پێناچیت پێکدادان و جەنگ لە ناوچەکەدا ڕووبدات، عێراقیەکانیش نایانەوێت وڵاتەکەیان بکرێتە گۆڕەپانی ململانێ."
جەختیشیکردەوە"ستراتیژیەتی سەرۆکایەتی کۆمار نێوەنگیری کردنە لەنێوان ئەمەریکاو ئێران، یاخود لانی کەم مانەوەی عێراقە بەبێ لایەنی."
لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕاوێژکارەکەی سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکرد ململانێکانی عێراق ڕەهەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیان وەرگرتووە، بۆیە سەرۆکایەتی کۆمار سورە لەسەر ڕاگرتنی هاوسەنگی دۆخی ئاسایشی عێراق و ڕەچاوکردنی خواستی هاوڵاتیان و لەبەرچاوگرتنی داواکاریەکانی شەقام.