زیا بوترس ئەندامی شاندە کوردییەکەی هەرێمی کوردستانی عیراق لە پێکهاتەی مەسیحیەکان، بۆ بەغداد، وەڵامی وتەکانی سەلیم شوشکەیی هەمان شاند دەداتەوە کە ئەمڕۆ لە دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو" لایەنەکانی دەسەڵات زیاتر جەختیان لە وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان بۆ کاندیدەکانی خۆیان کردۆتەوە و ئێمەش زیاتر موچە و مافەکانی خەڵکی کوردستان بۆمان گرنگە نەک کێ دەبێتە وەزیر.
بوترس ڕونکردنەوەی دا لەسەر گفتوگۆکانی شاندی وەفدە کوردستانیەکە لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان و محەمەد تۆفیق عەلاوی دا، وتی" ئەو شاندە کوردییە لە نوێنەرانی لایەنە سیاسیەکان و پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بووە، مەبەستی سەردانەکەشمان تەنها بۆ جەختکردنەوە بووە لەسەر پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان."
زیا بوترس لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا زیاتر ڕونیکردەوە" لە کۆبونەوەکانماندا لەگەڵ کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراقی، جەختمان لەوە کردۆتەوە، پێویستە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و وەک کابینەکانی ڕابردوتر لەسەردەمی مالکی و عەبادی موچە و قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکرێتە بابەتی ململانێ سیاسیەکان و هەروەها مادەی 140 جێ بەجێ بکرێت لەگەڵ باسکردن لە پێشمەرگە و جەختکردنەوە لە پێدانی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان."
وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ قسەکانی سەلیم شوشکەیی، زیا بتریۆس کە ئەندامی هەمان شاندە دەڵێت" من لەیەکەم ڕۆژەوە لە کۆبونەوەکان بەشدارم بەهیچ جۆرێک باسمان لەبابەتی پۆستی وەزارەت بۆ حیزبەکان بەو جۆرە نەکردووە بەڵکو هەموو شاندەکە بە پارتی و یەکێتیشەوە جەختمان لەسەر مافەکانی هەرێمی کوردستان کردۆتەوە."
وتیشی" بەداخەوە نازانم بۆ ئەو قسەیەی واکردووە، بەڵام وەک هەرێمی کوردستان دەمانەوێت بزانین ئەو کەسانە کێن بەناوی کورد دەیانکەنە وەزیر؟ ئەگەرنا پارتی و یەکێتیش پێداگری لەبێ لایەنی و توانا دەکەن نەک پۆست بۆ حیزبەکانیان."
بوترس ئەوەشی وت" بەڵام کێشەکە ئەوەیە عەلاوی ڕێز له تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان ناگرێت وەک قەوارەیەکی دەستوری بەڵکو دەیەوێت وەک پارێزگایەکی عیراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات وە هەتا ئێستا نەک هەر لایەنە کوردستانیەکان بەڵکو لایەنی سونەکانیش دوو بەرەن، لایەکیان دوێنێ به فەرمی ڕایانگەیاند بەشدار دەنگدان ناکەن، وە زۆر لە لایەنە شیعەکانیش نیگەرانن لەم مامەڵەیەی عەلاوی بەڵام وادیارە لەژێر فشاردان کەلای ئێمە ڕوونە چیە."
ڕاشیگەیاند" ئەگەرچی عەلاوی بەڵێنی داوە موچە و قوتی خەڵکی کوردستان و مافە دەستورییەکانی بپارێزێت بەڵام ئێمە دەمانەوێت بەنوسراو ئەو بەڵێنە بدات بەلایەنی کوردستانی."