Accessibility links

دوای عەلاوی قەیرانی سیاسی عێراق قوڵتر دەبێتەوە


محەمەد تۆفیق عەلاوی شکستی هێنا لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و دۆخی وڵات گەڕایەوە بۆ خاڵی سەرەتا، هەروەک گەیشتنی لایەنەکان بەرێککەوتن لەسەر کاندیدێکی نوێ بە زەحمەت دەزانرێت، بەو پێیەی "درزی گەورە" لەنێوانیاندا دروستبووە.

بەردەوامی قەیرانی سیاسی عێراق و بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە، لەکاتێکدایە چەندین قەیرانی گەورە نێوخۆ و دەوروبەری عێراقی گرتۆتەوە و دۆخەکەی هێندەی تر ئاڵۆزتر کردووە.

شکست هێنانی عەلاوی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، گێڕدرایەوە بۆ "هەڵە"ی لە خیتابە سیاسیەکانی و جۆری مامەڵەکردنی لەگەڵ کوتلەکاندا، بەڵام ناوبراو خۆی لەوتاری دەست لەکارکێشانەوەکەیدا، وێڕای داوای لێبوردنی لەگەلی عێراق، رایگەیاند"مەسەلەی چاوەڕواننەکراو هاتوونەتە پێشی لەکاتی هەوڵداندا بۆ پێکهێنانی کابینەکەی."

شێرکۆ میروەیس بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە عێراق لە قۆناغێکی مەترسیداردایە و کێشەکان بەراورد بەرابردوو قوڵتر بوونەتەوە، وتی"گەر لایەنەکان دەست و برد نەکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، چەندین قەیرانی گەورە بەرۆکی عێراق دەگرن."

قەیرانی سیاسی، قەیرانی تەندروستی، قەیرانی ئەمنی، قەیرانی دارایی بەتایبەت بەراورد بە مانگەکانی پێشوو نرخی نەوت کە ئابوری عێراق پشتی پێدەبەستێت، زۆر دابەزیوە، ئەو قەیرانانەن لەغیابی حکومەتدا بەرۆکی عێراقیان گرتووە.

هاوکات لەگەڵ ئەو قەیرانانەدا، شەڕ و کێشەی گەورە وڵاتانی دەوروبەری عێراقیان گرتۆتەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت لەحاڵەتی بەردەوامی قەیرانی سیاسی دا لەعێراق، گرفتی گەورەتر دووچاری ئەو وڵاتە ببێت.

سەرباری هەموو ئەو مەترسیانەی ڕوویان لەعێراق کردووە، ناکۆکی و درزی نێوان لایەنە سیاسیەکان گەیشتوونەتە ئاستێک، کە چارەسەرکردنی گرفتەکان و گەیشتنیان بەرێککەوتن ئاسان نەبێت.

شێرکۆ میروەیس، روونیکردەوە رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا، کەسێکی تر لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت رسپێردرێت.

رەنگە دەستنیشانکردنی کەسێکی تر بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت جارێکی تر مشت و مڕی لێبکەوێتەوە، بەو پێیەی شیعەکان لەسەر ئەم پرسە کۆک نین، بەشێکیان دەیانەوێت بگەرێنەوە بۆ کوتلەی گەورەی پەرلەمانی و بەشێکی تریان ڕای سەرجەم کوتلەو پێکهاتەکان بەگرنگ دەزانن.

حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بەرژەوەندی عێراق وا دەخوازێ کە پەلە بکرێ لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق."

رەنگە ئەو فاکتەرانەی بوونە هۆی شکستهێنانی محەمەد عەلاوی لە پێکهێنانی کابینەکەیدا، دووچاری ئەو کاندیدەش بێت کەدوای عەلاوی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێردرێ، بەو پێیەی خواستی شەقامی عێراقی و بەرژەوەندی کوتلە سیاسیەکان جیاواز و دوورن لە یەکتریەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:04 0:00


XS
SM
MD
LG