Accessibility links

مشت و مڕ لەنێوان دۆست و نەیارەکانی محەمەد عەلاوی بەردەوامە


شکست هێنانی محەمەد تۆفیق عەلاوی لە پێکێهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ، مشت و مڕی بەدوای خۆیدا هێناوە، پشتیوانیکارانی شکست هێنانی بۆ گەلەکۆمە لێکردنی لەلایەن "گەندەڵکاران" و نەیارەکانیشی بۆ خراپی مامەڵە و ناڕوونی بەرنامەکەی دەیگێڕنەوە.

شکستهێنانی عەلاوی

شکست هێنانی محەمەد تۆفیق عەلاوی، پەیوەندی بە نیگەرانبوونی بەشێکی زۆر لەهێزە سیاسیەکانی کورد، شیعە و سونەوە هەبوو لێی، کە ڕەخنە لە شێوازی مامەڵەو بەرنامە حکومیەکەی دەگرن.

عەلاوی نەچووە ژێر باری دانانی کاندیدی لایەنە حیزبیەکان بۆ وەزارەتەکان، لەکاتێکدا وەرگرتنی متمانەی کابینەکەی، پێویستی بەدەنگی پەرلەمانتارانی سەربە حیزبەکان بوو.

کاوە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، پێیوایە شکست هێنانی عەلاوی پەیوەندی بە هاوپەیمانێتی و گەلەکۆمەلێکردنیەوە هەبوو، لەلایەن هێزە گەندەڵ و تەزویرچیەکانی کورد، شیعە و سونەوە.

کاوە محەمەد، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هێزە گەندەڵەکانی شیعە، سونە و کورد هەرچەندە لە ڕواڵەتدا ناکۆکن، بەڵام هاوپەیمانێتیەکی ڕانەگەیەنراویان بۆ برەو دان بەگەندەڵی و رێگرتن لە رۆیشتنی پرۆسەی سیاسی بۆ سەر رێچکەی ڕاست هەیە."

بەبڕوای کاوە محەمەد، عەلاوی بەرنامەی وابوو، پشک پشکێنەی سیاسی تێپەڕێنێت و وەزیرەکانی کابینەکەی کار بۆ گەلی عێراق بکەن نەک حیزبەکان، پلانی هەڵدانەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی و ئامادەکاریشی هەبوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک،"بۆیە نەیارەکانی یەکیانگرت لەدژی."

بەڵام عەدنان کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە حیزبەکەی لەبەرنامە و شێوازی مامەڵەی عەلاوی ناڕازی بوو، دۆخەکە پێچەوانە دەبینێت، دەڵێت"عەلاوی نە ئامانجی چاکسازی بوو، نە پلانیشی بۆی هەبوو، بەڵکو لەقومەوە و لەدەرئەنجامی رێککەوتنی نێوان سەدر و عامری کاندید کرابوو."

بەپێی وتەی عەدنان کەرکوکی، عەلاوی پلانی پشتگوێ خستنی کورد و سونەی هەبووە، هەروەها بەرنامەکەی ڕوون نەبووە و خوێندنەوەی هەڵەشی بۆ دۆخەکە هەبووە، ، جەختیکردەوە"هێزە نیشتیمانی و دیموکراتیخوازەکان دژی وەستانەوە."

کێ بەرپرسیارە لە شکستهێنانی عەلاوی ؟

شکست هێنانی محەمەد تۆفیق عەلاوی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، قەیرانی سیاسی وڵاتی گەڕاندەوە بۆ خاڵی سەرەتا، کە بەوتەی سەرچاوەکان، ئەمە خواستی ئەو لایەنانە نەبووە کە خۆیان بە هاوپەیمانی عێراق دەزانن.

زانیاریەکان ئاماژەبەوەدەکەن، بەشێک لە وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، نیگەرانن لە مامەڵەی کورد و سونە و پێیانوایە، بەشێکی گەورەی شکست هێنانی عەلاوی لە ئەستۆی ئەواندایە.

بەڵام خەسرەو گۆڕان ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، دەڵێت" تەنها کورد بەرپرسیار نیە، خۆ ژمارەی پەرلەمانتارانی کورد ناگاتە 20%، تا تەحەکوم بە دۆخەکەوە بکات، بەڵکو تێکڕای شیعە و سونەش لە عەلاوی ناڕازی بوون."

بەرپرسەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕوونیکردەوە کورد ڕازی نابێت عەلاوی بێ پرس و ڕاوێژی لایەنەکان، سەربەخۆیانە بێت کاندیدی کورد بۆ پۆستەکان دەست نیشان بکات، وتی"عەلاوی دەیویست بێ سەردانیکردنی هەرێم و ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەکان، خۆی وەزیر بۆ کورد دانێت، ئەمە قەبوڵ ناکرێت، سونە و شیعەش لە شێوازی کارکردنی ناڕازی بوون."

کاندیدی داهاتووی سەرۆک وەزیران

دوای شکست هێنانی محەمەد تۆفیق عەلاوی لە پێکهێنانی حکومەت، لە ئێستادا سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ کوتلە سیاسیەکان سەرقاڵی گفتووگۆ و ڕاوێژە بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێکی تر ، تا لەماوەی 15 رۆژدا، ڕایسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.

جگە لە مستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری، عەلی شوکری راوێژکار لەسەرۆکایەتی کۆمار، ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرە، ناوی چەند مامۆستایەکی زانکۆش لە ئارادایە، تا یەکێکیان بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێردرێت.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"کاندیدی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکومەت هەر کەسایەتیەک بێت، لەنێوخۆ و دەرەوەش پشتیوانی دەکرێت و ناهێڵرێت شکست بێنێت لە پێکهێنانی حکومەت."

وتیشی"رەنگە کاندیدی داهاتووش، هاوشێوەی عەلاوی، ڕاوی بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی عێراقی لەسەر نەبێت، بەڵام دۆخی عێراق وا دەخوازێت رێگە لەکەوتنی بگیرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:08 0:00


XS
SM
MD
LG