Accessibility links

عەدنان زەرفی لە نێوان پێکهێنانی حکومەت و هەوڵەکان بۆ شکست پێهێنانیدا


ڕاسپاردنی عەدنان زەرفی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، ناڕەزایەتی لای بەشێک لە هێزە شیعیەکان دروستکردووە، کورد و سونەش دەیانەوێت پێش هەڵوێست دەربڕین، لە کارنامەی زەرفی تێبگەن.

هەرچەندە زەرفی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێردراوە، بەڵام گەر لە گفتووگۆ و دانوستانەکانیدا لەگەڵ پێکهاتە و لایەنەکان سەرکەوتوو نەبێت، ڕەنگە هاوشێوەی محەمەد تۆفیق عەلاوی، لەنێو پەرلەمانەوە شکستی پێ بهێنرێت.

یەکلایی کردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، لەکاتێکدایە لیژنە حەوت کەسیەکەی لایەنە شیعیەکان، شکستیان هێنا لە کاندیدکردنی کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران، کە کۆدەنگی هەموویانی لەسەر بێت.

شێرکۆ میروەیس بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دەبێت سەرەتا لەکارنامەی زەرفی تێ بگەین، بزانین چی چارەسەرێکی بۆ دۆخی نالەباری عێراق پێ یە، تێڕوانینی بەرامبەر مافە دەستوریەکانی هەرێم چۆنە، چۆن دەتوانێت ئاڵۆزیەکانی نێوماڵی شیعی تێپەڕێنێت."

عەدنان زەرفی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت، پێشتر دووجار پارێزگاری نەجەف بووە، هەروەها پەرلەمانتاری عێراقە و بەکەسایەتیەکی نزیک لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەناسرێت.

زەرفی دوای ڕووخانی بەعس لەلایەن پۆل برێمەر حاکمی ئەوکاتی مەدەنی عێراقەوە بە پارێزگاری نەجەف دانراوە، بۆیە ئەمە و نزیکایەتیەکەشی لە عەبادی، وایکردووە وەکو کەسایەتیەکی دوور لە ئێران و نزیک لە بەرە نێودەوڵەتیەکە لێی بڕوانرێت.

کاندیدکردنی زەرفی لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە، کاردانەوەی لای بەشێک لەو هێزە شیعیانە دروستکرد کە بەنزیکایەتی لە ئێران لێیان دەڕوانرێت، بەتایبەت کوتلەی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری، لەڕاگەیەنراوێکدا، سەرۆک کۆماری بە پێشێلکردنی دەستور تۆمەتبارکرد، بەوەی زەرفی لەدەرەوەی چوارچێوە دەستوریەکان ڕاسپاردووە.

باسم خەزعەلی پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق، بەدووری دەزانێت زەرفی لەلایەن پەرلەمانەوە متمانە وەربگرێت، بەو پێیەی سەرۆک کۆمار لەدەرەوەی لیژنە حەوت کەسیەکەی لایەنە شیعەکان ڕایسپاردووە.

بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا، بەبیانووی ئەوەی هێشتا زووە قسە لەسەر ڕاسپاردنی زەرفی بکات نەیویست ناوی بهێنرێت، جیاوازتر لە خەزعەلی لە دۆخەکە دەڕوانێت، پێیوایە متمانە وەرگرتنی زەرفی لەلایەن پەرلەمانەوە بەستراوەتەوە بە ئاراستەی دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنەکان، کە ئەو سەرچاوەیە زەرفی بە کەسێکی سەرکەوتوو لە دانوستان دا وەسف دەکات.

سەرچاوەکە، وتی"عەلاوی هەڵوێستی دیار نیە، موقتەدا سەدر قسەکانی لاستیکی بوو، کوتلەی فەتحیش بەشێک لەپەرلەمانتارەکانی بە نوسراوی فەرمی بۆ سەرۆک کۆمار پشتگیری زەرفیان کردووە، تەیاری حیکمەش لە بەیندایە."

وتیشی"دوای لێدوانەکەی زەرفی سەبارەت بە مافە دەستوریەکانی هەرێم، کوردیش خیتابی نەرم بۆتەوە."

ئەو لایەنانەی دژی زەرفین، ئەوانەن زیاتر لەژێر هەژموونی ئێراندان و گومانیان لە نیەتی ناوبراو بەرامبەر بە داهاتووی هێزەکانی حەشدی شەعبی هەیە، گەرچی زەرفی ستایشی حەشدی کرد لە ڕاگەیەنراوەکەیدا.

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، بەشێک لە موشەک بارانکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان پەیوەندی بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقەوە هەیە، بەوەی هێزە شیعیەکان ترسی لاوازکردنی پێگەیان هەیە.

شێرکۆ میروەیس، وتی"دەخالەتی هەندێک هێزی نادیار کە لەژێر ناوی جیاجیادا پەلامار دەدەن، پەیوەندی بە ترسیانەوە هەیە لە دەرهێنانی چەک لەبن دەستیان و گێڕانەوەی هەیبەت بۆ حکومەت، کەئەمەش لەسایەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دا دێتە دی."

عەدنان زەرفی گەر لەلایەن پەرلەمانی عێراقیشەوە متمانە بەدەست بهێنێت، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدیاتی گەورە دەبێتەوە، بەتایبەت گرفتی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ئاڵۆزیە ناوخۆییەکانی عێراق لەمپەری گەورەن لەبەردەمیدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:15 0:00


XS
SM
MD
LG