Accessibility links

د.یوسف محەمەد: ئامادەنەبوونی پارتی بۆ گۆڕینی فوئاد حسێن هۆکارێکی سەرەکی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو


 د.یوسف محمد سه‌رۆكی ده‌سله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق
د.یوسف محمد سه‌رۆكی ده‌سله‌كاركێشاوه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان- عیراق

د.یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عیراق له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌ڵێت" به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كیترین هۆكاره‌كانی بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ ئێستادا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌پێشوتردا عه‌لاوی ڕازی نه‌بوو به‌دانانه‌وه‌ی د.فوئاد حسێن به‌وه‌زیری دارایی وه‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئاماده‌نه‌بوون بیگۆڕن بۆیه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم باجی ئه‌وه‌یان دا هه‌م سه‌دریه‌كان له‌ڕێگای ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ تۆڵه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ وه‌هه‌م پێشتر عه‌لاوی وتبووی بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم هێڵی سوره‌، ده‌شڵێت، خاڵێكی تر ئه‌وه‌یه‌ به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ئۆپێك كردویه‌تی له‌گه‌ڵ عیراق پێویسته‌ ڕێژه‌ی نه‌وتی دابگیرێت به‌هه‌رێمی كوردستانی وتووه‌ به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان وتویانه‌ ناتوانین، د.یوسف ئه‌وه‌شی وت" بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌پێی یاسای بودجه‌ نایاساییه‌ به‌ڵام له‌ئێستادا گرتنه‌به‌ری ڕێگای یاسایی دژی ئه‌و بڕیاره‌ ئاسان نیه‌ چونكه‌ دادگای فیدراڵی ڕێژه‌ی یاسایی ته‌واو نیه‌."

"بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عیراق له‌وه‌ڵامی ئه‌رو پرسیاره‌ی له‌دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی عیراقی به‌رده‌وام نوێنه‌ره‌ كورده‌كان له‌به‌غداد باسیان له‌وه‌ده‌كرد جارێكی تر به‌شه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نابڕدرێت چونكه‌ به‌ده‌ركراوه‌ له‌ كێشه‌ سیاسیه‌كان، ده‌ڵێت" ڕاسته‌ له‌كاتی گفتوگۆكانی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2019 دا، وه‌كو فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان وئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌وه‌مان باسكرد كه‌ له‌ یاسای بودجه‌ی 2019موچه‌ی فه‌رامانبه‌رانی هه‌رێم به‌ بڕگه‌ی مادده‌ی (ج) له‌مادده‌ی (10) ی یاساكه‌، بۆ یه‌كه‌مجار ده‌قێك له‌یاسای بودجه‌ی عێراق جێكرایه‌وه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بوو به‌و بڕه‌ی كه‌ له‌ یاسای بودجه‌دا بۆی دانراوه‌، ئه‌وا به‌و ڕێژه‌یه‌ی كه‌ زیان ده‌دات له‌ بودجه‌ی عێراق له‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕدرێت، به‌ڵام موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌مه‌ جیاكرابوویه‌وه‌، پێشتر له‌ هه‌موو یاساكانی بودجه‌ی ساڵه‌كانی تر به‌تایبه‌تی له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2015 كه‌ ڕێكه‌وتن له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا كرا،كه‌ هه‌رێم 300 هه‌زار نه‌وتی كێڵگه‌كانی كه‌ركوك بدات به‌ ( سۆمۆ ) له‌ڕێگه‌ی بۆرییه‌كانی خۆیه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ناوخۆی هه‌رێم، وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ حكومه‌تی عێراقی بودجه‌كه‌ی بۆ بنێرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌رێم ئه‌و بڕه‌ی نه‌نارد، ئه‌وا حكومه‌تی عێراقی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ند نابێت به‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان."

" سێ مانگی ساڵی 2020 به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌به‌غداوه‌ هاتووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئێستاش كێشه‌كه‌ سیاسی و داراییه‌ "

د.یوسف ڕوونیشیكرده‌وه‌" له‌ یاسای بودجه‌ی 2019 دا دوو گۆڕانكاری كرا، یه‌كه‌م ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند نه‌بوو ، وه‌ هه‌رێم بڕی ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیله‌ی نه‌ینێرێت به‌وه‌ هه‌رێم بێبه‌ش ده‌بێت له‌ ناردنی بودجه‌ی عێراق له‌گه‌ڵیدا به‌ده‌ر له‌موچه‌ی فه‌رامانبه‌رانی هه‌رێم ئه‌مه‌ بۆ یاسای بودجه‌ی 2019 بوو. ئه‌و كات وتمان پێویسته‌ به‌زوویی ڕێكه‌وتن بكرێت له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ یه‌كلا كردنه‌وه‌ی مه‌له‌فی نه‌وت و غاز به‌ڵام سێ مانگی ساڵی 2020 به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌به‌غداوه‌ هاتووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان وه‌ ئێستاش له‌به‌رئه‌وه‌ی عیراق یاسای بودجه‌ی 2020 نیه‌، به‌پێ ی مادده‌ی (13) ی ئیداره‌ی دارایی عێراق كه‌ له‌ساڵی 2019 په‌سه‌ند كراوه‌، ده‌بوو حكومه‌تی عێراقی ئه‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌ی كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كراوه‌، بینێرێت به‌ڵام ڕاستیه‌كه‌ی ئێستا كێشه‌كه‌ سیاسی و ئابوری یه‌ له‌هه‌مان كاتدا، په‌یوه‌ندی به‌دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌، عێراق خۆی قه‌یرانی هه‌یه‌ وه‌ تابێت قه‌یرانه‌كانی زیاتر ئاڵۆز ده‌بێت."

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌خاڵێكی تر كرد و وتی" دووه‌م عێراق به‌پێی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ی كه‌ ئۆپێك كردوویه‌تی پێویست ده‌كات بڕی نه‌وته‌كه‌ی خۆی دابگرێت وه‌ له‌گه‌ڵیشدا داوای له‌ هه‌رێم كردووه‌، هه‌رێمیش بڕی نه‌وته‌كه‌ی خۆی دابگرێت به‌ڵام هه‌رێم باسی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ ناتوانن به‌و بڕه‌ی عێراق به‌ڵێنی داوه‌ ، بڕه‌كه‌یان دابگرن واته‌ 23% ی كۆی هه‌نارده‌ كردنی نه‌وتی پێویسته‌ له‌ عێراق دایبگرێت. هه‌رێم له‌وانه‌ نیه‌ بتوانن پابه‌ند بێت،ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر له‌ عێراقدا هه‌یه‌. "

"له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان فشارێكی زۆر له‌سه‌ر عادلعه‌بدولمه‌هدی هه‌بوو به‌ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك په‌رله‌مانتار به‌ ئاشكرا داوای له‌سێداره‌دانیان ده‌كرد "

ڕاشیگه‌یاند" نه‌ناردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ بڕیار بوو هه‌رێم بیدات له‌ ساڵی 2019 به‌ته‌واوه‌تی و له‌م چوار مانگه‌ی 2020 دا، فشارێكی زۆری له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ی عێراق دروستكردووه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران بڕۆنه‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و بڵێن پێویست ده‌كات عادل عبدولمه‌هدی دادگای بكرێت و له‌سێداره‌ بدرێت، ئه‌م فشارانه‌ و دروست بوونی ناكۆكی له‌نێوان به‌شێكی زۆر له‌ كوتله‌ شیعه‌كانی عێراق و به‌شێك له‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مانه‌ هه‌مووی پاڵنه‌رن كه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم بڕاوه‌."

ده‌رباره‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی ده‌وترێت ڕه‌نگه‌ لایه‌نی كوردی هه‌بن له‌پشت بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ئه‌وان داوایان له‌ حكومه‌تی عیراقی كردبێت، د.یوسف محه‌مه‌د وتی" هیچ زانیاریه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ لای ئێمه‌ نیه‌. ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ فشارێكی زۆر له‌سه‌ر حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ی عێراق هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێم ناچار بكات به‌ ئیلتیزامه‌ نه‌وتیه‌كانی خۆی وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ناكۆكی سیاسی كوتله‌ شیعه‌كان و هه‌ندێك له‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دروست بووه‌. "

د.یوسف محه‌مه‌د باسی ئه‌وه‌شیكرد " باس له‌وه‌ ده‌كرێت یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان ڕه‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بوو بێت كه‌ وتوێژه‌كانی دروستكردنی حكومه‌ته‌كه‌ی محمد عه‌لاوی په‌كخرا به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئاماده‌ نه‌بوو د.فوئاد حسێن به‌ وه‌زیر دابنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ سه‌دریه‌كانی زۆر نیگه‌ران كردووه‌ ، وه‌ ئه‌مینداری گشتی حكومه‌تی عێراقیش سه‌درییه‌، وه‌ له‌ ئۆفیسه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه‌ ئه‌م پرسانه‌ جوڵێنراون و فشار له‌ عادل عبدولمه‌هدی كرابێت ئه‌مانه‌و كۆمه‌ڵێك فشاری سیاسی تر ڕه‌نگه‌ هۆكار بوو بێت."

د.یوسف محه‌مه‌د ده‌شڵێت" لایه‌كی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌و ئیلتیزامانه‌ی كه‌ له‌ یاسای بودجه‌ی 2019 خراوه‌ته‌ سه‌ر شانی كه‌ ده‌بوو 250 هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه‌ بدات به‌ سۆمۆ وه‌ له‌گه‌ڵیشیدا داهاتی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی عێراقی، داهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم شه‌فاف نیین كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌، ڕاسته‌ ئێمه‌ موچه‌مان به‌ده‌ر كرد له‌مه‌سه‌له‌ی ئیلتزامه‌ نه‌وتیه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌ڵام ئێمه‌ چه‌ند جار ساڵی ڕابردوو داوامان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم كرد كه‌ ئه‌گه‌ر بۆ پیشاندانی نیه‌ت پاكیش بێت بڕێك به‌شدار بێت له‌ناردنی نه‌وت له‌ڕێگه‌ی (سۆمۆ) وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌یه‌كی باش بێت كه‌ هه‌رێم ده‌یه‌وێت ڕێكه‌وتنی كۆتایی له‌بواری نه‌وت و غازدا ئه‌نجام بدات، به‌ڵام ئه‌مه‌ی ئێستاش كه‌ حكومه‌تی عێراقی كردوویه‌تی نایاساییه‌ چونكه‌ ده‌بوو پابه‌ند بێت به‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2019 وه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌مانگه‌كانی یه‌ك و دوو و سێ پابه‌ندبووه‌ و یه‌ك له‌سه‌ر دوانزه‌ی نه‌فه‌قاتی ناردووه‌."

"په‌نا بردن بۆ دادگاش له‌ ئێستادا ئاسان نیه‌ "

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت سكاڵا له‌سه‌ر حكومه‌تی عیراق تۆمار بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆت ده‌ڵێیت حكومه‌تی عیراق پێشێلی یاسای كردووه‌؟

سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی عیراق وتی" كێشه‌كه‌ له‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا دادگای باڵای فیدراڵی په‌كی كه‌وتووه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی ڕێژه‌ی یاسایی دادگاكه‌ و په‌نا بردن بۆ دادگاش له‌ ئێستادا ئاسان نیه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ بكرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و كێشانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی یه‌كلا بكرێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی چانسی سه‌ركه‌وتنی هه‌بێت، گرنگه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی ئیجابی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌ بكات و هه‌وڵ بدات له‌دروستكردنی ئه‌م حكومه‌ته‌، ئه‌وه‌نده‌ی له‌خه‌می ئه‌وه‌دابێت كه‌ موچه‌و قوتی خه‌ڵكی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكرێت، ئه‌وه‌نده‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بێ كێ ئه‌بێت به‌ وه‌زیر و كێ نابێت به‌ وه‌زیر ."

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌واته‌ به‌پێی قسه‌كانی تۆ موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان باجی پێداگری كورد ده‌ده‌ن له‌دانانه‌وه‌ی وه‌زیری دارایی ئێستای عیراق له‌پۆسته‌كه‌یدا؟

د.یوسف محه‌مه‌د ده‌ڵێت"به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كێك له‌ سه‌ره‌كیترین هۆكاره‌كانی بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ ئێستادا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌پێشوتردا عه‌لاوی ڕازی نه‌بوو به‌دانانه‌وه‌ی د.فوئاد حسێن به‌وه‌زیری دارایی وه‌ سه‌ركردایه‌تی كوردیش ئاماده‌نه‌بوون بیگۆڕن فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم باجی ئه‌و پێداگرییه‌یان دا، من ده‌مه‌وێت بۆ ئێوه‌و گوێگرانی به‌ڕێزی ڕادیۆكه‌تان ڕوون بكه‌مه‌وه‌ دكتۆر محمد عه‌لاوی ئاماده‌بوو كه‌ ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق له‌كۆتایی 2019 دا بۆ بودجه‌ی 2020 كردبوویان جێ به‌جێی بكات و بیخاته‌ یاسای بودجه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ڕێكه‌وتنێكی زۆر هاوسه‌نگ بوو ،به‌داخه‌وه‌ وه‌فدی هه‌رێم زۆر دواكه‌وت له‌هاتن بۆ به‌غدا و ئه‌نجامدانی ڕێكه‌وتن له‌بواری نه‌وت و بودجه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ بچوایه‌ بواری جێ به‌جێ كردنه‌وه‌ ، كێشه‌كانی هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌بوو. حكومه‌تی هه‌رێمیش ئاماده‌ بوو له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2020 وه‌ 250 به‌رمیل نه‌وت ڕۆژانه‌ پێشكه‌ش بكات.نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ محمد عه‌لاوی به‌راِشكاوی به‌وه‌فدی كوردی ڕاگه‌یاند،وه‌ ئێمه‌ خۆمان دانیشتین له‌گه‌ڵی وه‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی فراكسۆنی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی ، له‌گه‌ڵ ئێمه‌ش هه‌ر باسی كرد، له‌و دانیشتنه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدی حیزبه‌كان باسی كردبوو ، ئه‌وه‌ی باس كردبوو كه‌ بڕینی موچه‌ی خه‌ڵك لای ئه‌و هێڵی سوره‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بیری لێ ناكاته‌وه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پێك هێنانی ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌سه‌ر پۆستی وه‌زیرێك په‌كی خرا له‌ لایه‌ن كورده‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ئاسه‌واره‌ خراپه‌كانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین ئه‌و فشاره‌یه‌ كه‌له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ و بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانێتی."

"ئه‌وه‌ی كه‌ بیستومه‌ پارتی تا ئێستاش پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ دكتۆر فوئاد حسێن وه‌زیر بێت "

د.یوسف محه‌مه‌د ده‌شڵێت" ئه‌وه‌ی كه‌ بیستومه‌ پارتی تا ئێستاش پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ دكتۆر فوئاد حسێن وه‌زیر بێت ، من هیچ كێشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ شه‌خسی د.فوئاد نیه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ دانانی وه‌زیرێك بكرێت به‌ مه‌رجی كورد بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ، ئه‌مه‌ به‌لای منه‌وه‌ كێشه‌یه‌. پێویست نیه‌ ئێمه‌ دانانی وه‌زیرێك بكه‌ین به‌مه‌رجی گفتوگۆكان ، به‌ڵكو پێویست ده‌كات ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌یكه‌ینه‌ مه‌رجی گفتوگۆكان ، په‌یوه‌ندیدار بێت به‌ موچه‌و قوتی خه‌ڵك،یان ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر مه‌له‌فی نه‌وت و كێشه‌ی ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان بێت كه‌ ئێستا له‌ هه‌موو كات دۆخه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌ خراپتره‌ له‌ڕووی سیاسه‌تی ته‌عریبه‌وه‌ واته‌ پێویست بوو ئه‌مانه‌ بكه‌ین به‌مه‌رجی گفتوگۆكانمان."

هه‌روه‌ها وتی"ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌و دانوستانانه‌ی كه‌ ده‌كرێت بۆ دروستكردنی حكومه‌تی عێراقی ، وه‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئێمه‌ له‌ فراكسۆنه‌ كوردستانیه‌كان پێویست ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌ شیعه‌كان و كۆی هێزه‌ سیاسیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ یه‌كلا كردنه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقی بكه‌وینه‌ دانوستان سه‌باره‌ت به‌یه‌كلا كردنه‌وه‌ی مه‌له‌فی پێك هێنانی حكومه‌تی عێراقی یان مانه‌وه‌ی دكتور عادل عبدولمه‌هدی له‌پۆسته‌كه‌ی، وه‌ بۆ قسه‌ كردن له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ ئابورییه‌ سه‌خته‌ی ڕووی له‌ عێراق كردووه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتن له‌بواری نه‌وت و غازی هه‌رێم و مه‌سه‌له‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:29 0:00


XS
SM
MD
LG