Accessibility links

د.مه‌حمود عوسمان: به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراقه‌ و له‌ توركیا نییه‌ ئێمه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ عێراق ڕێك بكه‌وین و هاوكاری بكه‌ین


د.مه‌حمود عوسمان
د.مه‌حمود عوسمان

د.مه‌حمود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری سه‌ربه‌خۆی كورد كه‌هاوكات په‌رله‌مانتاری پێشوتری په‌رله‌مانی عیراقه‌ ده‌ڵێت" من بڕوام وایه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراقه‌ و له‌ توركیا نییه‌، وه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق هاوكاربن و به‌ره‌نگاری ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی توركیا ببنه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ عێراق ڕێك بكه‌وین و هاوكاری بكه‌ین ، به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان بپارێزین ، په‌یوه‌ندیشمان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كانی تریشدا بێت به‌ڵام په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران له‌سه‌ر حیسابی كوردی توركیا و ئێران نه‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت" پێم خۆشه‌ كازمی چووه‌ زاخۆ ئومێده‌وارم ئه‌م هاتنه‌ی كازمی باش بێت بۆ وه‌ستان به‌توندی به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی توركیا له‌وێ ئه‌و شوێنانه‌ ببینێت كه‌توركیا بۆمبارانی كردووه‌ و وێرانی كردوون له‌ دێهات و پرد و ئه‌وانه‌، وه‌ له‌ سلێمانیش ده‌توانێت ئه‌و شوێنانه‌ ببینێت بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق هه‌ڵوێستی توندتربێت به‌رامبه‌ر توركیا "

"سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی هه‌نگاوێكی باشه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا د.مه‌حموود عوسمان وتی " سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی هه‌نگاوێكی باشه‌ كازمی شاره‌زایه‌ له‌ كێشه‌ی كورد، زۆرجار له‌ كوردستان بووه‌ وه‌ ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌رێك بدۆزێته‌وه‌ بێگومان لایه‌نی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه‌ چونكه‌ زۆر هه‌وڵیانداوه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان هیچی سوودی نه‌بووه‌، هه‌ر ده‌بێت هه‌ردوولا له‌عێراقدا هه‌وڵبده‌ن چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه‌، ئومێده‌وارم سه‌ردانه‌كه‌ی سوودی هه‌بێت و له‌و هه‌نگاوانه‌ بچینه‌ پێش و زیاتر لێك نزیك ببنه‌وه‌ و بتوانین ورده‌ ورده‌ ڕێگه‌ بكه‌نه‌وه‌ بۆ گفتوگۆی جددی له‌سه‌ر هه‌موو كێشه‌كاندا."

" هه‌ندێك خاڵ هه‌یه‌ كه‌ وه‌فدێك به‌ته‌نها ناتوانێت چاره‌سه‌ری بكات "

سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی له‌كاتێئكدا شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غداد-ی كردبوو؟ د.مه‌حمود عوسمان ده‌ڵێت" شه‌وی ڕابردووتر وه‌فده‌كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ خاڵ زۆر باسكراوه‌ و چه‌ندجار ئه‌و وه‌فده‌ چوون، هه‌ندێك خاڵ هه‌یه‌ كه‌ وه‌فدێك به‌ته‌نها ناتوانێت چاره‌سه‌ری بكات له‌به‌رئه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ خاڵ هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بكه‌ن به‌شێوه‌یه‌ك كازمی هاتووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیه‌كان لێره‌و له‌ سلێمانی و له‌ دهۆك قسه‌ بكات به‌ڵكو چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه‌ هه‌نگاوێكه‌ بۆ پێشه‌وه‌."

هه‌روه‌ها وتیشی" گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ببێت له‌هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵك موچه‌ی كه‌مه‌ یان هه‌ندێك جارنییه‌ و هه‌ندێك جاریش لێی ده‌بڕن، مه‌سه‌له‌ی ژیان و بژێوی خه‌ڵك هه‌مووی له‌سه‌ر ئه‌و مووچه‌یه‌ وه‌ستاوه‌ وه‌تاڕاده‌یه‌كی زۆر پاره‌و موچه‌كه‌ش په‌یوه‌ندی به‌بودجه‌ی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی 2021، گرنگه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌نه‌ ئه‌نجام به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ وه‌كو سه‌ره‌تا له‌ ڕووی بودجه‌ و موچه‌و ئه‌وانه‌."

"كازمی خۆی به‌ته‌نها ناتوانێت كار بكات "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به‌بڕوای تۆ هاتنی كازمی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌كات؟ د.مه‌حمود عوسمان وتی" نازانم چاره‌سه‌ری ده‌كات یان نا به‌ڵام كازمی خۆی به‌ته‌نها ناتوانێت كار بكات، كازمیش شاندێكی له‌گه‌ڵدایه‌ وه‌ هه‌روه‌ها له‌به‌غدادیش كوتله‌ هه‌ن حزبه‌كانیش هه‌ن لایه‌نی شیعه‌ و لایه‌نی سوننه‌ هه‌یه‌، له‌ په‌رله‌مان و له‌حكومه‌ت ئه‌مانه‌ هه‌مووی بۆچوونی خۆیان هه‌یه‌ و فشاریش له‌ كازمی ده‌كه‌ن له‌ هه‌ندێك ڕووه‌وه‌ كه‌زیاد له‌پێویست به‌ره‌و هه‌رێم نه‌ڕوات، به‌بۆچوونی من نازانم چاره‌سه‌ری ده‌كات یان نا، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌نگاوێك ده‌بێت بۆ پێشه‌وه‌."

"پێم خۆشه‌ كازمی چووه‌ زاخۆ "

د.مه‌حمود عوسمان ئه‌وه‌شی وت" من پێم خۆشه‌ كازمی چووه‌ زاخۆش، له‌وێ ئه‌و شوێنانه‌ ببینێت كه‌توركیا بۆمبارانی كردووه‌ و وێرانی كردوون له‌ دێهات و پرد و ئه‌وانه‌، وه‌ له‌ سلێمانیش ده‌توانێت ئه‌و شوێنانه‌ ببینێت بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق هه‌ڵوێستی توندتربێت به‌رامبه‌ر توركیا كه‌ هه‌میشه‌ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌ بێگومان عێراقیشه‌، ئومێده‌وارم ئه‌م هاتنه‌ی كازمی باش بێت بۆ وه‌ستان به‌توندی به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی توركیا."

"كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غداد به‌جددی به‌ره‌نگاری توركیا ببنه‌وه‌ "

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ كورده‌ ده‌شڵێت" سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی بۆ هه‌رێم په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ ته‌حه‌دداكردنی توركیاوه‌،خۆ وڵاتی خۆیه‌تی و هاتووه‌ سه‌ردانی ده‌كات به‌ڵام به‌بڕوای من كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غداد به‌جددی به‌ره‌نگاری توركیا ببنه‌وه‌ وه‌ شكاتی لێبكه‌ن له‌ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چونكه‌ توركیا هه‌موو سنوره‌كانی تێپه‌ڕاندووه‌ و په‌لاماری هه‌موو لایه‌ك ده‌دات وه‌ پێویسته‌ سنورێكی بۆ دابنرێت. "

"توركیا یه‌ك شتی له‌ كورد ده‌وێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ بكات، واته‌ كورد یه‌كتری بكوژن، به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراقه‌ و له‌ توركیا نییه‌ "

به‌بڕوای تۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵوێستی له‌وجۆره‌ی ده‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقیدا سكاڵا له‌توركیا بكات له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش؟ د.مه‌حمود عوسمان به‌مجۆره‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی " نازانم، به‌ڵام باشتره‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ بنێت چونكه‌ توركیا دۆستی كورد نیه‌، توركیا دژی كورده‌ له‌هه‌ر شوێنێك بێت، وه‌ توركیا یه‌ك شتی له‌ كورد ده‌وێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ بكات، واته‌ كورد یه‌كتری بكوژن ئه‌مه‌ ئامانجی توركیایه‌ ، قسه‌كانی چاوش ئۆغڵۆ ده‌ڵێت سلێمانی نیوه‌ی په‌كه‌كه‌ داگیری كردووه، وه‌ خه‌ریكه‌ هه‌ولێریش داگیر ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ نه‌هێڵن ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ دێت كه‌بێن له‌گه‌ڵماندا با پێكه‌وه‌ شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ بكه‌ین، توركیا هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وێت، له‌به‌رئه‌وه‌ من بڕوام وایه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراقه‌ و له‌ توركیا نییه‌، وه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق هاوكاربن ، وه‌ به‌ره‌نگاری ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی توركیا ببنه‌وه‌. "

"په‌یوه‌ندیشمان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كانی تریشدا بێت به‌ڵام په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران له‌سه‌ر حیسابی كوردی توركیا و ئێران نه‌بێت. "

ئه‌گه‌ر تۆ بڕیار به‌ده‌ستی هه‌رێمی كوردستان بیت بۆ ڕێككه‌وتن توركیا هه‌ڵده‌بژێریت یا عیراق پێت وایه‌ كامه‌یان زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستانه‌؟ له‌وه‌ڵامدا د.مه‌حمود عوسمان وتی " بێگومان عێراق هه‌ڵده‌بژێرم چونكه‌ ئێمه‌ به‌شێكین له‌ عێراق و به‌شێك نیین له‌ توركیا، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بێت نه‌وت ده‌فرۆشێت و په‌یوه‌ندی بازرگانی، ئه‌وه‌ ئاساییه‌، به‌ڵام به‌شێكین له‌ عێراق وه‌ كێشه‌كانمان له‌ عێراقه‌ هه‌موو دونیاش پێمان ده‌ڵێت كه‌ كێشه‌كانتان ده‌بێت له‌ به‌غداد چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌و پرسیاره‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی ڕوونه‌ كه‌ئێمه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ عێراق ڕێك بكه‌وین و هاوكاری بكه‌ین ، به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان بپارێزین ، په‌یوه‌ندیشمان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌كانی تریشدا بێت به‌ڵام په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران له‌سه‌ر حیسابی كوردی توركیا و ئێران نه‌بێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:02 0:00



XS
SM
MD
LG