Accessibility links

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: حه‌قه‌ ئه‌گه‌ر له‌گوندێكیشدا بێت ئێمه‌ كارتی ڕیفراندۆم به‌كاربهێنین و ده‌وڵه‌تی كوردی ڕابگه‌یه‌نین


محەمەدی حاجی مەحمود
محەمەدی حاجی مەحمود

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود كه‌سایه‌تی سیاسی دیاری كورد له‌م گفتوگۆیه‌دا باس له‌ ساڵیادی ڕیفراندۆم له‌هه‌رێمی كوردستانی عیراق(25/09/2017) ده‌كات و ده‌ڵێت "من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ته‌نها گوندێكیشمان له‌ كوردستان هه‌بێت حه‌قه‌ كارتی ڕیفراندۆم به‌كاربهێنیین و ده‌وڵه‌تی كوردی ڕابگه‌یه‌نیین له‌یه‌ك گوندیشدا بێت لای من گرنگه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ناوچه‌یه‌كمان له‌ده‌ست نیه‌ و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانمان لێ دووره‌، كه‌ له‌گوندێك ڕامانگه‌یاند، من پێم وایه‌ ده‌گاته‌وه‌ هه‌موو شوێنه‌كانی ترخۆی بۆ خۆی چونكه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ ده‌نگ درا 25/9 ئه‌وانه‌ش كه‌ ناحه‌زی بوون و دوژمنی بوون نه‌یانتوانی خۆیان له‌به‌رده‌م ئیراده‌ی خه‌ڵكدا بگرن هه‌موویان چوون ده‌نگیاندا و په‌نجه‌شیان به‌رزكرده‌وه‌. "

"ڕۆژێكی پیرۆزه‌ له‌مێژووی دوور و درێژی كوردا نه‌بووه‌ به‌ئاسانی دوباره‌ نابێته‌وه‌، پێویستیش نییه‌ دوباره‌ بێته‌وه‌ "

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وتی" له‌ڕاستیدا ئه‌و ڕۆژه‌ ڕۆژێكی پیرۆزه‌ سڵاو بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ و بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه‌ ده‌نگیدا به‌ڕیفراندۆم، ڕۆژی 25/9 ڕۆژێكی مێژوویی یه‌ له‌ مێژووی كۆن و نوێی كورددا بۆ ئێستاش و بۆ داهاتووش واته‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ كه‌خه‌ڵكی كوردستان به‌ هه‌موو باوه‌ڕبوونێكی خۆی ده‌نگی داوه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژێرده‌سته‌یی و له‌ كۆیله‌یی و له‌ پله‌ ‌2-3 ی وڵاتان ڕزگاری ببێت، من پێم وایه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ڕۆژێكی گرنگ و مێژووییه له‌مێژووی دوور و درێژی كوردا نه‌بووه‌ . هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر كوردێك بپرسیت و پێی بڵێت ده‌وڵه‌تت ده‌وێت یان ژێرده‌سته‌یی ، هه‌ر ده‌ڵێت ده‌وڵه‌تم ده‌وێت به‌ڵام ڕیفراندۆمه‌كه‌ نامه‌یه‌ك بوو بۆ ناحه‌زه‌كانی كورد بۆ دوژمنه‌كانی كورد بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ دژی كوردبوون بۆ ئه‌وانه‌ش كه‌ باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد كه‌ كورد 93.8% ده‌نگ بدات بۆ سه‌ربه‌خۆیی من پێم وایه‌ هۆی ئه‌مانه‌ هه‌مووی گرنگه‌ رۆژێكی گرنگ و پیرۆزه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ئاسانی دوباره‌ نابێته‌وه‌، پێویستیش نییه‌ دوباره‌ بێته‌وه‌."

"هه‌ركاتێك بمانه‌وێت كار به‌ تاپۆ ڕه‌شه‌كه‌ ده‌كه‌ین"

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود دووباره‌ ڕیفراندۆمی به‌ تاپۆی ڕه‌ش ناوبرد و وتی" ئه‌و ڕۆژه‌بووه‌ به‌ تاپۆیه‌كی ڕه‌ش و له‌ باخه‌ڵی هه‌موو كوردێكدایه‌، ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ تاپۆیه‌كی ڕه‌شه‌، كاتی خۆی سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی تاپۆی ڕه‌ش هه‌بووه‌ هه‌تا ئێستاش له‌هه‌موو وڵاته‌كان هه‌یه‌ كاتی خۆی هه‌ر زه‌ویه‌كه‌ به‌ناوی ئه‌وان تاپۆ بكرایه‌ و تا ئێستاش هه‌یه‌. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و تاپۆیه‌كی ڕه‌شه‌ و له‌ گیرفانی هه‌موو كوردێكدایه‌ ، هه‌ركاتێك بته‌وێت ده‌رده‌هێنیت و كاری پێ ده‌كه‌یت واته‌ ئه‌و نامرێت چونكه‌ نه‌كه‌سێك ده‌توانێت له‌ناوی به‌رێت نه‌به‌قسه‌ی كه‌س ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ بۆته‌ مێژویه‌كیش له‌ ئه‌رشیفی ئه‌وانه‌ش كه‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختی كوردبوون و دژی بوون."

به‌بڕوای تۆ كه‌ی كاتی به‌كارهێنانی كارتی ڕیفراندۆمه‌ وه‌ك خۆت ده‌ڵێی "تاپۆ ڕه‌شه‌كه‌" له‌وه‌ڵامدا محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود وتی " من پێم وایه‌ هه‌موو كاتێك كاتیه‌تی به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ كوردستاندا په‌یوه‌ندیه‌كانی هێزه‌ سیاسیه‌كان له‌نێوان خۆیان ڕێك نه‌بن له‌سه‌ری، من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ته‌نها گوندێكیشمان له‌ كوردستان هه‌بێت حه‌قه‌ ئه‌وه‌ به‌كاربهێنیین و ده‌وڵه‌تی كوردی ڕابگه‌یه‌نیین واته‌ ئه‌گه‌ر له‌یه‌ك گوندیشدا بێت لای من گرنگه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ناوچه‌یه‌كمان له‌ده‌ست نیه‌ و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانمان لێ دووره‌، كه‌ له‌گوندێك ڕامانگه‌یاند، من پێم وایه‌ ده‌گاته‌وه‌ هه‌موو شوێنه‌كانی ترخۆی بۆ خۆی چونكه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ ده‌نگ درا 25/9 ئه‌وانه‌ش كه‌ ناحه‌زی بوون و دوژمنی بوون نه‌یانتوانی خۆیان له‌به‌رده‌م ئیراده‌ی خه‌ڵكدا بگرن هه‌موویان چوون ده‌نگیاندا و په‌نجه‌شیان به‌رزكرده‌وه‌. "

"ڕه‌نگه‌ ڕیفراندۆم له‌ هه‌ندێك وڵات بۆ گه‌ڕه‌كێك و بۆ ناوچه‌یه‌كی شاره‌وانیش بكرێت "

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌شڵێت"ڕه‌نگه‌ ڕیفراندۆم له‌ هه‌ندێك وڵات بۆ گه‌ڕه‌كێك و بۆ ناوچه‌یه‌كی شاره‌وانیش بكرێت بڵین زه‌ویه‌كی چۆڵ له‌و گه‌ڕه‌كه‌یه‌ بیكه‌ین به‌مزگه‌وت یان بیكه‌ین به‌ كه‌نیسه‌؟ بیكه‌ین به‌ باخچه‌ یا نه‌خۆشخانه یاخود به‌ قوتابخانه؟ ڕیفراندۆم بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كرێت، ئه‌ی باشه‌ میلله‌تێك له‌ سه‌ده‌ی 21 دا تائێستا سه‌ربه‌خۆیی نه‌بێت و نه‌توانێت به‌ئازادی قسه‌بكات و به‌ ئازادی بخوێنێت به‌ئازادی له‌ وڵاتی خۆی بێت باشه‌ حه‌قی نییه‌ بڵێت من چیم ده‌وێت؟ وتومانه‌ ئه‌م میلله‌ته‌ چی ده‌وێت؟ وتویان ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بین ده‌مانه‌وێت ئازاد بین هه‌مووی له‌ دنیادا باسی ئازادی ده‌كات، ئه‌ی میلله‌تێكی 40 ملیۆنی بۆ ژێرده‌سته‌ بێت بۆ ده‌ڕۆن ده‌وڵه‌تێك له‌ سودان جیاده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌وڵه‌تێكی بچوكی بۆ دروست ده‌كه‌ن له‌ باشوری سودان ڕایده‌گه‌یه‌نن و هه‌موو دنیا پشتیوانی لێده‌كات و له‌ سودانی گه‌وره‌ی جیاده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ته‌یموری ڕۆژهه‌ڵات له‌ 250 ملیۆن خه‌ڵكی ئه‌نده‌نوسیا و ئیسلامه‌كان جیاده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌وڵه‌تێكی بۆ ڕاده‌گه‌یه‌نن. "

" ده‌بووایه‌ ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ ڕیفراندۆمان بكردایه‌ "

هه‌روه‌ها وتیشی" كه‌ شه‌ڕی داعش ده‌ستی پێكرد له‌ 2014 ده‌بووایه‌ ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ ڕیفراندۆمان بكردایه‌ ، ئێمه‌ یه‌كێك له‌ هه‌ڵه‌كانمان ئه‌وه‌ بوو خستمانه‌ شه‌ڕی دوای داعش، ئه‌وه‌ خۆی بۆ خۆی شتێك بوو به‌ڵام ئێمه‌ هه‌وڵمان ده‌دا له‌پێش دا حه‌ویجه‌ ئازاد بكه‌ین ئینجا بڕۆین بۆ موسڵ به‌ڵام عێراق ئه‌و كاته‌ بیری له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ موسڵ ئازاد بكرێت و ئینجا هه‌موو هێزه‌كان بێنه‌وه‌ سه‌ر حه‌ویجه‌ و په‌لاماری كه‌ركوك بده‌ن، واته‌ئه‌و كاته‌ ریفراندۆم بكرایه‌ و نه‌كرایه‌ ئه‌وان په‌لاماری كه‌ركوك و خانه‌قین و دووزخورماتوو و مه‌خموور و عه‌ینزاله‌ و ئه‌و ناوچانه‌یان ده‌دا، واته‌ ئه‌مه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ ڕیفراندۆمه‌ وه‌ نییه‌."

"ده‌بوو ئه‌و كاته‌ په‌شیمان ببونایه‌ و نه‌هاتنایه‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان "

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌شڵێت" ڕیفراندۆم ته‌نها به‌حیزبێك نه‌كراوه‌، ڕه‌نگه‌ كه‌سی كاك مه‌سعود بارزانی بۆخۆی سه‌رۆكی هه‌ێم بووه‌ به‌و حوكمه‌ كارێكی گرنگی كرد هه‌م بۆ مێژووی خۆی بۆ مێژووی حیزبه‌كه‌ی بۆ كه‌سایه‌تی خۆی كارێك ئه‌و كردوویه‌تی له‌ مێژوودا نه‌كراوه‌، وه‌ توانی به‌رگری ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی كه‌ له‌دنیا كرا بكات و بڕیاری ڕیفراندۆم جێبه‌جێبكات، من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ كارێكی گرنگ و مێژوویی بوو كراوه‌، ده‌رباره‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ كه‌ په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ یان په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌ له‌ڕیفراندۆم من پێم وایه‌ ده‌بوو ئه‌و كاته‌ په‌شیمان ببونایه‌ و نه‌هاتنایه‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان هه‌میشه‌ هه‌موو سه‌ركه‌وتنێك خاوه‌نی زۆره‌ به‌ڵام سه‌رنه‌كه‌ویت هه‌موو كه‌سێك له‌ ده‌ستی هه‌ڵدێت، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ میلله‌تی خۆمانین و ڕیفراندۆم به‌كارێكی باش ده‌زانیین ، وه‌به‌رده‌وامیش ده‌بین، وه‌كارتێكی گرنگی ده‌ستی خه‌ڵكی كوردستانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ناحه‌ز و دوژمنه‌كانی."

"یه‌كێك له‌ كێشه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌هێزه‌ سیاسیه‌كان هه‌ریه‌كێكیان ڕێنمایی له‌وڵاتێك وه‌رده‌گرێت "

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود جه‌ختیكرده‌وه‌" ڕیفراندۆم كه‌ سه‌ركه‌وت واته‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌، ریفراندۆم (93.8% )ده‌نگی پێدراوه‌ به‌تایبه‌تی له‌كه‌ركوك و خانه‌قین و ناوچه‌ دابڕاوه‌كاندا، واته‌ ئه‌و ناوچانه‌ی زیاتر فشارییان له‌سه‌ربووه‌، زیاتر ده‌نگیانداوه‌، ڕیفراندۆم سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا ریفراندۆم له‌ ئه‌ریشیفی هه‌موو وڵاتانی دنیادا له‌ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و ئوسترالیا و ئاسیا ڕیفراندۆم هه‌یه‌."

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت" یه‌كێك له‌ كێشه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌هێزه‌ سیاسیه‌كان هه‌ریه‌كێكیان ڕێنمایی له‌وڵاتێك وه‌رده‌گرێت، تائێستا هیچیان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیین یه‌ك بۆچوونیان هه‌بێت ڕه‌نگه‌ له‌"ئیمتیازات" و له‌ ده‌ستكه‌وت و بیره‌ نه‌وت و له‌ گومرگ و له‌ داهاتی ئه‌م وڵاته‌ بۆچوونیان یه‌كێك بێت به‌ڵام كاتێك دێته‌سه‌ربابه‌ته‌ سه‌ره‌كیه‌كان هه‌تاوه‌كو ئێستا كورد له‌ڕووی ستراتیژیه‌وه‌ نه‌یتوانیووه‌ یه‌ك هه‌ڵوێستی، سیاسی، ئیداریی،جوگرافی وه‌ ئابوری هه‌بێت پێكه‌وه‌."

" ئه‌گه‌ر ئێستا داهاتی هه‌رێمی كوردستان كۆبكه‌ینه‌وه‌ له‌ده‌ستی حیزب نه‌مێنێت به‌شی مووچه‌ و هه‌موو شتێك ده‌كات "

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كورد ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی ڕابگه‌یاندایه‌ چی ده‌كرت له‌ڕووی دۆخی ئابوری داراییه‌وه‌؟ له‌وه‌ڵامدا محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌ڵێت" من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا داهاتی هه‌رێمی كوردستان كۆبكه‌ینه‌وه‌ له‌ده‌ستی حیزب نه‌مێنێت و ڕاده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكرێت به‌شی موچه‌ی خه‌ڵك و به‌شی خزمه‌تگوزاری و به‌شی هه‌موو شتێك ده‌كات."

"ئه‌گه‌ر له‌م وڵاته‌ به‌رپرس بوومایه‌، دوو سێ كارتی به‌هێزم به‌كارده‌هێنا "

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد چه‌ند كارت و پێشنیارێك هه‌یه‌ كه‌ كورد ده‌توانێت به‌رامبه‌ر حكومه‌تی عیراقی به‌كاریبهێنێت، له‌وڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت"من پێم وایه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراقی هه‌ندێك فشاری زیاتری خسته‌ سه‌رهه‌رێمی كوردستان، موچه‌ی خه‌ڵكی بڕیووه‌، بودجه‌ی كوردستانی بڕیووه‌، زۆر له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی بڕیووه‌ من خۆم ئه‌گه‌ر له‌م وڵاته‌ به‌رپرس بوومایه‌، دوو سێ كارتی به‌هێزم به‌كارده‌هێنا، كارتی یه‌كه‌م گرتنه‌وه‌ی سه‌دی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان كه‌ ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر باشور و ناوه‌ڕاستی عێراق، خاڵی دووه‌م كشانه‌وه‌ له‌به‌غداد بوو به‌سه‌رۆك كۆمار و هه‌موو كورد له‌ به‌غداد بكشێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌گه‌ر كورد بكشێته‌وه‌ له‌ عێراق ناوی عێراق نابێت ئه‌ویش وه‌كو وڵاته‌كانی تر وڵاتێكی عه‌ره‌بی ده‌بێت، كارتی سێیه‌م دوو ملیۆن ئاواره‌ له‌كوردستانن بۆ له‌كوردستانن ئیشیان چییه‌؟! بابڕۆنه‌وه‌ باشور و ناوه‌ڕاستی عێراق یان دیپۆرتمان ده‌كردنه‌وه‌ یان ڕێگه‌ی توركیامان بۆ ده‌كردنه‌وه‌ بڕۆن بۆ ده‌ره‌وه‌، خاڵی چواره‌م ریفراندۆم من پێم وایه‌ ئه‌و چوار خاڵه‌ ، چوار كارتی گرنگه‌ به‌ده‌ستی كورده‌وه‌ به‌مه‌رجێك كورد یه‌كگرتوو بێت."

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ئه‌و پێشنیارانه‌ی كه‌خۆت وه‌ك كارتی فشار ناوی ده‌به‌یت داوته‌ به‌سه‌ركردایه‌تی كورد؟ به‌ته‌نها وتی" من ئه‌و پێشنیارانه‌م باسكردووه‌."

"عێراقی شه‌ق و شڕی ئێستا ناتوانێت به‌م پینه‌و په‌ڕۆیه‌ درێژه‌ی پێ بدات "

هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌" كورد ده‌بێت سه‌ربكه‌وێت عێراقی شه‌ق و شڕی ئێستا ناتوانێت به‌م پینه‌ و په‌ڕۆیه‌ درێژه‌ی پێ بدات، ئێستا له‌عێراقدا نه‌ده‌ستور هه‌یه‌، نه‌ یاسا هه‌یه‌ وه‌ نه‌هیچ شتێك هه‌یه‌، ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ی كه‌ ئێستا به‌ناده‌ستوری و نایاسایی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ خۆی ده‌بێت له‌گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی بێت به‌ڵام ئێستا ئه‌و ( كازمی) یه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مانی نییه‌ و هێناویانه‌ كردویانه‌ به‌سه‌رۆكی عێراق، مانای وایه‌ لایداوه‌ له‌ده‌ستوریش و له‌ یاسای عێراق."

"ئه‌و خه‌ڵكه‌ واتێگه‌یشتووه‌ ، بۆنێك دێت واده‌زانن نان و كه‌بابه‌ ، به‌ڵام له‌وێ كه‌ر داغ ده‌كه‌ن و بۆنی گوێ درێژ و شتی وایه‌ "

بەڵام وادەردەکەوێت خەڵکێکی زۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان پشتیوانی (له‌كازمی) دەکەن؟ لەوەڵامدا محەمەدی حاجی مەحمود وتی" وا دیارە خەڵک "غەیرە قانونی" پێ باشە، بەپێی دەستور دەبێت گەورەترین کوتلە کە سەدرە حکومەت پێکبهێنێت یان دوای ئەو عامریـیە، ئەگەر دەستور پێشێل دەکەن و یەکێکی تر دادەنێن ئەوە شتێکی ترە."

محەمەدی حاجی مەحمود ڕاشیگەیاند" من پێم وایە ئەو خەڵکە واتێگەیشتووە بۆنێک دێت وادەزانن نان و کەبابە، بەڵام لەوێ کەر داغ دەکەن و بۆنی گوێ درێژ و شتی وایە. بەڵی هیچی پێناکرێت نەک بۆ کوردستان بۆ عێراقیش هیچی پێ ناکرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:29 0:00


XS
SM
MD
LG