Accessibility links

توێژەرێکی ئابووری: مەترسی داڕووخانی بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلار هەیە


توێژەرێکی ئابووری لە ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوە و شیکاریە سیاسیەکان، پێشبینی خراپتر بۆ دۆخی دارایی و ئابووری عێراق دەکات، پێیوایە خەرجکردنی دراوە بیانیەکان لەبانکی ناوەندی عێراق، دەبێتە هۆی داڕووخانی بەهای دیناری عێراقی و گرانبوونی نرخ لە بازاڕەکاندا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسێن، دەڵێت" کەلێنی نێوان خەرجی و داهاتەکانی حکومەتی عێراق هێندە زۆرە، بە هیچ میکانیزمێک ئەو کەلێنە پڕ نابێتەوە، جگە لە قەرزی ناوخۆیی کە پێشتر حکومەتی عێراق 12 تریلیۆن دیناری لێ وەرگرتووە، قەرزی ناوخۆیی بەمانای دەرکردن و وەرگرتنی پارەی یەدەگی دراوە نێودەڵەتیەکان لە بانکی ناوەندی دێت، بەڵام ئەم پارە قەرزەی خەرجکردووە."

محەمەد حسەین، دەشڵێت"ئێستا حکومەتی عێراق دەڵێت: ناتوانین موچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەران و خانەنیشینان بدەین، گەر یاسای قەرزمان لەپەرلەمان بۆ تێنەپەڕێنرێ، کە بە پێی ئەم یاسایە، حکومەت دەیەوێ 41 تریلیۆن دیناری تر قەرز بکات، گەر ئەم قەرزەش بکات، بڕی یەدەگی دراوە نێودەوڵەتیەکانی بانکی ناوەندی عێراق هێندە کەم دەبێتەوە، دۆخەکە تەواو خراپت دەبێت، دینار بەهای خۆی لەبەرامبەر دۆلار لەدەست دەدات، عێراق پێویستە هەمیشە 36 ملیار دۆلاری لەبانکی ناوەندی هەبێ، تا پشتگیری بەهای دینار بکات."

بە بڕوای ئەو ئابوریناسە، گەر بڕی یەدەگی دراوە بیانیەکان لە بانکی ناوەندی عێراق کەم ببێتەوە، کە ئێستا عێراق نزیکەی 50 ملیار دۆلاری هەیە، تا ئێستاش ئەم بڕە باشە، گەر بیشگاتە 36 ملیار دۆخەکە هەر باش دەبێ، بەڵام لەو بڕە هاتە خوارەوە، ئیتر حکومەت توانای پشتگیری کردنی بەهای دیناری نامێنێ، ئێستا دینار ئەو بەهایەی لەبەرامبەر دۆلار هەیەتی، بەهای ڕاستەقینە نیە، بەڵکو حکومەتی عێراق بە زەبری سستمی ئاڵوگۆڕی بانکی ناوەندی ڕایگرتووە، وتی"مەترسی ئەوەیە، لێگەڕێن حکومەتەکەی کازمی ئەو پارە ڕاکێشێت و ئەوکات دراوی یەدەگی نەمێنێ، ئەوکات حسابی عێراق توشی ئەو کارەساتە دەبێ، کە هەڵاوسان دروست دەبێت، دابەزین و دەڕووخانی بەهای دینار دروست دەبێت، ئێستا دۆخێک لەنێو پەرلەمان و ژینگەی سیاسی عێراق دروستبووە، هیچ چارەسەرێکیان بۆ حکومەت نەهێشتووەتەوە، جگە لە خەرجکردنی یەدەگەکانی بانکی ناوەندی."

محەمەد حسەین، ڕوونیکردەوە قەرزی ناوخۆیی و ڕاکێشانی پارەی یەدەگ لە بانکی ناوەندی، هێندە قەیرانەکە قوڵتر دەکاتەوە، ئەوکات ئەو کەمە سەقامگیریەی لە بازاڕدا هەیە، بەهۆی سەقامگیری دیناری عێراقیەوە لەبەرامبەر دۆلار ئەوەش نامێنێ، ئەوکات عێراق توشی سیناریۆکەی ئێران و تورکیا دەبێت، بەشێوەیەکی خێرا بەهای پارەکەی دادەبەزێت، گرانی دروست دەبێت، کە گرانیش دروستبوو، خەڵکی هەژار و موچەخۆر و داهات سنوردارەکان، زەرەرمەند دەبن، وتی" گەورەترین کێشەی عێراق ئەوەیە، بەشی زۆری پێداویستیەکانی هاوردە دەکات و هی ناوخۆ نیە، بۆیە هەر ئاڵوگۆڕێک لە بەهای دینار، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی تاک."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسەین توێژەری ئابووری لە ناوەندی عێراقی باسیلەوەکرد، پێش خەرجکردنی یەدەگی نێو بانکی ناوەندی عێراق، چارەسەری گرنتر هەبوو بۆ دۆخی عێراق، هەر لە کەمکردنەوەی خەرجیە گشتیەکانی و کەمکردنەوەی بودجەی بەکاربردنی دەوڵەتی عێراق، هەروەها کەمکردنەوەی گەندەڵی لە دەروازە سنوریەکان و زیادکردنی داهات، تا دەگاتە کەمکردنەوەی ئاستی فیڕۆدان لە دەزگا حکومیەکان و کەمکردنەوەی خەرجی، وتی"ئاساننترین ڕێگە قەرزە، کوتلەکانیش خەریکی موزایەدەن و ناوێرن دەست بۆ چارەسەرە بنەڕەتیەکە ببەن، کە کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:47 0:00


XS
SM
MD
LG