Accessibility links

شێروان میرزا: ئەگەر ئەم مانگە رێککەوتنەکەی هەرێم و بەغداد جێبەجێ نەکرێت واتە نیازی جێبەجێکردنیان نییە


شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی عێڕاق
شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی عێڕاق

شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری لە پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم وتوێژەدا باس لە بابەتی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد و پشکی هەرێم و پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات."

"دەبوو تائێستا ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغداد بەتەواوەتی جێبەجێ بکرایە "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا شێروان میرزا وتی" لە 1/4 وە یاساکە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن، بەداخەوە تائێستا ئەوەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە جێبەجێ نەکراوە تەنانەت لە بەغدادیش ئەوەی کە جێبەجێکراوە لە یاسای بودجە تەنها بریتییە لە مووچە و هەندێک ئیش و کاری ڕۆژانە ئەگەرنا ئەوەی کە گرنگە وەکو پرۆژەکان بۆ پارێزگاکان هەتا ئێستا لەوێش جێبەجێ نەکراوە، خاڵی دووەم دەبوو تائێستا ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغداد بەتەواوەتی جێبەجێ بکرایە، لەماوەکانی ڕابردوو وەفدی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادیان کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان بینیووە چ وەزارەتی نەوت چ وەزارەتی دارایی چ دیوانی چاودێری دارایی چ بەڕێز موستەفا کازمی وەکو سەرۆک وەزیران، چەند لایەنێکی سیاسیشیان بینیووە."

میرزا ئەوەشی وت" وەفدی هەرێمی کوردستان گەشبین بوون لەو ڕێککەوتنەی کە کردیان لە بەغداد جگە لە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ وەزیری دارایی نەبێت، وەزیری دارایی بەو پێیەی لەو ماوەی ڕابردوودا مەسەلەی پرساندن و بانگهێشتکردن هەبوو بۆ پەرلەمان لەلایەن چەند کوتلەیەکی سیاسیەوە، بەشێوەیەکی گشتی تەنها کورد نییە کە تێبینی لەسەر هەیە بەڵکو لایەنەکانی تریش تێبینیان لەسەری هەبوو، لەدوای ڕۆیشتنی وەفدی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد، وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمن بۆ وردبینی کردن و پێداچوونەوە بە داهاتی نانەوتی واتە ڕێککەوتن لەسەر داهاتە نانەوتیەکان."

" ئەگەر ئەم مانگە ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغداد جێبەجێ نەکرێت واتە نیازی جێبەجێکردنیان نییە "

شێروان میرزا ئەوەش دەڵێت" پێشبینی ئەوە دەکەین کە بۆ ئەم مانگە ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم مانگە جێبەجێ نەکرێت واتە نیازی جێبەجێکردنیان نییە ئەوکاتە دەبێت بەدواداچوون بکەین بزانیین کەموکوڕی لەکام لایە ئایا کەموکوڕی لە هەرێمی کوردستاندایە یان لە بەغدادایە."

"حکومەتی هەرێم و بەغدادیش ڕایانگەیاندووە پابەندی یاساکەن "

باشە کێشە لە کوێیە ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت؟ لەوەڵامدا نوێنەرە کوردەکەی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی عێراق وتی" یەکەم حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن یاساکە جێبەجێ بکەن و پابەندبن، بەغدادیش بەهەمان شێوە ڕایگەیاندووە کە پابەند دەبن، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو نوسراوی فەرمی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی و بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کە ئەوان لەئێستاوە ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، مەسەلەی پابەندبوون هەمووی حساباتە لەبەرئەوەی ڕادەستکردنی نەوتی تێدا نییە تەنها حساباتە بەڵام ئایا تائێستا میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دیارنییە لەلایەن هەردوو حکومەتەوە کە لەسەر چی ڕێکدەکەون ئایا مەقاسە دەکەن؟ ئایا دوو حسابی جیا دەکەنەوە یان بەپێی تەسویەی قیدی دەیکەن؟ واتە هەمووی ژمارەیە ئەوە نییە هەرێم پارە بنێرێت بۆ بەغداد و بەغدادیش پارە بنێرێتەوە بۆ هەرێم تەنها ئەوەی هەیە تەسویەی حساباتە، تەسویەی قیدیە بەڵام تائێستا بۆ ئەوەیان نەکردووە لەڕاستیدا ئێمەش نازانیین بۆیە دەڵێم دەبێت بەدواداچوون بکەین."

"ڕێککەوتنەکە ڕێککەوتێکی باشە و سەرکەوتنە بۆ هەموو لایەک "

بەڵام پێشتر ڕاگەیەنرا کە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد سەرکەوتنێک بووە؟ وەڵامەکەی شێروان میرزا بەمجۆرە بوو" بێگومان ڕێککەوتنەکە ڕێککەوتێکی باشە و سەرکەوتنە بۆ هەموو لایەک چونکە کاریگەری لەسەر بازاڕ و کاریگەری لەسەر دۆخی هاوڵاتیان هەیە بەڵام مەسەلەی جێبەجێکردنەکەی یان هاتنی وەفدی هەرێم بۆ بەغداد پەیوەندی بەوەوە هەیە تائێستا ڕێکنەکەوتوون لەسەر ئالیەتی جێبەجێکردنەکەی وەکو باسمکرد کە ئایا دوو حسابی جیا دەکەنەوە و هەریەکەیان پابەندبوونی خۆی دەخاتە سەر ئەو حسابە یان بە تەسویەی قەیدی دەیکەین تەنها ژمارەیە و لەکۆتایدا لێکی دەردەکەن، میکانیزمەکەی ماوەتەوە، ئەوەش ماوەتەوە لەسەر داهاتی نانەوتی ڕێکبکەون بۆیە وەفدێکی دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمی کوردستانە، بەڕێز کازمی خۆیشی ڕایگەیاند کە لەو ماوەیەدا پشکی هەرێمی کوردستان دەنێرن و ڕێککەوتنەکە هیچ کێشەی نییە."

"جێبەجێکردنی میکانیزمی ڕێککەتنەکە پێویستی بە یەک کاتژمێر و یەک ژمێریاری زیرەک هەیە..یەک بڕیاری دەوێت ئەگەر هەرێم و بەغداد نیەتی جێبەجێکردنیان هەبێت "

میرزا ڕاشیگەیاند" ئەوەی ئێمە ئاگادارین نە لەڕووی سیاسیەوە نە لەڕووی یاساییەوە ڕێککەوتنەکە کە بەشێکە لەیاسای بودجە هیچ کێشەیەکی نییە تەنها لەڕووی هونەرییەوە ماوە و ڕێکبکەون لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی."

شیروان میرزا جەختیکردەوە" بەبڕوای من ئەم مانگە دوادەرفەتی ئەوەیە چاوەڕێ بکەین چونکە ئەمە پێویستی بە زۆر هاتن و چوون نییە و هیچ گرفتێکی تێدا نییە، وەکو باسمکرد لە سێ حاڵەت بەدەر نییە یان مەقاسە دەکەن یان دوو حسابی جیا یان بە تەسویەی قەیدی دەیکەن، یەک بڕیاری دەوێت ئەگەر هەردوولا نیەتی جێبەجێکردنیان هەبێت ئەم مانگە جێبەجێ دەکرێت، پێویستی بە یەک کاتژمێر هەیە و ژمێریارێکی زیرەک بە یەک کاتژمێر هەموو ئەم حساباتانە دەردەهێنێت بۆیە چاوەڕێ دەکەین ئەم مانگە ئەگەر جێبەجێ بکرێت واتە نیازی جێبەجێکردنیان هەیە."

" ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێ بەجێ نەکرێت هەر بەهانەیەک بدۆزنەوە نامەنتیقییە "

شێروان میرزا باسی لەوەکرد لە حاڵەتی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغداد لەلایەن هەرکام لەو لایەنانەوە بێت پاساوێکی "نامەنتیقیە" لەو ڕوەوە وتی" ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، هەرکام لە بەغداد و هەرێم هەر بەهانەیەک ببیننەوە بەهانەیەکی نامەنتقی یە و دیارە نایانەوێت جێبەجێی بکەن."

" ناکرێت بڵێین دەبێت هەر بەغداد پشک بنێرێت یان پارە بنێرێت "

شێروان میرزا زیاتر ڕونیکردەوە" دەبێت هەردوولا (هەرێم و بەغداد) حساب بکەن ئیلتزاماتی هەرێمی کوردستان لە نەوتی و نانەوتی بەرامبەر بەغداد چەندە، پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی ئینفاقی ڕاستەقینە چەندە، ئەم دوو ژمارەیە لێک دەردەکەن، بۆیە ناکرێت بڵێین دەبێت هەر بەغداد پشک بنێرێت یان پارە بنێرێت بەڵکو دەبێت هەردوولا ڕێککەوتن بکەن لەسەر چۆنیەتی حسابکردنەکەی لەکۆتایدا کە ژمارەیەک دەرچوو هەرکام لایان پارەیان نارد واتە ڕێککەوتنەکە جێبەجێکراوە، بەڵێ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە هەرئەوەندەیە."

واتە دەبێت هەرێمیش پارە بۆ بەغداد بنێرێت؟ لە وەڵامدا شێروان میرزا وتی" لەحاڵەتێکدا ئەگەر هەرێمی کوردستان قەرزاری بەغداد بوو، ئێستا هیچ دیار نییە چونکە دەبێت حسابی ئەوە بکەین ئینفاقی ڕاستەقینە هەرێمی کوردستان چەندە لەمانگی لەمانگی (1،2،3،4،5) حساب بکەین و پابەندبوونی هەرێمیش کە دەبێت بەرامبەر بەغداد بیدات چەندە دوایی دەردەکەوێت ئەمە ئیشی وەزارەتی دارایی و ئیشی وەزارەتی نەوت و ئیشی دیوانی چاودێری داراییە دەبێت ئەوان لەکۆتایدا پێمان بڵێن بەپێی نەفەقات و داهات ئەم ژمارەیە دەردەچێت."

" بەپێی داهات دەبوو پێش چەند مانگێک حکومەتی هەرێم موچەی بێ لێبڕین دابەشبکردایە "

شێروان میرزا ئەوەشی وت " لەڕاستیدا من دەمەوێت ئەوە بڵێم کە داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەداهاتی نەوتی و نانەوتی بەپێی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتی خاڵە سنورییەکان و زیادبوونی داهاتی ناوخۆ من پێموابوو یەکەم دەبووایە چەند مانگێک پێش ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسەلەی مووچەی موچەخۆرانی بەبێ لێبڕین دابەشبکردایە و چارەسەری بکردایە."

"بەردەوامبوونی لێبڕینی موچە بەهانەیەکی نالۆژیکیە "

شێروان میرزا ئاماژەی بە خاڵێکی تر کرد و وتی" خاڵی دووەم، لەحاڵەتی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە و نەهاتنی پارە لە بەغدادەوە پێموایە لێبڕینی مووچە هەر بەردەوام دەبێت کە ئەمەش بەهانەیەکی نالۆژیکیە چونکە داهاتی خۆی بەشی مووچە بکات پێویست ناکات بڵێن لەبەرئەوەی لەبەغدادەوە پارە نایەت مووچە بەلێبڕینەوە دابەشدەکەین، سێیەم بەحوکمی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و دابەزینی هێزی کڕینی ئەو مووچەی کە مووچەخۆر وەریدەگرێت بارودۆخی دارایی مووچەخۆران ئێستا خراپە لەحاڵەتی جێبەجێنەکردنی من پێموایە دۆخی دارایی خەڵک خراپتر دەبێت. "

" ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد تەنها مەسەلەی دەستکەوتنی پارە نییە "

پەرلەمانتارە کوردەکەی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی عێراق وتیشی " ڕاستیەک هەیە کە دەبێت بیزانیین ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد تەنها مەسەلەی دەستکەوتنی پارە نییە بەڵکو جۆرێکە لە سەقامگیری سیاسی و سەقامگیری ئابوری جۆرێکە لە غیتائێکی- داپۆشینی یاسایی بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی چیتر بەغداد هەڕەشەی ئەوە نەکات کە لەڕێگەی دادگاکانی نێودەوڵەتیەوە تەنانەت لەڕێگەی دادگای فیدڕاڵیشەوە سکاڵا لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەکات ئەمانە هەمووی هۆکارن جگە لەوەش هەردوولا چ ناوەڕاست و خواروی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان چ هەرێمی کوردستان بۆ بەشەکانی تری عێراق بازاڕی ساخکردنەوەی کۆمەڵێک کاڵایە بەتایبەتی بەروبوومی خۆراکی بۆیە لەحاڵەتی ڕێکنەکەوتن کاریگەری لەسەر هەموو ئەو سێکتەرانە دەبێت تەنها بریتی نییە چەند پارە لەبەغدادەوە دێت بۆ هەرێم. "

"ناکرێت کاتێک نەوت بە 30 دۆلار بوو مووچە بەلێبڕینی 21% دابەش بکرێت و نەوت بە 60 دۆلاریش بێت هەر مووچە بەلێبڕینی 21% دابەش بکرێت "

دەربارەی دۆخی موچە خۆرانی هەرێمی کوردستانیش شێروان میرزا دەڵێت "بۆ دۆخی مووچە خۆران من پێموایە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ لێبڕین دەتوانێت بەداهاتی خۆی مووچە دابەش بکات بەبێ ئەوەی چاوەڕێی بەغداد بکات، لەڕاستیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەزاری بەرپرسە فەرمیەکانەوە ڕایگەیاندووە کە داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرئەوەندەیە کە دابەشی دەکەن بەڵام ئێمە بەپێی لێکدانەوەکانی کە لەبەردەستماندایە داهاتی ناوخۆ زیادیکردووە، داهاتی خاڵە سنورییەکان زیادیکردووە، نەوت لە 20 و 23 دۆلارەوە چۆتە 60 دۆلار و زیاتریش کەواتە مەسەلەی چاکسازی موچەی هەندێک خەڵک بڕدراوە بەهۆی چاکسازییەوە، هەر بەردەوامیشن کەواتە لەڕووی لۆژیکیەوە ئەگەر حسابی بکەین ناکرێت کاتێک نەوت بە 30 دۆلار بوو مووچە بەلێبڕینی 21% دابەش بکرێت و نەوت بە 60 دۆلاریش بێت هەر مووچە بەلێبڕینی 21% دابەش بکرێت لەکاتێکدا 85% تا 90% داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر نەوتە. "

بەبڕوای شێروان میرزا حکومەتی هەرێم لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک کارتێکی فشار بەکاریدەهێنێت لەو ڕوەوە وتی" من پێموایە وەکو فشارێک بەکاردەهێنرێت، وەکو فشار بەرامبەر بەغداد، مەسەلەی داواکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بەپێی ئەم ڕێککەوتنە مافی حکومەتی هەرێمی کوردستانە داوای پشکی خۆی بکات، وە مافی حکومەتی عێراقیە کە داوای داهاتی خاڵە سنورییەکان و داهاتی نەوتی و نانەوتی بکات بەپێی ڕێککەوتنەکە، من لەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای مافی خۆی بکات شتێکی باشە بۆئەوەی نەبێتە پێشینەیەکی خراپ هەر حکومەتێک حەزی لێ نەبوو یاسا جێبەجێ نەکات و پشکی هەرێم نەنێرێت!"

"حکومەتی هەرێم دەبێت بێ بەغدادیش بتوانێت موچەی فەرمانبەرانی دابین بکات"

لە کۆتایی وتووێژەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، شێروان میرزا وتی" بۆ مەسەلەی دابینکردنی مووچە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی شتێکی کردبێت دەبێت بەبێ بەغدادیش بتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی خۆی بدات، چتر دۆخی ئەم لێبڕینی مووچەیە بەردەوام نەبێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:51 0:00


XS
SM
MD
LG