Accessibility links

ژمارەی قوربانیانی ئاکامی ئاگرەکەی نەخۆشخانەی ناسریە ڕوو لە زیادبوونە


کاربەدەستانی تەندروستی بە ئاژانسی دەنگ‌‌وباسی ڕۆیتەرزیان وتووە ژمارەی گیان لەدەستدانی ئاکامی ئەو ئاگرەی لە نەخۆشخانەی ئەلحوسەینی ناسریە کەوتەوە گەیشتە 92 کەس، وە زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون.

ئاگرەکە شەوی دووشەممە لە بەشی تایبەت بە تووشبووانی نەخۆشی کۆرۆنا کەوتەوە و سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ناسریە وتی هۆکارەکەی تەقینەوەی بوتڵی ئۆکسجین بووە.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق هەر شەوی دووشەممە بە پەلە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک وەزیری و کاربەدەست ئەنجام دا و کۆمەڵێک بڕیاریان دەرکرد، لەوانە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی حکومی لەسەر ئاستێکی باڵا هەتا هۆکاری ڕووداوەکە بزانرێت، ناردنی تیمێکی حکومی بۆ پارێزگای زی قار، ناردنی یارمەتی پـزیشکی بۆ پارێزگاکە، دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەری تەندروستی زی قار و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی پارێزگاکە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، هەژمارکردنی قوربانیـیەکان وەک شەهید و ئەو بریندارانەشی برینەکانیان قورسە ببرێنە دەرەوەی وڵات.

بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق ئەویش لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی تراژیدیای نەخۆشخانەی حوسەین و پـێش ئەوەیش ئەوەی نەخۆشخانەی ئبن ئەلخەتیب لە بەغدا، لە ئەنجامی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردنە.

هەروەها محەمەد ئەلحەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تویتەرەکەی نووسیویەتی تراژیدیای نەخۆشخانەی ئەلحوسەین نیشانەی شکستێکی ڕوونە بۆ پارێزگاریکردن لە گیانی عێراقیـیەکان وە ئیتر کاتی هاتووە سنوورێک بۆ ئەم شکستە دابنرێت.

لەلایەکی دیکە ماثیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ عێراق خەمباری خۆی لە ئاست ڕووداوەکە دەربڕی و ماتەمینی خۆی بۆ قوربانیەکان ڕاگەیاند و وتی تەواوی شاندی دیپـلۆماسی ئەمەریکا لە عێراق نوێژ و نزا دەکەن بۆ کەسوکاری قوربانیـیەکان و کارمەندانی تەندروستی ئەوانەی گرنگی بە بریندارەکان دەدەن.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە کۆتایی مانگی چوار بە هەمان شێوە نەخۆشخانەی ئبن ئەلخەتیب لە بەغدا گڕی گرت و دەیان کەس بوونە قوربانی.

XS
SM
MD
LG