عێراق تا دێت لە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت نزیک دەبێتەوە، ململانێی نێوان لایەنە سیاسیەکانیش تا دێت توندتر دەبێت، هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی هەڵبژاردن بەردەوامە، بەڵام کێشمەکێشی نێوان لایەنەکان، کۆمیسیۆنیشی توشی گرفت کردووە.
بڕیارە لە مانگی 10 ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردن، کە بەیەکێک لە گەورەترین کوتلە شیعیەکان دادەنرێت، دۆخێکی هێناوەتە ئاراوە، لایەنە سیاسیە عێراقیەکانیشی توشی شڵەژان و دابەشبوون کردووە.
هەوڵەکان لەگەڵ موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، بۆ پاشگەز بوونەوەی لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا سەدر پێداگیرە لەسەر هەڵوێستەکەی، هەرچەندە هەندێک لە بەرپرسانی عێراق پێیانوایە، گرەو لەسەر سەدر ناکرێت و هەموو ساتێک ئەگەری پاشگەز بوونەوەی لە بڕیارەکەی هەیە.
ئەمین بەکر ڕاوێژکاری پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد هەوڵەکان بۆ پاشگەزکردنەوەی سەدر لەبڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، تا ئێستا ئیجابی نین، بەڵام لایەنەکان هێشتا چاوەڕێی پاشگەز بوونەوەین، دەڵێت"هەندێک لایەنی شیعە بەتایبەت حەشدیەکان، پێیانخۆشە سەدر بەردەوام بێت لەسەر هەڵوێستەکەی و بەشداری هەڵبژاردن نەکات، تا ببنە زۆرینەی پەرلەمانی و حکومەت پێکبهێنن."
بەپێی قسەی ڕاوێژکارەکەی پەرلەمان، هەندێک لایەنی تر کە چاویان لەسەر هاوپەیمانێتیکردن بوو لەگەڵ سەدر، دەیانەوێت لەبڕیارەکەی پاشگەزی بکەنەوە، چونکە لە دۆخی خۆشیان نیگەرانن، وتی"ئێستا سێ ئەگەر دروستبووە، پێداگیری سەدر لە سەر بایکۆت و ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێ بەشداری سەدر، لە ئەگەری دووەمدا، دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردن، نا سەقامگیر دەبێت."
بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە لەکاتێکدایە، تا چەند مانگێک لەمەوبەر، ئەو ڕەوتە لە هەموو لایەنەکانی تر پێداگیرتربوو، لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، بەو پێیەی پێگەی لایەنە ڕکابەرەکانی لاواز بوو، دەیویست دۆخەکە بقۆزێتەوە و ببێتە زۆرینەی نێو پەرلەمان.
ڕووداوەکانی دوو مانگی ڕابردوو، هاوکێشەکەیان پێچەوانە کردووە و زیانی گەورەیان بە پێگەی سەدر گەیاند، ئەمەش وایکرد، سەدر نیگەران بێت و بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن بدات، لەبەرامبەردا لایەنە ڕکابەرەکانی پێداگیری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکەن.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"وەزارەتی کارەبا و تەندروستی لای سەدرن، نەمانی کارەبا لە دوو مانگی ڕابردوودا و سوتانی نەخۆشخانەکان، زیانێکی گەورەیان بەکوتلەی سەدری گەیاند."
جەختیشیکردەوە"لایەنە ڕکابەرەکانی، مەسەلەکەی کارەبا و سوتانی نەخۆشخانەکانیان بەجوانی، لە دژی سەدر تەوزیف کرد و بەکاریان هێنا بۆ لێدان لە پێگەی."
موقتەدا سەدر لە چەند ساڵی ڕابردوودا، خاوەنی سیاسەتێکی جێگیر نەبووە، هەمیشە پایەکی لە نێو دەسەڵات و پایەکی لەنێو ئۆپۆزسیۆن دا بووە، بەشێوەیەک خۆی نەکردووە بە خاوەنی وەزیرەکانیشی لەنێو حکومەت دا و وەکو سەربەخۆ وێنای کردوون.
سەدر هەرچەندە خاوەنی جەماوەری تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام تا ئێستا پۆستی سەرۆک وەزیرانی لا نەبووە، لەکاتێکدا لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، گۆڕانکاری بەسەر خیتابی سیاسیدا هات و بە ئاشکرا خواستی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران دەربڕی، ئەمەش بەلای هێزە شیعیەکانی ترەوە، مایەی مەترسی بوو.
کشانەوەی سەدر دۆخێکی وەهای دروستکردووە، هەندێک لە لایەنەکان دەترسن بێ سەدر بچنە هەڵبژاردنەوە و دواتر بکەونە بەردەم "چەکوشەکان"ی، هەندێک لایەنی تر، ئەو مەترسیەیان لا دروستبووە، سەدر تەنها بە بەشداریکردنەوە دانەنیشێت و ئاڵۆزی دروست بکات، بەو پێ یەی هەم سەدر و هەم ڕکابەرەکانیشی، خاوەنی هێزی چەکدارن.
ئەمین بەکری ڕاوێژکاری پەرلەمانی عێراق، نایشارێتەوە دۆخی عێراق وەکو "بۆمبێکی تەوقیتکراو" وایە و هەمیشە مەترسی تەقینەوەی هەیە، بە تایبەت هەموو هێزەکان خاوەن چەکدارن و بۆ هەڵبژاردن بەکاریان دەهێنن.
کشانەوەی سەدر و ململانێی لەگەڵ هێزە ڕکابەرە چەکدارەکانی، عێراقی خستووەتە بەردەم چەندین ئەگەری نەخوازراوی وەکو شڵەژانی سیاسی، ئەگەری ئەنجامدان و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن، تەنانەت پێداگیربوونی سەدر و پاشگەز نەبوونەوەی لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن، مەترسی تێکچوونی دۆخەکەشی دروستکردووە.