Accessibility links

جەبار یاوەر: گۆڕینی ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ده‌بێته‌ پشتیوانیه‌ک بۆ هێزه‌کانی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمه‌رگه‌


جەبار یاوەر
جەبار یاوەر

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق مستەفا کازمیدا ڕایگەیاند لە ماوەی چەند مانگێکدا ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق کۆتایی د‌ێت." لەم وتووێژەدا فەریق ڕوکن جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لە کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکات.

"هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ مولزه‌من به‌ ناوه‌ڕۆکی ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ "

لەسەرەتای وتووێژەکەدا دەربارەی بۆچونی هەرێمی کوردستان لە بارەی ڕێککەوتنی ئەمەریکا و عێراق بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق فەریق ڕوکن جەبار یاوەر ڕایگەیاند" یه‌که‌م من وته‌بێژی فه‌رمی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نیم ڕای حکومه‌ت دیاری بکه‌م له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی ڕێککه‌وتن له‌ بواره‌کانی ئه‌منی و سه‌ربازی، وه‌ هه‌ر ڕێککه‌وتنێکی تر له‌عێراقدا له‌لایه‌ن حکومه‌تی فیدڕاڵه‌وه‌ ده‌کرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ڕووی ده‌ستورییه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان هیچ توانایه‌کی نییه‌ هیچ ڕێککه‌وتنێکی سه‌ربازی یان ئه‌منی نه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ نه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان بکات له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بابه‌تێکی سیادییه‌، هه‌ر ڕێککه‌وتنێک ده‌کرێت له‌نێوان ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ر وڵاتێکی تر، وه‌ ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ی که‌ ئێستا ده‌کرێت له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا بێگومان هه‌موو عێراق به‌ هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ مولزه‌من به‌ ناوه‌ڕۆکی ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌."

"هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراقدا ئه‌رکه‌کانیان ده‌گۆڕێت "

یاوەر ڕونیکردەوە" مه‌سه‌له‌ی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کان ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی که‌ کراوه‌ ته‌نها په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراقدا ئه‌رکه‌کانیان ده‌گۆڕێت له‌ ئه‌رکی (قتالی- شه‌ڕکردنه‌وه‌) بۆ ئه‌رکی ڕاوێژکاری و مه‌شق پێکردن و پشتیوانی هێزه‌کانی عێراق له‌ڕووی لۆجیستی و له‌ڕووی ئاسمانی و هه‌واڵگیرییه‌وه‌ واته‌ ڕۆڵیان ده‌مێنێت به‌ڵام ڕۆڵه‌که‌ ده‌گۆڕدرێت، وه‌ ئیتر هیچ ئه‌رکێکی شه‌ڕکردنیان له‌ عێراقدا نامێنێت به‌پێی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی که‌ کراوه‌."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی لە کاتێکدا بەرپرسانی عێراق و هەرێم باس لە بەردەوامی بوونی مەترسی داعش دەکەن لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان ئایا کشانەوەی ئەو هێزانەی ئەمەریکا ئەو مەترسییە زیاتر ناکەن؟

لە وەڵامدا فەریق ڕوکن جەبار یاوەر وتی"بێگومان بوونی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانیش به‌گشتی له‌ عێراقدا پشتیوانیه‌کی گه‌وره‌یه‌ بۆ هێزه‌کانی حکومه‌تی فیدڕاڵی عێراق و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ش بۆ شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش چونکه‌ هه‌تا ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ی داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر عێراق و له‌سه‌ر ناوچه‌که‌ و جیهان به‌شێوازێکی گشتی."

" هێزێکی شه‌ڕکه‌ری گه‌وره‌ی ئه‌وتۆی ئەمەریکا و هاوپەیمانان له‌ عێراقدا نییه‌ "

یاوەر ئەوەشی وت" ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر واقیع به‌شێوازێکی گشتی هێزێکی شه‌ڕکه‌ری گه‌وره‌ی ئه‌وتۆ له‌ عێراقدا نییه‌ هێزێکی ئه‌مه‌ریکی یان هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان، زۆربه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی هاوپه‌یمانان یان هی ئه‌مه‌ریکا که‌ له‌ عێراقدان هێزێکن هاوکاری هێزه‌کانی سوپای عێراق و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن له‌ بواره‌کانی مه‌شق کردن له‌بواره‌کانی مه‌سه‌له‌ی لۆجیستی و له‌بواره‌کانی پشتیوانی هێزه‌کانی پیاده‌ی عێراق و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌ڕووی ئاسمانیه‌وه‌، له‌ڕووی پێدانی زانیاری هه‌واڵگرییه‌وه‌ به‌هۆی بوونی فڕۆکه‌ی بێفڕۆکه‌وان و فڕۆکه‌ی چاودێریکردنی زه‌میندا هه‌یه‌."

پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق(مستەفا ئەلکازمی) لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەسیۆشێتد پرێس ڕایگەیاندبوو" عێراق پێویستی بە هێزی شەڕکەری ئەمەریکا نیە"، هەروەها د.فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا جەختی لەوە کردبووەوە کە "عێراق چیتر پێویستی بە هێزی شەڕکەری ئەمەریکا نیە و داوای کشانەوەی دەکات."

فەریق ڕوکن جەبار یاوەر لەسەر ئەم قسانە دەڵێت" ئه‌و وتانه‌ی که‌ سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی عێراقیش باس له‌ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی کرد یان به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق باس له‌ پێویست نه‌بوونی هێزی شه‌ڕکه‌ره‌ چونکه‌ عێراق به‌ ژماره‌، ژماره‌یه‌کی گه‌وره‌ی هێزی شه‌ڕکه‌ری هه‌یه‌ وه‌کو هێزی پیاده‌ به‌ڵام ئه‌و پێویستی به‌ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌و بوارانه‌ی که‌ باسمکرد، به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی که‌ لای ئێمه‌ هه‌یه‌ ئه‌و گفتوگۆ ستراتیژیه‌ کۆتاییه‌که‌ی ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌رکی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراقدا ده‌گۆڕێت له‌ ئه‌رکێکی شه‌ڕکردن بۆ ئه‌رکێکی پشتیوانی کردن هێزه‌کانی عێراق و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌و بوارانه‌دا، ئه‌و هێزه‌ی هه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ عێراقدا به‌ڵام ئه‌رکه‌که‌ی ده‌گۆڕێت."

"هه‌م هێزه‌کانی عێراق وە هەم هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ پێوێستیان به‌ مه‌شقێکی به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌لایه‌ن شاره‌زایانی بواری مه‌شقی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان. "

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە تا ئەم ساتەش هێزەکانی عێراق و پێشمەرگەش پێویستییان بە مەشقی سەربازی هاوپەیمانان و ئەمەریکا هەیە، لەو ڕوەوە فەریق ڕوکن جەبار وتی" بێگومان هه‌تا ئێستا هه‌م هێزه‌کانی عێراق به‌شێوازێکی گشتی هه‌م هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ پێوێستیان به‌ مه‌شقێکی به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌لایه‌ن شاره‌زایانی بواری مه‌شقی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان پێویستییان به‌ هاوکاری ئه‌و شاره‌زاییانه‌ هه‌یه‌ له‌ هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌بواره‌کانی لۆجیستی و له‌بواره‌کانی پشتیوانی ئاسمانی و له‌ بواره‌کانی پێدانی زانیاری هه‌واڵگری و چاودێریکردنی جموجۆڵه‌کانی تیرۆریستانی داعش."

یاوەر ئەوەشی وت" ته‌نانه‌ت ئێستا شانه‌یه‌کی (په‌یمانی ناتۆ) ش له‌ به‌غدادیشدا هه‌یه‌، ئه‌وانیش هاوبه‌شن له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی عێراق بۆ پێدانی هه‌م ڕاوێژکاری سه‌ربازی به‌ هێزه‌کانی عێراق هه‌م پشتیوانیکردنی هێزه‌کانی عێراق له‌ڕووی مه‌شقه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی گۆڕینی ئه‌و ئه‌رکانه‌ بۆ هێزه‌کانیان ده‌بێته‌ پشتیوانیه‌ک بۆ هێزه‌کانی سوپای عێراق و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ وه‌کو باسمکرد له‌ مه‌سه‌له‌ی به‌رده‌وامیدان له‌ شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش که‌ ئه‌مه‌ گرنگیه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ عێراق به‌ گشتی و هه‌رێمی کوردستان."

"نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌شی تێدایه‌، ئه‌وان ڕۆڵیان ده‌بێت ."

لەو گفتوگۆ ستراتیژییەی لە نێوان ئەمەریکا و عێراق لە ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت ئێوە لە کوێی ئەو گفتوگۆیانەدان؟

وەڵامەکەی فەریق ڕوکن جەبار یاوەر بەمجۆرە بوو" پێش له‌ ڕۆیشتنیان کە ئه‌مه‌ دووه‌مین جاره‌، ئه‌و شانده‌ی عێراق به‌شێوازێکی گشتی له‌گه‌ڵ شاندی هه‌رێمی کوردستاندا گفتوگۆیه‌ک کراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی شاندی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی عێراق چ ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی و چ هه‌رێمی کوردستان ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌ پێویستی هێزه‌کانی سوپای عێراق و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌، ئێمه‌ش وه‌کو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، کاغه‌زێکمان ئاماده‌ کردووه‌ که‌ ئه‌و پێویستیانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ پشتیوانیکردنی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌و ڕووانه‌ی که‌ باسمانکرد له‌ڕووی لۆجستیه‌وه‌ و له‌ڕووی مه‌شقی سه‌ربازییه‌وه‌ ، له‌ڕووی ئاسمانییه‌وه‌ له‌ڕووی چه‌کدارکردنی هێزه‌کانه‌وه‌ ، ئه‌وانه‌مان له‌ کاغه‌زێک ئاماده‌ کردبوو په‌سه‌ند کرا له‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌گه‌ڵ شانده‌ باڵاکه‌ی حکومه‌تی فیدڕاڵی عێراق گفتوگۆی له‌سه‌ر کراوه‌، بێگومانیش ئێستا له‌ ئه‌مه‌ریکا شانده‌که‌ به‌ هاوبه‌شه‌ چونکه‌ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی تێدایه‌ و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌شی تێدایه‌، ئه‌وان ڕۆڵیان ده‌بێت له‌ مه‌سه‌له‌ی ڕێککه‌وتنی کۆتایی ستراتیژی له‌نێوانی ئه‌مه‌ریکا و له‌نێوانی عێراقدا له‌ بواری سه‌ربازی و ئه‌منیه‌وه‌."

" عێراق وڵاتێکه‌ به‌رگری له‌ ئاسایشی خۆی ده‌کات له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر نه‌وه‌ک له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگ له‌گه‌ڵ وڵاتێکی تر "

هەر لە دیمانەکەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا د.فوئاد حوسێن دەربارەی هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق ڕایگەیاندبوو" عێڕاق ناتوانیت بەرامبەر بە تورکیا بەرگری لە خۆی بکات."

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەو بارەیەوە دەڵێت" ئه‌م ڕێککه‌وتنانه‌ی که‌ کراوه‌ له‌ نێوان ئه‌مه‌ریکا و عێراقدا بۆ مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕی دژی داعشه‌ هیچ په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ شه‌ڕ له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌تدا، دووه‌م هیچ جۆره‌ شه‌ڕێک نییه‌ له‌نێوان عێراق و له‌نێوان هیچ ده‌وڵه‌تێکی دراوسێ یان هیچ ده‌وڵه‌تێکی تردا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ڵێ عێراق به‌پێی لێدوانه‌کانی خۆیان یان به‌پێی کاروباری به‌رگری، عێراق وڵاتێکه‌ به‌رگری له‌ ئاسایشی خۆی ده‌کات له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر نه‌وه‌ک له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگ له‌گه‌ڵ وڵاتێکی تر."

یاوەر ئەوەشی وت" هیچ ئاماژه‌یه‌ک نییه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ عێراق شه‌ڕ بکات له‌گه‌ڵ وڵاتێکی دراوسێ، ئه‌و له‌میانه‌ی باسکردنی ئه‌و پرسیارانه‌ی لێیکراوه‌ له‌ به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئایا ئه‌و هێزانه‌ی تورکیا که‌ هاتونه‌ته‌ ناو خاکی عێراق، عێراق ده‌توانێت به‌هۆی هێزه‌وه‌ ده‌ریان بکات؟ وه‌ڵامی به‌ڕێزی (وەزیری دەرەوەی عێراق) ئه‌وه‌ بوو که‌ عێراق به‌هێزی سه‌ربازی توانای نییه‌ هیچ هێزێکی ده‌ره‌کی ده‌ربکات به‌ڵکو به‌پێی ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌، به‌پێی ئه‌و یاسا نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی که‌ هه‌ن ده‌رباره‌ی ڕێزگرتن له‌ سیاده‌ی هه‌ر وڵاتێک ده‌کرێت."

" بێده‌نگی نه‌کراوه‌... "

دەربارەی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە شاری هەولێر و بەغداد چەند بنکەیەکی سەربازی لە شارەکانی تر بۆچی عێراق و هەرێمی کوردستان بێدەنگن لەو هێرشانە؟

لە وەڵامدا ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم وتی" وه‌کو بێده‌نگی، بێدەنگی نه‌کراوه‌ به‌ڵکو له‌کاتی هه‌ر هێرشێک له‌و جۆره‌ بۆسه‌ر ئامانجه‌کانیان بۆسه‌ر پێگه‌کانی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان یان نێرده‌ دیبلۆماسیه‌کان که‌ کراوه‌ له‌ عێراق یان له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و عێراق کراوه‌ ده‌ستبه‌جێ یه‌کسه‌ر لیژنه‌ی هاوبه‌ش دروستبووه‌ له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی فیدڕاڵی عێراق بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌م هێرشه‌ چۆن ئه‌نجامدراوه‌ و کێ ئه‌نجامی داوه‌؟ ئایا له‌ ناوه‌وه‌ی هه‌رێم یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ئه‌نجامدراوه‌؟ ئایا له‌ناوه‌وه‌ی عێراق یان له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌نجامدراوه‌ بۆ سه‌ر ئامانجه‌کان له‌ عێراقدا؟ هه‌ردوولاش لێدوانه‌کانی هه‌م لێپرسراوانی باڵای عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌توندی سه‌رکۆنه‌ی ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌یان کردووه‌، هەروەها باسیان له‌وانه‌ کردووه‌ که‌ هه‌ندێک گروپی چه‌کداری ده‌ره‌وه‌ی یاسا یان تائێستا نه‌چۆته‌ ژێر ڕکێفی فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی عێراق به‌گشتی، ئه‌وانه‌ن که‌ ئه‌وکارانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، وه‌ باس له‌وه‌ دەکەن که‌ لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌کرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی ئه‌نجامیانداوه‌ ده‌ستنیشان بکرێن سزاده‌درێن به‌پێی یاسا."


ئاماژەت بەوەکرد کە لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو هێرشانە پێکهاتووە ئایا ئەنجامەکان بە کوێ گەیشت؟

لە وەڵامدا فەریق ڕوکن جەبار یاوەر وتی" ئێمه‌ وه‌کو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ لایه‌نێک نیین له‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ زیاتر ئه‌و لایه‌نانه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ سه‌ر به‌ داموده‌زگا ئه‌منییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانن، داموده‌زگاکانی عێراق و وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق و وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان، ده‌توانرێت زیاتر ئه‌و پرسیارانه‌ ئاراسته‌ی ئه‌وان بکرێت چونکه‌ ورده‌کاری لێکۆڵینه‌وه‌ و ئه‌نجامه‌کان لای ئه‌و به‌ڕێزانه‌یه‌."

please wait

No media source currently available

0:00 0:12:02 0:00


XS
SM
MD
LG