Accessibility links

حسێن قاسم: هەوڵماندا لە کوردستان دادگایەکی تایبەتمەند دابمەزرێنین لەسەر تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدییەکان بەڵام دادگای فیدراڵی ڕەفزی کرد


حسێن قاسم ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری ئێزیدییەکان
حسێن قاسم ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری ئێزیدییەکان

حسێن قاسم ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری ئێزیدییەکان دەڵێت" هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی ئامادەکرد بۆ دروستکردنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ ئەو تاوانانەی کە دژ بە کوردانی ئێزیدی ئەنجامدران بەڵام پرۆژەکە پێش ئەوەی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەند بکرێت لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە ڕەفزکرا، دەشڵێت"بەڵام هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی ئەو دادگایە."

" کەیسی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدییەکان کاری زۆر باشی لەسەر کراوە "

لە سەرەتای وتووێژەکەدا حسێن قاسم وتی" هەتا ئێستا کەیسی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدییەکان کاری زۆر باشی لەسەر کراوە لە ڕووی کۆکردنەوەی بەڵگەکان بە ملیۆنان بەڵگە و شاهێد و چەندین جۆری بەڵگە کە کواڵیتی زۆر باش بێت لەسەرییان کۆکراوەتەوە ئەم بەڵگانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییە. ئێمە دەتوانین لە دادگای ناوخۆیی بێت یاخود دادگای تێکەڵ بێت بەکاربهێنرێن چونکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییە، هەروەها لیژنەی یونیکادی-سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ژمارەی 23/79 تا ئێستا کارێکی زۆر جدی و گرنگییان لەسەر کۆکردنەوەی بەڵگەکان کردووە، ئێستا ئێمە گەیشتوینەتە قۆناغی دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند کە تایبەتمەندی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەیسانە."

ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزیدییەکان وتیشی" وەکو لایەنی کوردستان بە تایبەت سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت زۆر هەوڵدراوە کە بگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی حکومەتی عێراقی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی دادگایەک پێکبێت کە تایبەتمەندی دادگایی و یاسایی هەبێت کە ئەو تاوانانەی دژ بە ئێزیدییەکان ئەنجامدراون بە بەکارهێنانی بڕگە و ماددە یاساییە نێودەوڵەتییەکان کە لە یاسای عێراقیدا نیـیە هەتا بتوانرێت ئەو یاسایانە لەو دادگایە بەکاربهێنرێت."

"دادگاکە دادگایەکی نێوخۆییە بەڵام وەکو حکومەتی هەرێم هەوڵدەدەین ئەو دادگایە تایبەتمەندی یاسایی و دادگاییکردنی هەبێت لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان "

حسێن قاسم زیاتر ڕونیکردەوە" دادگاکە دادگایەکی نێوخۆییە بەڵام وەکو حکومەتی هەرێم هەوڵدەدەین ئەو دادگایە تایبەتمەندی یاسایی و دادگاییکردنی هەبێت لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان. بۆ نمونە ئێمە دەمانەوێت هەندێک بڕگە لە پەیماننامەی ڕۆما بهێنین هەتا لەو دادگایە کار لەسەر تاوانەکانی داعش بکرێت چونکە ئەو دەقە یاساییانە لە یاسای سزادانی عێراقیدا نین، بەڵام ئەو پرۆژەیەی حکومەتی هەرێم پێش ئەوەی ببێتە بڕیار چونکە لە پەرلەمانی کوردستانە هەتا بنەمایەکی یاسایی هەبێت دادگاکە، بەداخەوە لە لایەن دادگای فیدراڵیەوە ئەو پرۆژەیە ڕەفزکرایەوە."

ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆکی هەرێم ئەوەشی وت" هەرێمی کوردستان زۆر ڕێز لە دادگای فیدراڵی دەگرێت، بەڵام پێمان وابوو ئەو دادگایە دەکرێت بڕیار لەسەر یاسا بدات نەک پرۆژەی یاسا چونکە هەتا ئێستا ئەو پرۆژەیە لە پەرلەمانە نەبۆتە بڕیار."

قاسم جەختیکردەوە" بۆ ئەم قۆناغە کە دادگای فیدراڵی ڕێگەی بە ئێمە نەدا بۆ دامەزراندنی ئەو دادگا تایبەتمەندە، بەڵام ئەمە مانای وانیە بۆ داهاتووش بێت، ئێمە لە ئێستادا دیراسەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکەین هەوڵدەدەین کێشەکان چارەسەر بکەین، ڕاناوەستین هەتا میکانیزمێکی یاسایی گونجاو نەدۆزینەوە بۆ ئەوەی تایبەتمەنی هەبێت لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون دژی کوردانی ئێزیدی."

" کێشەی ئێزیدییەکان بە تەنها کێشەی یاسایی نیـیە "

ڕاشیگەیاند" کێشەی ئێزیدییەکان بە تەنها کێشەی یاسایی نیـیە ئێمە ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی عێراقی هەبوو بۆ چارەسەر کردنی کێشەی سیاسی و سەربازی شەنگال بەداخەوە هەتا ئێستا ئەمە جێبەجێ نەکراوە کە دەمانویست شەنگال ئاوەدان بکرێتەوە و خەڵکەکەی بگەڕێتەوە. هەتا خەڵک هەست بەوە بکات ئاسایش و ئارامی هەیە و جارێکی تر تاوانی جینۆسایدی وەها دژی کوردانی ئێزیدی ئەنجام نادرێت."

حسێن قاسم وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە بۆچی هەوڵنادەن لە بەغداد لە ڕێگای حکومەتی عێراقیەوە ئەو دادگایە دابمەزرێنن؟ لە وەڵامدا وتی" هەوڵدراوە و پرۆژە یاساش پێشکەش بە پەرلەمانی عێراقی کراوە، بەڵام بابەتەکە بەو جۆرە ئاسان نیـیە، چونکە تێکەڵاوکردنی یاسای عێراقی و پێوەر و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، دەبێت هەوڵبدرێت پێچەوانە نەبێت لەگەڵ یاساکانی عێراق."

"لە ناو زیندانیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش زیندانی کراوی تاوانباری کارەساتەکەی شەنگال هەن"

ئایا لە هەرێمی کوردستان زیندانی کراوی سەرکردە و بەرپرسی داعش هەیە کە لەو تاوان و کارەساتەی شەنگال بەشدار بووبێت؟

لە وەڵامدا حسێن قاسم وتی" بێگومان لە عێراقیش و لە هەرێمی کوردستانیش هەن، بۆیە هەر بۆ زانیاری کە ئێمە باسی دادگای نێودەوڵەتی بە پێوەری نێودەوڵەتی دەکەین، دەبێت تاوانبار هەبێت بۆیە ئێمە جۆری تاوان و بەڵگە و ناوی تاوانباریشمان لایە دەیدەینە دادگا ئەوە کاری دادگایە کە لێکۆڵینەوە بکات لە هەمان کاتیشدا ڕێز لە مافی یاسایی تۆمەتبار دەگرین کە پارێزەری هەبێت هەتا بەرگری لە مافەکانی بکات."

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:58 0:00


XS
SM
MD
LG