Accessibility links

بەشداری نەکردنی سەرۆکانی تورکیا و ئێران، لە بایەخی لوتکەی بەغدای بۆ هاریکاری و هاوبەشی کەمکردووەتەوە


لوتکەی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی، بەبەشداری 9 وڵات لەبەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت لوتکەکە ئەنجامی گرنگی هەبێت، بەو پێیەی ئێران و تورکیا، دوو وڵاتە گرنگەکەی دراوسێی عێراق، لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بەشداربوون، نەک سەرۆک کۆمار، ئەمەش والێکدانەوەی بۆ دەکرێت، ئەو دوو وڵاتە نایانەوێت لە سایەی عێراق دا، نەیارەکانیان ببین و بیکەنە دەستکەوت بۆی.

هەریەک لە ئیمانۆیل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر، شاعەبدوڵای پادشای ئوردن و وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئێران، بەشداری لوتکەی بەغدایان بۆ هاریکاری و هاوبەشی کرد، کە ئامانجی لوتکەکە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە و پەیوەندی نێوان وڵاتان و تاوتوێکردنی دۆخی ئابوری و وەبەرهێنانە.

دکتۆر سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، بەدووری دەزانێت لوتکەکە ئامانجەکانی بپێکێت، چونکە ئێران و تورکیا وەکو دوو وڵاتی گرنگی ناوچەکە، لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بەشداربوون، نەک سەرۆک کۆمار، وتی"لوتکەکە کاتێک گرنگبوو، گەر ئەردۆغان بەشداربایە و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، وەکو دوو سەرۆک وڵاتی ناکۆک، چاویان بەیەک کەوتبا، یاخود ئێران و سعودیە پێکەوە و لەئاستی باڵا بەشداربایەن."

بەشێک لەو سەرۆک وڵاتانەی بەشداری لوتکەکەیان کردووە، ئەجێندای تایبەت بە خۆیان هەیە، بەتایبەت ئیمانۆیل ماکرۆن ی سەرۆکی فەرەنسا، دەیەوێت گرێبەستی وزە لە عێراق بۆ کۆمپانیای تۆتاڵ ی فەرەنسی بەدەست بهێنێت، ئەمەش بەڕای شیکەرەوان.

لوتکەی بەغدا، 28 ی هەشتی 2021
لوتکەی بەغدا، 28 ی هەشتی 2021

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و شاعەبدوڵای پادشای ئوردن کە بەشداری لوتکەکەیان کردووە، پێشتر پەیوەندیان لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق بەهێزبوو، تا ئەو ئەندازەی وا لێکدانەوەی بۆ دەکرا، ئەم سێ وڵاتە دەیانەوێت بەرەیەک لە ناوچەکە دروست بکەن و ڕۆڵیان هەبێت بە ئاگاداری ئەمەریکا.

دکتۆر سەدار عەزیز وتی"ئەمەریکا و بەتایبەت ئیدارەی بایدن، حەز دەکات کازمی و عێراق و ئوردن نزیک ببنەوە و ڕۆڵیان هەبێت لەناوچەکەدا."

لوتکەی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی، کە ئامانجی سەقامگیری ناوچەکە و هەماهەنگی ئابوری نێوان وڵاتانە، لەکاتێکدایە چەند ساڵێک لەمەوبەر وەزیری دارایی عێراق لە زانکۆی بەیروتی لوبنانی پرۆژەیەکی خستووەتەڕوو.

ناوەڕۆکی پرۆژەکە بریتی بووە لەوەی چۆن لەنێوان وڵاتاندا، هەماهەنگی و پێکەوەبوون گرێ بدرێت، بەتایبەت عێراق لەڕووی وزە، ئوردن لەڕووی تەکنەلۆژیاو لوبنان لەڕووی بانک، هەر وڵاتەو لەڕوویەکەوە بەشداربن.

لوتکەی بەغدا، 28ی هەشتی 2021
لوتکەی بەغدا، 28ی هەشتی 2021

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە وتەیەکدا کە ئەمڕۆ لەبەغدا پێشکەشی کرد، وتی"لوتکەی بەغدا لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەش و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکەیە."

ئەم وتانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە، سەقامگیری و ئاشتی لەناوچەکە بێ بەشداری ئێران و تورکیا نایەنە دی، بەڵام سەرۆکی هیچکام لەو دوو وڵاتە، بەشداری لوتکەی بەغدایان نەکردووە.

لوتکەکە کە لەلایەن عێراقەوە بەستراوە و سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، ڕۆڵیان هەبووە لە گرێدانیدا، کە بەپێی لێکدانەوەکان، ئەوان دەیانەوێت ئەم لوتکەیە بکەنە دەستکەوتێکی گرنگ لەسەردەمی دەسەڵاتیاندا، وەکو پەیامێکیش بەکاری بهێنن، کە سەرجەم وڵاتە ناکۆکەکانیان لەسایەی عێراق دا کۆکردووەتەوە.

بەڕای دکتۆر سەدار عەزیز، ئێران نایەوێت ئەو بایەخە بە عێراق بدات، کە لەژێر سایەیدا لەگەڵ وڵاتە نەیارەکانیداو بەتایبەت سعودیە کۆببێتەوە،ناشیەوێت ئەمە ببێتە دەستکەوت بۆ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق، وتی"تورکیاش زیاتر سەرقاڵە بەڕۆژاواوە، تورکیا ئێستا یەک شتی دەوێت، ئەویش شەرعیەتدانە بە لەشکرکێشیەکانی لەناو خاکی عێراق، لەکاتێکدا ئەجێنداکەی دیار نیە، بۆ دەیەوێت بێتە عێراق، ئایا بۆ شەڕی پەکەکە، یاخود قۆستنەوەی بۆشایی عێراق و نەکشانەوە."

لوتکەی عێراق بۆ هاریکاری و هاوبەشی و بەشداری نەکردنی سەرۆکی وڵاتانی ئێران و تورکیا لەکاتێکدایە، عێراق وەکو گۆڕەپانی قۆستنەوە و ململانێی ئەو دوو وڵاتە لێیدەڕوانرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت لەحاڵەتی کشانەوەی ئەمەریکادا، دەستوەردانی زیاتر لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە بۆزیاتر بەهێزکردنی پێگەیان بکرێت.

دکتۆر بەرهەم ساڵەح ی سەرۆک کۆماری عێراقیش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، ڕایگەیاند"چەندین تەحەدای قورس لە پێشمانە، دەبێت بەهاوبەشی ڕووبەڕووی ببینەوە، ئەمەش لەپێناو سەقامگیری ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندیە ئابوریەکان."

XS
SM
MD
LG