Accessibility links

عەبدولستار مەجید: ئەگەر هەڵبژاردن بێ ساختەکاری بکرێت، ئێمەی ئیسلامییەکان زۆرینە دەبین


عەبدولستار مەجید
عەبدولستار مەجید

عەبدولستار مەجید کاندیدی کۆمەڵی دادگەری لەم وتووێژەدا باس لە بەرنامەی ئیسلامییەکان دەکات بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێت" ئەگەر هەڵبژاردن بێ ساختەکاری بکرێت، ئێمەی ئیسلامییەکان نەک لە پارتی و یەکێتی بەڵکو لە کوردستان و عێراق زۆرینەین، خۆ ئەگەر هەڵبژاردن بێ ساختەکاری و غەل و غەش بکرێت بەچاودێری خەڵکی دەرەوە نەک هیچ کام لە ئێمە و لەکوردستان،ئەگەر ئێمه‌ی ئیسلامییه‌كان زۆرینه‌ نه‌بووین من یه‌كێک ده‌بم له‌وانه‌ی ده‌ست له‌كاری حیزبی ده‌كێشمه‌وه‌."

"ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ڕاستی یه‌كه‌م هه‌نگاومان ده‌بێت و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین"

لەسەرەتای وتووێژەکەدا عەبدولستار مەجید وتی" ئێمه‌ وه‌كو كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان وێڕای ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنمان هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رنامه‌ی حیزبه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوودا كردوومانه‌ كه‌ من پێموایه‌ خه‌ڵک ده‌بێت ته‌ماشای هه‌ڵوێسته‌كانی ڕابردوو بكات له‌ ڕابردوودا ئه‌و حیزبه‌ چی كردووه‌، یان ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی ئه‌و حیزبه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق یان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌ حكومه‌ت بوون چییان كردووه‌ ئینجا بڕیار له‌سه‌ر داهاتوویان بدات هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت له‌ عێراق ئه‌نجام بدرێت به‌ نوێنه‌ره‌كانمان تێیدا به‌شدار بن و پێشڕه‌و بن بریتییه‌ له‌وه‌ی ئه‌و مافه‌ یاسایی و ده‌ستوریانه‌ی به‌ كورد دراوه‌ له‌ ده‌ستوری عێراق كه‌ هه‌تا ئێستا به‌شی هه‌ره‌ زۆری جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ڕاستی یه‌كه‌م هه‌نگاومان ده‌بێت و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و قه‌واره‌و پێكهاتانه‌ی تر له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌بن و به‌شدار ده‌بن."

"به‌رنامه‌یه‌كی تری گشتگیرمان هه‌یه‌ "

عەبدولستار مەجید ئەوەشی وت" ئێمه‌ به‌رنامه‌یه‌كی تری گشتگیرمان هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر لیستێكی دیكه‌، هه‌ر فراكسیۆنێكی دیكه‌ی په‌رله‌مانی، به‌تایبه‌ت مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌ی كوردستانه‌ به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیشه‌وه‌ ئاماده‌ین له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌یه‌كی هاوبه‌ش واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ هه‌موو كورد بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانمان و بۆ پاراستنی شایسته‌ دارایی و سیاسی و كارگێڕیه‌كانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌رجێک ئه‌و كوتله‌ و فراكسیۆنانه‌ی له‌ ڕابردوودا به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و ئه‌و دوو حیزبه‌ به‌تایبه‌تیتر له‌ پشته‌وه‌ نه‌چن كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ بكه‌ن و ڕێككه‌وتنی تر ئه‌نجام بده‌ن كه‌ له‌ ڕابردوودا بینومانه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا هه‌تا پارتی و یه‌كێتی به‌جیا كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌ و چوون له‌گه‌ڵ كوتله‌ و حیزبه‌كانی عێراق ڕێككه‌وتوون، به‌ڕاستی ئه‌وه‌ به‌كارێكی خراپ ده‌بینیین ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ بۆ ئه‌مه‌ش ئاماده‌ییمان هه‌یه‌."

"به‌هیچ شێوه‌یه‌کله‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیین كه‌ له‌گه‌ڵ میلله‌تی خۆمان ڕاستگۆ نه‌بین "

کاندیدەکەی کۆمەڵی دادگەری لە پارێزگای هەولێر، زیاتر ئاماژەی بە بەرنامەی حیزبەکەی کرد و وتی" بابه‌تێكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیین له‌گه‌ڵ میلله‌تی خۆمان ڕاستگۆ نه‌بین ده‌توانم بڵێم ئه‌وانه‌ی هه‌تا ئێستا له‌ ده‌سه‌ڵات بوون و نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكیان كردووه‌ ڕاستگۆ نه‌بوون له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، ئێمه‌ ڕاست و ڕێک پێیان ده‌ڵێین ده‌توانین چی بكه‌ین؟ له‌ عێراق ئێمه‌ چیمان كردووه‌؟ له‌گه‌ڵ عێراق بڕوامان به‌ چ شێوازێكی مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتێک هه‌یە؟ له‌گه‌ڵ عێراق بڕوامان به‌ چ جۆره‌ په‌یوه‌ندیه‌کهه‌یه‌؟ پێشموایه‌ له‌ ڕابردوودا ئه‌وه‌ی بۆ كورد به‌ده‌ست نه‌هاتووه‌ به‌شی زۆری كورد، نوێنه‌رانی كورد وایانكردووه‌ كورد به‌ مافه‌كانی خۆی نه‌گات مامه‌ڵه‌یه‌كی نادروستیان هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڵێن و ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ی كراوه‌ له‌ڕابردوودا ڕاستیان نه‌كردووه‌ و نه‌یان بردۆته‌سه‌ر له‌هه‌مانكاتیشدا به‌ڕاستی ئه‌م شێوازی خراپ به‌ڕێوه‌بردنه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پڕبووه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و قۆرخكاری و سیاسه‌ت و بڕیاری هه‌ڵه‌وپه‌ڵه‌ له‌ئه‌نجامدا به‌رپرسانی عێراقی دڕدۆنگ-به‌گومان كردووه‌ به‌رامبه‌ر كوردیش كه‌ مافه‌كانمان پێشێل بكرێت له‌هه‌مانكاتدا، به‌شێكیشی ئه‌وه‌ی كورد به‌ مافه‌كانی خۆی نه‌گه‌یشتووه‌ و به‌رپرسانی عێراقیش چاویان به‌وه‌ هه‌ڵنایه‌ت و پێیان خۆش نییه‌ كورد به‌هیچ مافێكی خۆی بگات."

"ئەگەر هەڵبژاردن بێ ساختەکاری بکرێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی ئیسلامییه‌كان زۆرینه‌ نه‌بووین من یه‌كێکده‌بم له‌وانه‌ی ده‌ست له‌كاری حیزبی ده‌كێشمه‌وه‌ "

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئیسلامەیەکانی کوردستان بەنیازن چی لە عێراق و کوردستان بەدەست بهێنن لەکاتێکدا لە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لایەنە ئیسلامەیەکان وەک دەردەکەوێت لە هەڵبژاردنەکان شکست دەهێنن؟

لە وەڵامدا عەبدولستار مەجید وتی" شكستی ئیسلامیه‌كان له‌ هه‌ندێک وڵات بڵێین له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌كو میسر و ئێستا تونس ئێستا کە دەڵێن هاتۆته‌ ئاراوه‌، ئه‌و ناوچانه‌ی ناوچه‌ی ئاڵۆز و پڕكێشه‌ن و ناكۆكی و ئاژاوه‌ی زۆری تێدایه‌ هه‌ریه‌ک له‌م وڵاتانه‌ سیسته‌مێكی خێڵه‌كی هه‌بووه‌ و دیكتاتۆریه‌ت هه‌بووه‌ حوكمی كردووه‌ نه‌ باوه‌ڕی به‌ مافی مرۆڤ هه‌بووه‌ نه‌ باوه‌ڕی به‌ دادگه‌ری هه‌بووه‌ نه‌ هه‌رگیز بڕوای به‌ ده‌ستا و ده‌ستی ده‌سه‌ڵات هه‌بووه‌ ئه‌مانه‌ بڕوایان به‌ هه‌ڵبژاردن و به‌ دیموكراسی نه‌بووه‌ و قبوڵیشیان نه‌بووه‌ ده‌بوو له‌ هه‌ڵبژاردن خۆیان تێیدا براوه‌بن و زۆرینه‌ی ڕه‌هابن بۆنموونه‌ دوای شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی هێزه‌ ئیسلامییه‌كان ئایا قبوڵكراو بوون یان نا، كه‌ هه‌ڵقوڵاوی میلله‌ته‌كانی خه‌ڵكی خۆیان بوون، به‌ هه‌ڵبژاردن دێنه‌پێشه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست به‌ڵام به‌ده‌ست له‌پشتدانی ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاوا كوده‌تای سه‌ربازیان به‌سه‌ردا ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی له‌ میسر ڕوویدا ئایا ئیسلامی شكستی هێنا یان كوده‌تا كرا! ئه‌وه‌ی له‌ تونس ڕووده‌دات ئیسلامیه‌كان شكستیان هێناوه‌ یان كوده‌تایان به‌سه‌ردا كراوه‌؟! له‌ شوێنه‌كانی تریش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ له‌ سوریا لێنه‌گه‌ڕان ئیسلامییه‌كان سه‌ربكه‌ون و لێنه‌گه‌ڕان خه‌ڵک به‌مافی خۆی بگات به‌هه‌موو دنیا پشتی دیكتاتۆریه‌تی به‌عسیان گرت كه‌ ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ ڕژا ته‌نها بۆئه‌وه‌ی بمێنێته‌وه‌، من پێموایه‌ ئه‌وه‌ شكست نییه‌ به‌ڕاستی فه‌رموون ته‌ماشای نموونه‌ی توركیا بكه‌ن ته‌ماشای نموونه‌ی ئه‌فغانستانیش بكه‌ن، من پێموایه‌ ئه‌وه‌ كوده‌تایه‌ به‌سه‌ریاندا كراوه‌."

"ئێمه‌ هه‌میشه‌ وتومانه‌ وه‌رن هه‌ڵبژاردنی ئازاد بكه‌ن بزانین ئاخۆ ئیسلامیه‌كانی كوردستان پێگه‌یان چه‌نده‌ و قه‌باره‌یان چه‌نده‌؟ ئێمه‌ ڕازیین له‌ هه‌ڵبژاردنێكی پاکو بێگه‌ردا با هیچ كه‌سێک له‌ كوردستان سه‌رپه‌رشتی نه‌كات هیچ كه‌سێک با چاودێر نه‌بێت با خه‌ڵكی له‌ ده‌ره‌وه‌ بهێنین ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی ئیسلامییه‌كان زۆرینه‌ نه‌بووین من یه‌كێک ده‌بم له‌وانه‌ی ده‌ست له‌كاری حیزبی ده‌كێشمه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌مان نه‌هێنا و سه‌ركه‌وتوونه‌بوین، خۆ هەر بۆ نموونه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سلێمانی چه‌ند ده‌نگی هێناوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ڕابردوو 47 هه‌زار ده‌نگی هێناوه‌ ئێمه‌ 53 هه‌زارمان هێناوه‌ چونكه‌ به‌ڕاستی له‌وێ نه‌یتوانیوه‌ ته‌زویر بكات، پاره‌شی به‌خشیوه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵكی خانه‌نشین كردووه‌ و خه‌ڵكی دامه‌زراندووه‌، بۆنموونه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ هه‌ولێر چه‌ند ده‌نگی له‌ ئێمه‌زیاتر هێناوه‌؟ به‌ئه‌ندازه‌ی ئێمه‌ ده‌نگی هێناوه‌ كه‌واته‌ قه‌باره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌."عەبدولستار مەجید کاندیدی کۆمەڵی دادگەری وایوت"

"دڵنیام ئیسلامییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆرینه‌ن، له‌عێراقیشدا "

عەبدولستار مەجید وتیشی" من دڵنیایی ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌كان له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئارام و ئازاد و بێ ساختەکاری هه‌ڵبژادن بكرێت دڵنیام ئیسلامییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆرینه‌ن، له‌عێراقیشدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ عێراق ده‌گوزه‌رێت كه‌ پڕه‌ له‌ ملیشیا و ده‌ستی ئه‌و وڵات و ئه‌و وڵاتی له‌پشته‌ من باسی ئه‌وه‌ ناكه‌م به‌ڵام باسی خۆمان ده‌كه‌م كه‌ هه‌ڵقوڵاوی ناو خه‌ڵكی خۆمانین و ده‌ست له‌پشتدراوی هیچ وڵات و خه‌ڵكێکنین، به‌كرێگیراوی هیچ كه‌سێک و هیچ وڵاتێکنین، سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی خۆمانمان هه‌یه‌، ته‌حه‌دا ده‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ با هه‌ڵبژاردنی بێ غه‌ل و غه‌ش بێ ساختەکاری بێت ته‌نها ئێمه‌ ئه‌و داواكاریه‌مان هه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ هه‌ڵبژاردنێكی خاوێن بكرێت بێ ساختەکاری ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌رچی بێت ئێمه‌ قبوڵمانه‌."

" من خۆم داوام نه‌كردووه‌ به‌ڵكو هه‌میشه‌ پێشنیار كراوه‌ "

دەربارەی ئەو ڕەخنانەی کە هەندێک ئاڕاستەی خودی خۆی و حیزبەکەی دەکەن لەسەر ئەوەی بەردەوام چەند کەسێک بۆ پۆستەکان دووبارە کاندید دەکاتەوە لە نێویشیاندا خودی خۆی(عەبدولستار مەجید)، لە وەڵامدا ناوبراو وتی" من بۆ هیچ پۆستێک نه‌ بۆ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو نه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ئێستاش نه‌ بۆ په‌رله‌مانی عێراق من خۆم داوام نه‌كردووه‌ به‌ڵكو هه‌میشه‌ پێشنیار كراوه‌ به‌ڕاستی سیسته‌م لای ئێمه‌ هه‌ڵبژاردن بووه‌ واته‌ دانان نه‌بووه‌ هیچ كه‌سێک نه‌یتوانیووه‌ هیچ كه‌سێکدابنێت به‌ڵكو به‌ هه‌ڵبژاردن بووه‌ و ئێمه‌ش هه‌موومان پابه‌ندبووین به‌ زۆرینه‌ و به‌ بڕیار كه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن بێت."

"به‌ڕاستی بۆخۆم پێمخۆش بوو بۆ به‌غداد و نه‌حه‌زیشم لێیه‌تی من سه‌رۆكی فراكسیۆنم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانتارم واته‌ كه‌سێک نییه‌ خۆی بخاته‌ ئه‌م مه‌عمه‌عه‌یه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ من ڕیسك-خۆدانه‌ به‌ر مه‌ترسی بێت كه‌ هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک بچمه‌ به‌غداد و بگه‌ڕێمه‌وه‌ خه‌م و خه‌فه‌ته‌كانیشی له‌وێ بوه‌ستێت، بەڵام دیاره‌ من پابه‌ندم به‌ پره‌نسیپی حیزبیه‌وه‌."عەبولستار مەجید وادەڵێت"

"مامۆستا عه‌لی باپیر بۆ هیچ كه‌سێکله‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆدا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نه‌بووه‌ و هه‌رگیزیش داوای نه‌كردووه‌ زۆرجاریش پێشنیاری هه‌ندێکشتی كردووه‌ و به‌زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ "

عەبدولستار مەجید ئەوەشی ڕەتکردەوە کاندیدکردنەوەی بۆ پۆستەکان پەیوەندی بە خزمایەتی ئەمیری کۆمەڵی دادگەرییەوە هەبّت، لەو ڕوەوە عەبدولستار وتی" نه‌خێر هیچ په‌یوه‌ندی به‌خزمایه‌تی مامۆستا عه‌لی باپیره‌وه‌ نییه‌ چونكه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر بۆ هیچ كه‌سێک له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆدا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نه‌بووه‌ و هه‌رگیزیش داوای نه‌كردووه‌ زۆرجاریش پێشنیاری هه‌ندێک شتی كردووه‌، به‌زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی په‌سه‌ند نه‌كراوه‌ و پێوه‌ی پابه‌ند بووه‌، ئه‌و یه‌كێک له‌وانه‌ بۆخۆشی كاتی خۆی حه‌زی نه‌كردووه‌ بچێته‌ به‌غداد وه‌كو په‌رله‌مانتار به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی به‌زۆرینه‌ كاندیدیان كردووه‌ و ئه‌ویش قبوڵی كردووه‌، دوباره‌ كاندید بوونه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری له‌ پرسی نوێنه‌رایه‌تیدا، پەیوەندی بەوەوە هەیە ئێمه‌ به‌ڕاستی ئیش بۆ خه‌ڵک نادۆزینه‌وه‌ ئێمه‌ پێمان وانییه‌ ئه‌م پۆست و پلانه‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت خه‌ڵكێک تێیدا سوودمه‌ند بێت یان با فڵان كه‌س سوودمه‌ند بێت به‌ڵكو ئێمه‌ ته‌ماشای ئه‌وه‌مانكردووه‌ ئه‌و حیزبه‌ هه‌وڵیداوه‌ كه‌ به‌ ئه‌زموونترین كادیر و سه‌ركرده‌كانی بخاته‌ ئه‌و شوێنانه‌ كه‌ ده‌توانن ئه‌مانه‌تی نوێنه‌رایه‌تی به‌جوانترین شێوه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، هاوڕێكانی دیكه‌شم به‌هه‌مان پڕه‌نسپی حیزبیدا تێپه‌ڕیون پابه‌ندی بڕیاره‌كان بوون كه‌ سه‌رۆک و سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک داویه‌تی به‌ڕاستی هیچ كام له‌مانه‌ بۆخۆی نه‌ هه‌ڵپه‌ی بۆ كردووه‌ و نه‌ سووربووه‌ له‌سه‌ری نه‌ من بۆخۆم داواشم كردووه‌ به‌ڵام كه‌ پێیان سپاردووم پابه‌ندم به‌ پره‌نسیپی حیزبیم."

هەروەها وتیشی" كۆمه‌ڵی دادگه‌ری شایسته‌ی تێدا هه‌یه‌ زۆر خه‌ڵكی شایسته‌ و به‌توانا و پسپۆڕی تێدا هه‌یه‌ به‌ڵام ڕه‌نگه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ناودار نه‌بێت و خه‌ڵک نه‌یناسێت و له‌وانه‌یه‌ نه‌توانێت ده‌نگی پێویست بهێنێت. "

"کۆمەڵ چەند کورسی دەهێنێت؟ "

سەبارەت بە پێشبینییان بۆ ڕێژەی ئەو کورسییانەی چاوەڕێ دەکەن کۆمەڵی دادگەری بەدەستی بهێنێت؟ عەبدولستار مەجید وتی" ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌و پێنج كه‌سه‌ی كه‌ دامانناوه‌ بیرمان لێكردۆته‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ دامانناوه‌ ئومێد ده‌كه‌م ئه‌و پێنج كه‌سه‌مان هه‌رپێنجیان ده‌ربچن بۆ په‌رله‌مانی عێراق، وه‌ دڵنیاشم ئه‌گه‌ر ته‌زویرمان لێنه‌كرێت ئه‌و پێنج كه‌سه‌ ده‌نگی پێویست دێنن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:10:36 0:00


XS
SM
MD
LG