هیمان تەحسین بەگ بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەرپرسێکی باڵای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت” لەوکاتەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنە پێش وەختییەکەی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیەنراوە 375 تانە لەو ئەنجامانە دراوە.”
بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵا ڕونیکردەوە” ئەو تانانە هی لایەنی عێراقین، بە شیعە و سوننە و کورد و تەنانەت کاندیدی سەربەخۆن.”
بەپێی یاسا لایەنەکان دەتوانن لەڕۆژی هەڵبژاردن سکاڵا تۆمار بکەن، لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیش دەتوانن تانە لەو ئەنجامانە بدەن.
هیمان تەحسین بەگ دەڵێت” لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا 58 سکاڵا تۆمارکراوە، ئەو سکاڵایانەش پۆلێن دەکرێن بۆ ڕەنگەکانی (زەرد، سەوز، هەروەها سور) ئەوەی کاریگەری دەبێت لەسەر گۆڕینی ئەنجامە بەراییەکان سورەکانن، بەو مەرجەی کە بە بەڵگەوە بسەلمێنرێت پێشێلکاری ئەنجامدراوە، هێشتا دیار نیە و لە قۆناغی پۆلێن کردنداین ژمارەیان چەندە کەچونەتە ڕەنگی سورەوە.”
هەروەها وتیشی” تانەکانیش لە لایەن دەستەی دادوەری بۆ هەڵبژاردنەکان دوا بڕیاری لەسەر دەدرێت، ئەو دەستەیە بڕیاری هەرچی بێت دەبێت هەمووان پێوەی پابەند بن، ئەگەر ئەنجامەکەی ڕەتکردەوە هی وێستگەیەک بەو شێوە دەبێت.”
دوێنێ میدیا عێراقی و کوردییەکان هەواڵی دەرچوونی (ئینسام مانوئێل) کاندیدی لیستەکەی سەرۆک وەزیرانی پێشوتری حەیدەر عەبادی لە پارێزگای بەغداد بڵاوکرایەوە، کاندیدەکە زیاتر لە 2500 دەنگی هێناوە و بە کۆتای مەسیحییەکان دەرچووە، ئەم هەواڵە کاردانەوەی لای زۆرینەی خەڵک و میدیاکان بەدوای خۆیدا هێنا و بە گاڵتەجاڕی و وەک نیشانەیەکی پرسیار لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان باس دەکرا، چونکە ئینسام مانوئێل مانگ و نیوێک پێش هەڵبژاردنە پێش وەختیەکە لە ٢٤ی ئابی ئەمساڵ بە ڤایرەسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کردووە.
بەڵام هیمان تەحسین بەگ بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵا هۆکاری بوونی ناوی ئەو کاندیدە کۆچکردووە بۆ چاپی پێش وەختەی فۆڕمی دەنگدان دەگێڕێتەوە و دەڵێت” پێشتریش باسمان کردووە لەگەڵ کۆمپانیای کۆری و ئەڵمانی بۆ چاپکردنی فۆڕمی دەنگدان دوای چاپکردن و جێگیرکردنی ناوی هەموو کاندید و لایەنەکان لەسەر ئەو فۆڕمە سڕینەوەی مەحاڵە ندەدەتوانرا چا ئەو کاندیدە مردبێت یاخود کشابێتەوە بۆیە ئەوە هۆکاری مانەوەی ناوی ئەو کاندیدەیە لەسەر فۆڕمی دەنگدان.”