د.بەختیار شاوەیس ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق دەڵێت” کورد پێویستە چاوەڕێی دۆخەکە بکات و بەهیچ جۆرێک خۆی یەکلایی نەکاتەوە بۆ ئەو بەرانەی دروستبوون ئێستا لە عێراقدا، چونکە هەر کام لەو بەرانەی لە ئێستادا لە عێراقدا دروست بوون خاڵی لاواز و بەهێزی خۆیان هەیە. ”
”کورد ناکرێت سیناریۆی جارەکانی تر دووبارە بکاتەوە”
د.بەختیار شاوەیس ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، گرنگترین شت بۆ کورد لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە ”یەک دەنگ و یەک ڕیز بێت لە ناوخۆیدا، بەتایبەت ئەو پەرلەمانتارانەی دەچنە بەغداد یەک دەنگ بن لە مەسەلە چارەنوسسازەکاندا، جگە لەوەی لەو لایەنەوە نزیک بێت کە مافە دەستورییەکان و ماددەی 140، جێ بەجێ بکات، دەبێت کورد چاوەڕێ بێت، چونکە ئێستا کێشەکە لەنێو ماڵی شیعەیە نەک کورد، دەبێت نەبێتە لایەنگری هیچ کام لەو بەرانە. ”
شاوەیس ئەوەشی وت” کورد ناکرێت سیناریۆی جارەکانی تر لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو لایەنەی حکومەت پێکدەهێنێت دووبارە بکاتەوە چونکە ئیتر لە تەحەمولدا نەماوە، دەتوانرێت کاتێک دابنرێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد لەگەڵ ئەو لایەنەی لە داهاتوودا حکومەت پێکدەهێنێت. ”
” دەکرێت پارتی و یەکێتی پڕۆژەکەی نەوەی نوێ بکەنە دەلاقەیەک ”
لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەتی نوێی عێراقدا ناکات، لەهەمان کاتدا پڕۆژەیەکی ڕاگەیاند کە باس لە چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات، د.بەختیار شاوەیس دەڵێت” دەکرێت یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بیکەنە دەلاقەیەک بۆ ئەوەی لەگەڵ نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو بە یەک پاکێج بەشدار بن. ”
د.بەختیار شاوەیس بەدووریشی دەزانێت حکومەتی داهاتووی عێراق بە بێ کورد پێکبهێنرێت کە پێکهاتەیەکی سەرەکی عێراقە، لەو ڕووەوە وتی ” عێراق لەسەر سێ پێکهاتەی سەرەکی پێکهاتووە، (شیعە، سوننە، هەروەها کورد) پێکهێنانی حکومەت بێ یەکێک لەو سێ پێکهاتەیە پشێوی دروست دەکات، هەروەک لە 2005 بینیمان بێ سوننە عێراق پێکهات، بەڵام دواتر دۆخی ئەمنی عێراق تێکچوو جگە لە تەقینەوەکان چەندین گروپی تیرۆریستی دروستبوو بە گروپی داعشیشەوە، بۆیە ئێستاش دۆخی نێوخۆیی عێراق و هەرێمی و تەنانەت ئەمەریکاش ڕێگا نادەن کە حکومەتی نوێی عێراق بێ کورد پێکبهێنرێت. ”
”دادگای فیدراڵی ئەو ئەنجامانە پەسەند دەکات”
جگە لە ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن بەشێک لە لایەن و سەرکردە شیعەکان، هاوکات لەبەغدادی پایتەخت خۆپیشاندانی بەشێک لە لایەنگرانی ئەو لایەنانە ئەنجام دەدرێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکەن.
د.بەختیار شاوەیس بەدووری دەزانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێتەوە و دەشڵێت ”دادگای فیدراڵی ئەو ئەنجامانە پەسەند دەکات بۆیە ئەو بەرەیەش دێنە ژێر ئەمری واقیع بەڵام دوور نیە لە داهاتوودا کێشە بۆ حکومەتی عێراقی دروست بکەن لە ڕێگای خۆپیشاندانی جەماوەری یا پێکدادانی جەماوەری، بەتایبەت کە ئەم بەرەیە لە ئێرانەوە نزیکن. ”