هیمان تەحسین بەگ بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند“ لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەتایبەت ئەنجامە کۆتاییەکان، 1400 تانە لەو ئەنجامانە دراوە، 70 لەو تانانە قبوڵ کران. و بڕیاری کردنەوەی سندوقەکان درا، بە ئامادەبوونی ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ڕاگەیاندنەکان ئەو سندوقانە ئەژمار کرانەوە. “
بەڕێوەبەری گشتی لەفەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتیشی“ کۆمسیۆن وەک دەرفەتێک پاشکۆی تانە دانی- دا بە کاندیدەکان، ئەو پاشکۆی تانانەش لە دوێنێوە دەستکراوە بە وردبینی کردنیان بڕیارە لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەو تانانەش تەواو بکرێن. ، وە دوای ئەوە ئێمە وەک کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سەرجەم ئەو تانانە دەنێرین بۆ دەستەی دادی بۆ هەڵبژاردنەکان لە کۆمسیۆن و ئەوان لەگەڵ ئەنجامەکان سەیری دەکەن بەپێی یاسا دەبێت لە ماوەی دە ڕۆژدا ئەو دەستەیە کارەکانیان تەواو بکەن، دوای ئەوە ئێمەش ئەنجامەکان بەشێوەیەکی فەرمی دەنێرین بۆ دادگای فیدراڵی. “
لە کوردستان “ زۆرترین تانە لە شاری هەولێر تۆمارکراوە، لە شاری سلێمانی و دهۆکیش هیچ تانەیەک لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نەدراوە “
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، هیمان تەحسین بەگ ئەوەشی وت “ لە هەرێمی کوردستان زۆرترین تانە لە شاری هەولێر تۆمارکراوە، لە شاری سلێمانی و دهۆکیش هیچ تانەیەک لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نەدراوە. “
“هەموو ئەو بەڵگە و تانانەی ئاڕاستەی کۆمسیۆن کراون بەجدییەوە بەدواداچونیان بۆ کراوە“
لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بەشێک لە کاندیدە دەرنەچووەکانی هەڵبژاردن و لایەنە سیاسییە عێراقیەکان و کوردستانیەکان ڕایانگەیاند “چەندین بەڵگەیان لایە کە دەیسەلمێنێت ساختەکاری لەهەڵبژاردنەکان ئەنجامدراوە. “
ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمسیۆن دەڵێت “ هەموو ئەو بەڵگە و تانانەی ئاڕاستەی کۆمسیۆن کراون بەجدییەوە بەدواداچونیان بۆ کراوە، بڕیار دراوە بە ئەژماردنەوەی دەنگی ئەو سندوقانەی کە تانەکانیان لێدراوە، وە لیژنەیەکی چوار کەسی لە کۆمسیۆن پێکهات لەناو کۆمسیۆن بۆ ئەو بابەتە.“